وتار

بایكۆتچیەكان چیان چنیەوە!

9/21/2021 6:32:00 PM 111 جار خوێندراوەتەوە
فەرهەنگ خالید



باش دەزانیت بایكۆتی تۆ مەساحەی تەزویری فراوان كرد و ئەوانەی بەهێزتر كرد، كە تۆ بەهۆیەوە بێزار و توڕە بویت و جیاواز لەوەش ئەو ڕێگەیەشت بۆ خۆش كردن كە بە دڵی خۆیان و بۆ خۆیان نوێنەری تۆ بنێرن نەك بۆ تۆ.

لەبەر ئەوە كاتی ئەوەیە بیربكەیتەوە و پرسیار لە خۆت بكەیت چیت لە بایكۆت و دەنگ نەدان چنیوەتەوە؟ بەشێوەیەكی تر بایكۆتی چوار ساڵی ڕابردو بەرهەمی چی بو؟

گرنگە هاوڵاتی لانیكەم بۆ ئەو چوار ساڵەی كە دیاری كراوە كەمێ لەسەر ئەو مافە سیاسیەی خۆی بوەستێ كە دەنگدانە.

بەڵێ ئاشكرایە عێراق جیاواز لە هەر دەوڵەتێكی تر جگە لە هاوڵاتیەكانی لەسەر بڕیارە دەوڵەتی و هەرێمیەكان وەستاوە بەڵام بۆ ئێمەی كورد گرنگە دەنگوسەنگمان لە بەغدا هەمیشە بەرز و بڵند بێ كە ئەویش بۆ بەدەستهێنانی تەواوی مافە دەستوریەكانە.

لەبەر ئەوە كاتی ئەوە هاتوە نەك ئەوەی كە پێشتر بایكۆتی كردوە بەڵكو ئەوەش كە بە نیازی بایكۆتە بیر لە ئەنجامی بایكۆتچیەكان بكاتەوە كە چۆن دەسەڵاتی دەسەڵاتدارانیان بەهێزتركرد و نوێنەرەكانیان زیاتركردن.

 ئەوەش ڕاستە كە بایكۆتیش بڕیارە بەڵام دەركەوت بڕیارێكی گوێلێنەگیراوی حساب بۆ نەكراوە و لە بەرژەوەندی خاوەن هێز و دەسەڵاتەكانە. بۆیە هەمیشە بڕیاری دروست ئەنجامی بیركردنەوەیەكی قوڵ بوە.

 یاسای هەڵبژاردنی نوێ بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ ئەمجارە و لەم هەڵبژاردنە جیاوازترە، كە تیایدا پانتایی هەڵبژاردنی نوێنەری لە ئاستی پارێزگاوە بۆ قەزا و ناحیە و چەند گەڕەكێك بچوك كردوەتەوە و كە ئەمەش بۆ ئەوەیە تۆی دەنگدەر زیاتر تەركیز بكەیت و نزیك بی لە نوێنەرەكانت و باشتر دەستنیشانیان بكەیەت. گرنگە ئەوە بزانین بڕیاری دروست نوێنەری باش و كارامەی لێ بەرهەم دێ بە پێچەوانەشەوە دەنگ نەدانت زیانە بە خۆت و خەڵك بە گشتی، پاش تۆش نوێنەر هەر دیاری دەكرێ و بەناوی بازنەو شار و پارێزگاكەتەوە قسە ئەكا و گوێی لێ دەگیرێ.

بۆیە بایكۆت هیچ لە توڕەیی تۆ كەم ناكاتەوە بگرە زیاتر باری سەرشانی خۆت وهاوگەڕەك و هاوشاریانت قورستر ئەكا، هیلاك مەبە و بەشداربە لە هەڵبژاردنی نوێنەری خۆت و مەهێڵە دەنگت بە فیڕۆ بڕوات.

ئەوەش گرنگە بزانیت دەنگت بۆ كێیە؟ كەسێك بێ تەجروبەو توانای سیاسی هەبێ خاوەن تایبەتمەندی و كەسایەتی دامەزراو بێ و ئەهلی ئەو شار و گەڕەك و ناوچەیە بێ كە تۆی دەنگدەری لێیە .

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن

Advertisement