وتار

ئۆپۆزیسیۆنی بێ ددان!

9/1/2021 6:30:00 PM 240 جار خوێندراوەتەوە
ئارام سەعید

لەهەرێمی کوردستاندا لەدوای راپەرینەوە بەردەوام نارەزایەتی هەبوە و هێزی ئۆپۆزیسیۆن هەبوە، میدیای ئازاد، رێکخراوی مەدەنی، بەڵام هیچ کات ئەو هێزانە نەبونەتە هەرەشەی جیدی بۆ دەسەڵات و کورسی نەلەرزاندون، بەدروستبونیی بزوتنەوەی گۆڕان جۆرێک لە ئۆپۆزیسیۆن سەریهەڵدا کە بەرنامەو پلانی هەبوو بۆ حوکمڕانیی و گۆڕینی دەسەڵات لەهەرێمدا، خەڵک بڕوای وابوو گۆڕانکاری دەکرێت! بەتایبەتی پاش هاوپەیمانی بەستن لەگەڵ هێزە ئیسلامیەکاندا ترسی گەورە لای دەسەڵات دروست بوو لەسەر گۆڕانکاری، پێشتر ئەو نارەزایی و ئۆپۆزیسیۆنەی هەبوو ترسی لای دەسەڵات دروست نەکردبوو، وهەرەشە نەبوون بۆ کورسیەکانیان.  

ئۆپۆزیسیۆن کاتێک حەقیقیە کە هەرەشەی کرداری بێت بۆ کورسی دەسەڵات، ئۆپۆزیسیۆن کیانێکە کەبەرنامەی هەیە بۆگەیشتن بەدەسەڵات هەربۆیە بەردەوام لە ململانێی و ناکۆکی بەردەوامدایە لەگەڵ دەسەڵات بۆگۆرینی و گەیشتنی کیانەکەی خۆی بەدەسەڵات، پاش ئەوەی گۆڕان و هێزەکانی ترچونە ناو حکومەت هێشتا زۆرێک لەخەڵک ئومێدیان هەبوو کەقورساییەک دروست بکەن بۆ گۆرانکاری، بەڵام شکست وپاشەکشێی بەشداریان لە حکومەت ئاکامی خراپی لێکەوتەوە، دواتر کشانەوەیان لە حکومەت یەکجارەکی نەبوو، لە حکومەت کشایەوەو لە دەسەڵاتی خۆجێی مایەوە، بەمەش نەریتێکی دروستکرد کە نە دەسەڵات و نە ئۆپۆزیسیۆنە، دواتر ئەم سیاسەتە بوە ستراتیژێک حزبەکانی تری ئۆپۆزیسیۆن واتە ئیسلامیەکانیش بەهەمان شێوە کاریان کرد و ئیتر مانایەک بۆ ئۆپۆزیسیۆن بوون نەمایەوە. نەریتێک دروستبوو لە شار پارێزگار و قائمقام و بەرێوەبەری ناحیە بن و لە پارلەمان ئۆپۆزیسیۆن.

 ئەوبانگەشەیەی دەیانکرد کەگوایە ئۆپۆزیسیۆنن و نوێنەرایەتی خەڵک دەکەن جێی بڕوا نەما و بوە وەهم، لەبەرئەوەی بوون بە ئۆپۆزیسیۆنێکی بێ ددان- Tame Oppositionئۆپۆزیسیۆنی رامکراو -، کەئیتر بەشێک نین لەبڕیاردان و پێویستیان بەحزبەکانی دەسەڵاتە بۆدابینکردنی داراییان، هەروەها بۆشەرعیەتی سیاسیان چونکە مۆڵەتیان بەدەست حزبەکانی دەسەڵاتە و کەی بیانەوێت لەرووی قەزاییەوە تەنگیان پێ هەڵدەچنن، کەواتە دەبێت یەکەم شت کەبیکەن ئەوەیە حزبەکانی دەسەڵات و سەرۆکەکانیان لێیان رازی بن تا وجودیان یاسایی بێت. هەربۆیە لەوبازنەیەدا ئەسوڕینەوە کەدەسەڵات بۆیان دەستنیشان دەکات، ئەندامەکانیان لەپارلەمان هەموو پاداشتێکیان وەردەگرن،وەزیرەکانیان هەموو ئیمتیازێکیان هەیە بەڵام دەسەڵاتیان نادرێتێ! ئەوکاتەش ململانێکە لەجیاتی بۆ گرتنەدەستی دەسەڵات بێت لەلایەن ئۆپۆزیسیۆنەوە دەبێتە پاشکۆیەتی بۆ دەسەڵات... چونکە کێبڕکێ ناکەن بۆگرتنە دەستی دەسەلات بەڵکو وەک زارتمان وەسفی دەکات " دەبنە هاوکاری ستەمکار نەک هەرەشە بۆسەر ستەمکار." 

دەرئەنجام کار گەیشتە ئەوەی سەرۆک بارزانی بڵیت "لێیان گەڕێن با هەڵپەڕن" وەک چۆن حوسنی موبارەک لەهەڵبژاردنی بەر لەشۆڕشی میسر بە ئۆپۆزیسیۆنی دەگووت "لێیان گەڕێن با خۆیان بخافڵێنن" بەمەش نەک ئۆپۆزیسیۆن بوە هێزیکی دەستەمۆ بەڵکو بوە مایەی بێ ئومێدی گەورە، ئەوەی مەلا بەختیار ووتی "ئەگەر یەک کورسیش بێنین هەر ئێمە دەسەڵاتین" راشکاوانەیە چونکە ئەوەی حوکم دەکات حزبە و دامەزراواەکانی حکومەت و پارلەمان و قەزایی لەخوار حزبەوەن، کوردستان لە قۆناغی بەر لە دروستبونی حکومەت و دەوڵەتدایە، ئیتر ئۆپۆزیسیۆن دەکەوێتە کوێی ئەم سیستمەوە؟...  

سەرەڕای ئەم بێ ئومێدیە گەورەیە، ئەمە مانای ئەوەناگەیەنیت کە گۆڕانکاری رونادات لەسایەی ئەم سیستمەدا، پرسیاری سەرەکی ئەوەیە ئایا لەهەرێمی کوردستاندا جارێکی ترهێزێک دروست دەبێت کە بتوانێت ئەو شۆکە بۆ دەسەڵات دروست بکات و سەرکەوتنێک تۆماربکات کە کاریگەری لەسەر گۆڕینی حکومەت هەبێت، وەک چۆن لەئەزمونی چەندین وڵاتدا ئۆپۆزیسیۆن دەسەڵاتی لەرزاندوەو حکومەتی گۆڕیوە لەوانە ساڵی ١٩٨٩ لە پۆڵەندا ، لە مەکسیک ٢٠٠٠ ، کینیا ٢٠٠٢، مالیزیا ٢٠١٨...

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن