وتار

تورکمەنستان؛ بێلایەن لە گۆڕانکارییەکانی ئەفغانستان

9/16/2021 10:30:00 AM 213 جار خوێندراوەتەوە
د. محەمەد حسێن زادە


پێشەکی

دوای چوونەدەرەوەی هێزەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە ئەفغانستان و داڕووخانی خێرای حکومەتی پێشووی ئەو وڵاتە و دەسەڵاگرتنی تاڵیبان، وڵاتانی ناوچە و جیهان، کاردانەوەی جیاوازیان بەرانبەر ئەو ڕووداو و گۆڕانکاریانە هەبووە. هەندێ لە وڵاتانیش، لەوانە وڵاتانی دراوسێ تۆمەتبار کران بە دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی ئەو وڵاتە و پشتیوانیکردن لە چەکدارانی تاڵیبان. بەڵام لەو نێوەدا، کەمتر ناوی تورکمەنستان کە دراوسێ و هاوسنووری ئەفغانستانە و بێ گومان گۆڕانکارییەکانی کابوڵ کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر دادەنێن، دەبیسترێت.


 پێشتریش هیچ یەک لە حکومەتی پێشووی ئەفغانستان و تاڵیبان هەڵوێستێکی توندیان بەرانبەر عیشق ئاباد نەنواندووە. هۆکاری ئەوەش، لە لایەکەوە دەگەڕێتەوە بۆ ڕوانگە و ناوەڕۆکی تایبەتی سیاسەتی دەرەوەی تورکمەنستان سەبارەت بە ڕووداوەکان و بارودۆخی ناوخۆیی ئەفغانستان و لە لایەکی تروە بۆ پێویستی ئەفغانستان [بە چاوپۆشین لەوەی کام لایەن دەسەڵاتی بە دەستەوەیە] بە سەرچاوەکانی وزەی ئەو وڵاتە. بەڵام ڕوانگە و سیاسەتی تورکمەنستان سەبارەت بە ئەفغانستان چییە؟ من لەم کورتە نووسراوەیەدا، هەوڵ دەدەم بە کۆرتی تیشک بخەمە سەر ناوەڕۆکی بەرژوەندییەکانی تورکمەنستان لە ئەفغانستان کە بە پلەی یەکەم چۆنیەتی و شیوازی سیاسەتکردنی ئەو وڵاتە بەرامبەر ئەفغانستان دیاری دەکەن. بۆ ئەو مەبەستە، سەرەتا بە کۆرتی، ئاماژە بە پەیوەندییەکانی تورکمەنستان هەم لەگەڵ تاڵیبان و هەم حکومەتی پێشووی ئەفغانستان دەکەم.   


تورکمەنستان و تاڵیبان


تورکمەنستان کە ساڵی ١٩٩١، دوای هەڵوەشانەوەی ئیمپراتوریەتی سۆڤیەت سەربەخۆیی خۆی ڕاگەیاند، وڵاتێکی تا ڕادەیەک نوێ بە هەژمار دێت. ئەو وڵاتە ٧٤٤ کیلۆمەتر سنووری هاوبەشی لەگەڵ ئەفغانستان هەیە و لەگەڵ ویلایەتی بادغیسی ئەفغانستان هاوسنوورە. تورکمەنستان ئەفغانستان گرێ دەداتەوە بە کازاخستان، ڕووسیا و ئوکرانیاوە. بەپێچەوانەی زۆربەی وڵاتانی ناوچە، عیشق ئاباد و کابوڵ، لانیکەم تا ئێستا کێشە و گرفتێکی ئەوتۆیان سەبارەت بە سنوورە هاوبەشەکان و ئاوەکان نەبووە، گەرچی پێشبینی ئەوە دەکرێت لە ئەگەری سەقامگیری ئەفغانستان و جێگیربوونی دەسەڵاتێکی بەهێز و کارامە لە کابوڵ کە بتوانێ پلانێک بۆ سەرچاوە ئاوییەکانی وڵاتەکەی دابڕێژێت، پرسی ئاو و ڕووبارەکان دەتواننن کێشەخولقێن بن لە پەیوەندییەکانی ئەو دوو وڵاتەدا. بەڵام تا ئیستا، کێشەیەکی ئەوتۆ لە ئارادا نەبووە. ئەفغانستان یەکێک لەو وڵاتانە بوو کە هەر لە سەرەتاوە، بە فەرمی دانی بە سەربەخۆیی تورکمەنستاندا نا. عیشق ئابادیش لەو دەگمەن وڵاتانە بووە کە لانیکەم لە بەراورد لەگەڵ وڵاتانی تری دەوروبەری ئەفغانستان، دەستوەردانێکی تێکدەرانەی ئەوتۆی لە کاروباری ئەو وڵاتەدا نەکردووە. لە ڕاستیدا بەرپرسانی ئەو وڵاتە هەوڵیان داوە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ لایەنە جیاوازەکاندا ئاسایی و هاوسەنگ بێت. 



سەبارەت بە پەیوەندییەکان لەگەڵ تاڵیبان، گەرچی تورکمەنستان دوای دامەزرانی "ئیمارەتی ئیسلامی ئەفغانستان" لە لایەن تاڵیبانەوە لە دەیەی ١٩٩٠دا، سنوورەکانی خۆی هێدی هێدی لەگەڵ ئەو وڵاتە داخست، بەڵام پەیوەندییەکانی لەگەڵ تاڵیبان تا ڕادەیەکی زۆر ئاسایی بوون و هەڵوێستی دوژمنکارانە و توندی بەرامبەر تاڵیبان نەنواندووە. ئەوە لە کاتێکدایە کە لە نزیک سنوورەکانی ئەو وڵاتە لەگەڵ ئەفغانستان بەردەوام ناسەقامگیری و پێکدادان لە ئارادا بووە، تەنانەت هەندێ جار چەکدارانی تاڵیبان دزەیان کردووەتە ناو سنوورەکان و لەگەڵ سەربازانی ئەو وڵاتە تووشی تێکهەڵچوون بوون. بەگوێرەی زانیارییەکان، تەنیا لە ساڵی ١٩٩٥دا، زیاتر لە ٥٠ پێکدادانی چەکداری لە نزیک سنوورەکانی تورکمەنستان ڕوویان داو و نزیکەی ٨٠٠٠ هاووڵاتی ئەفغانستان بە هۆی شەڕ و ئاژاوەی ناوخۆیی پەنایان برد بۆ ئەو وڵاتە. سەرەرای ئەوە، سەفەر موراد نیازۆف، سەرۆکی ئەوکاتی تورکمەنستان، ئامادە نەبوو تاڵیبان وەکو مەترسی و هەڕەشەیەکی ئەمنی سەیر بکات. بگرە پەیوەندییەکانی لەگەڵ تاڵیبان نەپچڕاند. 



مانگی تەشرینی یەکەمی ١٩٩٦، ئەو کاتەی ڕابەرانی وڵاتانی ئاسیای ناوەندی و ڕووسیا کۆبوونەوەیەکی نائاساییان لە ئاڵماتی کازاخستان، بە مەبەستی گفتوگۆ و ڕاوێژکردن سەبارەت بە پەرەسەندنی دەسەڵاتی تاڵیبان لە ئەفغانستان و لێکەوتەکانی بۆ وڵاتانی ئاسیای ناوەندی بەڕێوە برد، نیازۆف ڕایگەیاند ئەوە پرسێکی ناوخۆیی ئەفغانستانە، بۆیە لەو کۆبوونەوەدا بەشداری نەکرد. تەنانەت لە کاتی هێرشی ئەمریکا بۆ سەر "ئیمارەتی ئیسلامی ئەفغانستان" دوای ڕووداوەکانی ١١ی سیپتەمبەر، تورکمەنستان نەبووە بەشێک لە هاوپەیمانێتی دژە تیرۆر بە سەرۆکایەتی ئەمریکا و لە ڕووی سەربازی و هەواڵگرییەوە یارمەتی وڵاتانی ڕۆژئاوای نەدا و تەنیا ڕێگای دا لە وڵاتەکەیەوە یارمەتی مرۆیی بگەیێننە ئەفغانستان. ئەوە لە کاتێکدا بوو کە بەپێچەوانەی شەڕی دواتری ئەمریکا لەگەڵ عێراق کە ناڕەزایی بەرفراوانی لێکەوتەوە، لە شەڕی ئەفغانستاندا دژایەتییەکی ئەوتۆی بڕیارەکەی ئەمریکا نەکرا و بگرە زۆربەی وڵاتان لەو هێرشە ڕازی بوون. ئەمارەتەکەی تاڵیبان کە تەنیا لە لایەن وڵاتانی سعوودیە، ئیمارات و پاکستانەوە بە فەرمی دانی پێدا نرابوو و زۆربەی وڵاتان پەیوەندییان لەگەڵ نەبوو، تۆمەتبار بوو بەوەی کە بکەرانی ڕووداوەکانی ١١ی سیپتەمبەری داڵدە داوە و بووەتە پەناگەی تیرۆریستان. تەنانەت ئەوەش گۆڕانکاری لە هەڵوێستی عیشق ئاباد درووست نەکرد. ئەو هەڵوێستەی عیشق ئاباد پێچەوانەی هەڵوێستی وڵاتانی ئاسیای ناوەندی بوو. لەو کاتەدا کەشی سیاسی نێودەوڵەتی بە جۆرێک بوو کە تەنانەت وڵاتێکی وەکو کۆماری ئیسلامی کە نەیاری ئەمریکا بە هەژمار دێت، یارمەتی واشنتۆن و ڕێکخراوی ناتۆی کرد بۆ هێرشبردن بۆ سەر تاڵیبان. 




پاش هێرشی ئەمریکا بۆ سەر تاڵیبان و داڕووخانی ئیمارەتەکەیان و دەسەڵاتگرتنی حکومەتی نوێی ئەو وڵاتە، تورکمەنستان هەوڵی دا هاوکات کە پەرە بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ حکومەتی ناوەندی ئەفغانستاندا دەدات، تەنانەت لەژێر ناوی "بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم" نەچێتە بەرەی دوژمنانی تاڵیبان. ڕەنگە ئەو هەڵویستەی عیشق ئاباد کاریگەری لەسەر بڕیاردەرانی تاڵیبان دانابێت، بۆیە هەم لە کاتی گفتوگۆکانیان لەگەڵ ئەمریکا لە دوحەی قەتەر و هەم دوای دەسەڵاتگرتنیان لە کابوڵ، بەرپرسانی تورکمەنستانیان دڵنیا کردەوە کە هەرگیز نابنە مەترسییەک بۆسەر بەرژوەندییەکانی ئەو وڵاتە. هەر لەو ئاراستەیەدا، ڕۆژی چوارشەممە ١ی ئابی ٢٠٢١، میدیاکان ڕایانگەیاند، وەزارەتی دەرەوەی تورکمەنستان جەختی کردووەتەوە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ تاڵیبان بەردەوامە و لەگەڵ نوێنەرانی تاڵیبان سەبارەت بە پرسە ئەمنییەکانی سەر سنوورەکان و کۆنتڕۆڵکردنی بارهەڵگرەکان گفتوگۆیان کردووە و هەر دوو خاڵی سەرسنور بە شیوەی ئاسایی درێژە بە چالاکییەکانیان دەدەن. ئەمە تەنیا تایبەت بە تاڵیبان نەبوو، حکومەتی پێشووی ئەفغانستانیش کێشە و گرفتی ئەوتۆی لەگەڵ تورکمەنستان نەبوو، بە پێچەوانەی کێشە و گرفتە فراوانەکانیان لەگەڵ وڵاتانێکی وەکو پاکستان و ئێران. 



تورکمەنستان و حکومەتی پێشووی ئەفغانستان


پێدەچێت لە بەراورد لەگەڵ وڵاتانی تری ئاسیای ناوەندی، تورکمەنستان پەیوەندی زیاتری لەگەڵ حکومەتی پێشووی ئەفغانستان هەبووبێت. ئەو پەیوەندیانە زیاتر لە بواری ئابووری و بازرگانیدا بوون. هەڵبەت ئەوە خواستی دوو لایەنەی کابوڵ و عیشق ئاباد بوو. بەرپرسانی ئەفغانستان، بە مەبەستی پەرەپێدانی زیاتر بەو جۆرە پەیوەندیانە، لە ماوەی ٢٠ ساڵی ڕابردوودا، چەندین جار سەردانی تورکمەنستانیان کرد و چەندین ڕێککەوتننامە و گرێبەستی جۆراوجۆریان بە تایبەت لە بواری وزە و گواستنەوەی نەوت و گاز لە خاکی ئەفغانستەنوە بۆ وڵاتانی تر واژۆ کرد. من دواتر دەگەڕێمەوە سەر ئەم بابەتە و بە وردی ئاماژە بە ئامانجەکانی تورکمەنستان لە واژۆکردنی ئەو گرێبەست و ڕێککەوتننامانە دەکەم. لێرەدا گرنگ و پیویستە ئاماژە بەو خاڵە بکەم کە حکومەتی پێشووی ئەفغانستان هەوڵی دەدا بە نزیکبوونەوە لە تورکمەنستان و بە تایبەت پەرەپێدان بە پەیوەندییە ئابوورییەکان لەگەڵ ئەو وڵاتە، وێڕای ئەوەی کە عیشق ئاباد بکاتە هاوپەیمانێک دژ بە تیرۆر و توندوتیژی، گەشە بە ویلایەتەکانی ڕۆژئاوا و باکووری وڵاتەکەیشی بدات، بۆ نموونە ویلایەتەکانی فاریاب، هەرات و بادغیس. هەروەها بە هۆی خاوەندارێتی سەرچاوە بەرفراوانەکانی نەوت و گاز و کارەبا، تورکمەنستان گرنگییەکی تایبەتی بۆ دەسەڵاتی پێشووی ئەفغانستان هەبوو.


 تورکمەنستانیش لەوە ڕازی بوو. قوربان قولی بیردی محەمەد ئۆف، سەرۆکی ئەو وڵاتە، ساڵی ٢٠١٥ سەردانی کابوڵی کرد و ڕایگەیاند، وڵاتەکەی لە بواری ئابووری و بازرگانیدا لەگەڵ کابوڵ هاوکاری دەکات، هەروەها باسی لەوە کرد بۆ بەرەنگاربوونەوەی قاچاخکردنی ماددە هۆشبەرەکان و توندڕۆیی و تیرۆریزم هاوکاریی ئەو وڵاتە دەکات. وەکو نموویەنەیەکی تر لە هەوڵەکانی ئەو وڵاتە بۆ پەرەپیدان بە هاوکارییەکان، ڕۆژی ١٥ی مانگی تەشرینی دووەمی ٢٠١٧، کۆنفڕانسی هاوکاریی ئابووری ناوچەیی بۆ ئەفغانستان، بە ئامادەبوونی وەزیرانی دەرەوە و وەزیرانی ئابووری زیاتر لە ٣٠ وڵات و نوێنەرانی ٢٥ ڕێکخراوەی هەرێمی و جیهانی لە عیشق ئابادی پایتەخت بەڕێوە چوو.


بەڵام چی وای کردبوو کە تورکمەنستان بتوانێت هاوکات کە پەرە بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ حکومەتی پێشووی ئەفغانستان دەدات، درێژە بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ تاڵیبانیش بدات؟ ئەوە پەیوەندی بە ئەولەوییەتەکانی سیاسەتی دەرەوەی عیشق ئاباد و ناوەڕۆکی بەرژوەندییەکانی ئەو وڵاتەوە هەیە. 


سیاسەت و بەرژوەندییەکانی تورکمەنستان لە ئەفغانستان


ئەوەی کە تورکمەنستان بەردەوام هەوڵی داوە خۆی ببوێرێت لە دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆیی ئەفغانستان و لە پەیوەندی نێوان حکومەتی پێشوو و تاڵیبان هاوسەنگییەک پێک بێنێت، ڕەنگە دوو هۆکاری سەرەکی هەبێت. ئەو هۆکارانە بریتین لە ستراتیژی "بێ¬لایەنی" لە دەرەوەی سنوورەکان وەکو ئەولەویەتی یەکەمی سیاسەتی دەرەوەی عیشق ئاباد و دووەم، ئەوەی کە ناوەڕۆکی بەرژوەندییەکانی عیشق ئاباد ئابووری و بازرگانی-تەوەرەن. 


سەبارەت بە سیاسەتی بێ¬لایەنی لە دەرەوەی سنوورەکان، پێویستە ئاماژە بەو خاڵە بکەم کە ئە سیاسەتە هەر دوای ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی، وەکو ئەولەویەتی عیشق ئاباد دەستنیشان کرا. ئەو سیاسەتە لە دەستووری ئەو وڵاتەدا ئاماژەی پێ کراوە و بەردەوام هەوڵی جێبەجێکردنی دراوە. سیاسەی بێ¬لایەنی تورکمەنستان، تەنانەت لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانیش لە ساڵی ١٩٩٥دا تۆمار کراوە. دیارە هەر وڵاتێک سیاسەتی بێ¬لایەنی بگرێتە بەر و بانگەشەی جێبەجێکردنی ئەو جۆرە سیاسەتە بکات، پێویستە لە شەڕ و پێکدادانی نێوان وڵاتانی جیهان بەشداری نەکات و پشتیوانی هیچ لایەنێک نەکات و هەروەها لە هاوپەیمانێتیەکاندا بەشدار نەبێت. بەدەر لەوە، لە لایەن کۆمەڵگەی نیودەوڵەتییەوە وەکو وڵاتی بێلایەن دانی پێدا نانرێت. لێرەوە دەردەکەوێت کە پاساوی ڕابەرانی تورکمەنستان بۆ بەشدارنەبوونی وڵاتەکەیان لە کۆبوونەوە نیودەوڵەتییەکان لە دژی تاڵیبان و تەنانەت هاوکاری نەکردن لەگەڵ ئەمریکا و هاوپەیمانان لە کاتی هێرش بۆ سەر ئەمارەتی ئیسلامی لە ساڵی ٢٠٠١، دەگەڕێتەوە بۆ ئەو سیاسەتە.


جگە لەوە، هۆکارێکی سەرەکی هەوڵەکانی عیشق ئاباد بۆ درووستکردنی هاوسەنگی لە پەیوەندییەکان لەگەڵ لایەنە جیاجیاکانی ئەفغانستان، پەیوەندی بە ناوەڕۆکی بەرژوەندییەکانی تورکمەنستانەوە هەیە کە زیاتر ئابووری تەوەرەن. واتە، تورکمەنستان زیاتر گرنگی بە بەرژوەندییە ئابوورییەکان دەدات. پیشتر ئاماژەم کرد لە نەوەدەکاندا، سەرەڕای توندوتیژییەکانی چەکدارانی تاڵیبان، نیازۆڤ ئامادە نەبوو وەکو هەڕەشەیەک پێناسەیان بکات و لە کۆبوونەوە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان لە دژی ئەمارەتی ئیسلامی بەشداری نەدەکرد. یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکان ئەوە بوو [ئێستاش هەیە] کە سەرچاوەی سەرەکی داهاتی تورکمەنستان هەناردەی وزە بۆ بازارەکانی جیهان بوو و یەکێک لە ڕێگا لەبار و گونجاوەکانی هەناردەکردنی گاز، ڕێگای ئەفغانستانە و ڕابەرانی ئەو وڵاتە دەرکیان بەوە کردووە. بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە تورکمەنستان ڕێگای بەسەر دەریا ئازادەکانەوە نییە، پێویستە لە ڕێگای وشکایی وزەی خۆی هەناردەی بازارەکان بکات. عیشق ئاباد تا ئێستا زیاتر پشتی بە ڕووسیا بەستووە، بەڵام دەیەوێت لە ڕێگای فرەچەشنکردنی ڕێگاکان و دۆزینەوەی ڕێگای نوێ، کۆتایی بە بەستراوەیی خۆی بە ڕووسیا بێنێت، ئەوە یەکێکە لە ئامانجەکانی ئەو وڵاتە. دیارە پێناسەکردنی تاڵیبان وەکو مەترسی و هەڕەشە لە لایەن عیشق ئابادەوە، کاریگەری لەسەر پلانەکانی داهاتووی ئەو وڵاتە دادەنێت. هەر لەو ئاراستەیەدا تورکمەنستان لە ساڵی ١٩٩٧ گرێبەستێکی لەگەڵ تاڵیبان و پاکستان دەربارەی گواستنەوەی گازی سرووشتی بۆ پاکستان واژۆ کرد، گەرچی بە هۆی دڵنیانەبوونەوە لە دۆخی ئەمنی و سەقاممگیری ئەفغانستان، هەرگیز جێبەجێ نەکرا. لە سەردەمی حکومەتی پێشووی ئەفغانستانیشدا هەمدیسان کار لەسەر ئەو پلانە کرا. سەرەتا لە ساڵی ٢٠٠٨، گرێبەستێک لە نیوان هندستان و تورکمەنستان ئیمزا کرا، بەپێی ئەو گرێبەستە، نیودەلهی بەڵێنی دا وێرای بەشداربوون لە بەرهەمهێنانی گازی سرووشتی تورکمەنستان، ئەو گازەی کە بەرهەم دێت لە ڕێگای ئەفغانستانەوە بگوازێتەوە. ١١ی سیپتەمبەری ٢٠١٠، ڕێککەوتنی کۆتایی بۆ جێبەجێکردنی ئەو پلانە لەژێر ناوی پرۆژەی تاپی (TAPI) [واتە هێڵی گازی تورکمەنستان، ئەفغانستان، پاکستان و هندستان] لە لایەن ئەو چوار وڵاتەوە واژۆ کرا. بڕیار بوو بە پێی ئەو پلانە، ئەفغانستان ساڵانە دووسەد ملیۆن دۆلاری پێبدرێت و نزیکەی ١٢ هەزار هەلی کار بۆ هاووڵاتیان بڕەخسێت، ئەوە جگە لە ٥٠٠ ملیۆن مەتری سێ جا گاز کە ئەفغانستان بۆ بەکارهێنانی ناوخۆیی وەری دەگرت. بە پێی پلانەکە، گازی تورکمەنستان لە ویلایەتەکانی هەرات، هیلمەند و قەندەهاری ئەفغانستانەوە دەگوازرێتەوە بۆ کوەیتەی پاکستان و دەرئەنجام لە شاری فازلکاری هیند کۆتایی دێت. واتە نزیکەی ٧٠٠ کیلۆمەتری لە ناو خاکی ئەفغانستانەوە تێپەڕ دەبێت. هەروەها بەشێک لەو پرۆژەیە دەربارەی گواستنەوەی کارەبایە لە تورکمنەستانەوە بۆ پاکستان. ئێستا دیار نییە دوای دەسەڵاتگرتنەوەی تاڵیبان چارەنووسی ئەو پرۆژە چی دەبێت، گەرچی پێشبینی دەکرێت بە هۆی پەیوەندی نزیکی نێوان پاکستان و تاڵیبان لە لایەکەوە و ئاساییبوونی پەیوەندییەکانی تاڵیبان و تورکمەنستان لە لایەکی ترەوە، هەروەها بە لەبەرچاوگرتنی پێداویستی کابوڵ بە نەوت و گاز و داهاتی ئەو پرۆژە، هەوڵەکان بۆ جێبەجێکردنی درێژەیان هەبێت. خاڵی گرنگ لێرەدا ئەوەیە کە هەم نیازۆف لە نەوەدەکاندا و هەم ڕابەرانی ئێستای ئەو وڵاتە، هەناردەکردنی وزە بە پرسێکی ئێجگار گرنگ دەزانن و زیاتر هەوڵی پەرەپیدان بە داهاتی خۆیان لە کەرتی وزە داوە. ئەوەش نەک هەر وای کردووە بەرپرسانی تورکمەنستان هەڵوێستی توند بەرانبەر تاڵیبان نەنوێنن، بەڵکو بەپێچەوانەوە بەردەوام هەوڵیان داوە پەیوەندییەکانیان نەپچڕێت. بە جۆرێک کە ئەو پەیوەندیانە لە چەند قۆناغێکدا، هەندێ لە وڵاتانی ناوچەی تووڕە کردووە. بۆ نموونە، لە کۆتاییەکانی دەیەی ١٩٩٠دا، ئەو سیاسەتەی تورکمنەستان بووە هۆی تێکچوونی پەیوەندییەکانی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی، تەنانەت تاران باڵوێزخانەی خۆی لە عیشق ئاباد بۆ ماوەیەک داخست. 


سەبارەت بە پەیوەندییە دوولایەنە بازرگانییەکان، ئەفغانستان پێویستی بە وزەی ئەو وڵاتە هەبووە و تورکمەنستان زیاتر لە هەر وڵاتێکی تر نەوت و گازی هەناردەی ئەفغانستان کردووە و پێداویستییەکانی ئەو وڵاتەی دابین کردووە. دوو بەندەری تورغوندی لە هەرات و ئاقینە لە ویلایەتی فاریاب، شوێنی گواستنەوەی کاڵا بازرگانییەکانی دوو وڵاتن. جگە لە وزە کە پێشتر ئاماژەمان پێدا، تورکمەنستان بە ڕێژەیەکی زۆر کەلوپەلی بیناسازی و ماددە خۆراکییەکانی بۆ ئەفغانستان هەناردە کردووە. هەروەها بەشێک لە کاڵاکانی تورکیا و ئەورووپا لە ڕێگای تورکمەنستانەوە هەناردەی ئەفغانستان دەکرێن. 


کەوابوو، ئێستا ڕوونە بۆچی تورکمەنستان هاوکات کە پەیوەندی باشی لەگەڵ حکوومەتی ئەفغانستان هەبوو، هەرگیز تاڵیبانیشی پشتگوێ نەدەخست و تەنانەت پێش داڕووخانی دەسەڵاتی پێشوویش، میوانداری لە شاندی نوێنەرایەتی تاڵیبان دەکرد. 

ئەنجام


تورکمەنستان لە بەراورد لەگەڵ دراوسێکانی تری ئەفغانستان، لە کێشە و پێکدادانە ناوخۆییەکانی ئەو وڵاتەدا، بێ لایەنتر بووە. هەڵبەت ئەو بێ¬لایەنییە بە واتای گۆشەگری و خۆگێلکردن لە ڕووداوەکانی ئەو وڵاتە نەبووە، بەپێچەوانەوە تورکمنستان بەردەوام و بە وردی چاودێری شانۆی سیاسی ئەفغانستانی کردووە. عیشق ئاباد لە بیست ساڵی رابردوودا هەوڵی دا پەرە بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ حکومەتی ناوەندی ئەفغانستان بدات، بەڵام هاوکات نە بووە دوژمنی تاڵیبان و نە پشتگوێی خست. گوتمان، هۆکاری سەرەکی ئەمجۆرە سیاسەتە پەیوەندی تەنگاوتەنگی لەگەڵ سیاسەتی بێ¬لایەنی وەکو ئەولەویەتی سەرەکی سیاسەتی دەرەوەی تورکمەنستان و هەروەها ئابووری-تەوەری و قورسایی بەرژوەندییە بازرگانییەکانی ئەو وڵاتە لە ئەفغانستاندا هەیە. ئەفغانستان نەک هەر خۆی بازارێکی باشە بۆ سەرچاوەکانی نەوت و گاز و کارەبای تورکمەنستان، بەڵکو ڕێگایەکی باشیشە بۆ گواستنەوەی سەرچاوەکانی وزەی ئەو وڵاتە بۆ وڵاتانی تر. ئەوە سیاسەتێکی واقیعبینانە و گونجاو بووە، بۆیە پێدەچێت بەرژوەندییەکانی عیشق ئاباد دوای گۆڕانکارییەکانی ئەم دواییانەی ئەفغانستان، بە شیوەیەکی ئەوتۆ نەکەونە مەترسییەوە و بەرپرسانی ئەو وڵاتە هەست بە هەڕەشەیەکی ئەوتۆ لەسەر خۆیان ناکەن. بە تایبەت کە تورکمەنستان لە بەراورد لەگەڵ وڵاتانی تری ئاسیای ناوەندی، بە شیوەیەکی ئەوتۆ مەترسی توندڕۆیی ئایینی لەسەر نییە. هەموو ئەوانە نیشانەی باش و هیوابەخشن بۆ عیشق ئاباد، بەڵام ئەوە بە واتای دڵنیایی لە داهاتوو نییە. هەر ئێستا دەبینین کە ئەو وڵاتە، ژمارەیەکی زۆر چەک و کەلوپەلی سەربازی رەوانەی سنوورەکان کردووە، هۆکارەکەی ئەوەیە کە هیچ کەس ناتوانێ بە دڵنیاییەوە پێشبینی داهاتووی ئەفغانستان بکات یان تەنانەت پێشبینی ئەوە بکات دەسەڵاتدارێتی ئەمجارەی تاڵیبان چۆن و بە چ شێوازێک دەبێت. 

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن