103وتار

بیرەوەری.. مام جەلال لەسلێمانیەوە بەرەو بەغداد-2003

11/25/2024 11:13:00 AM
ئارام سەعید

لەدوای روخانی سەدام و ئازادبونی گەلانی عیراق لەدەستی دیکتاتۆریەت بەچەند رۆژێک، گەشتی مام جەلال بۆ بەغداد دەستیپێکرد. خەونێکی گەورەمان هەبوو بچینە بەغدادو بێ سەدام بیبینین. ئەم خەونە بەتەنها لای ئێمە نەبوو، بەڵکو سیاسیەکانیش بەئومێدەوە ئەیانڕوانیە ئەو رۆژەو خۆشحاڵی بەسیمای هەموانەوە دیاربوو.

خەونی مام جەلال جیاواز بوو، ئەو دەیزانی کارەکانی ئەو لەدوای رزگاربون لەسەدام دەست پێدەکات، بەحوکمی ئەوەی مام جەلال سەرەرای کوردستانی بونیی قوڵاییەکی عەرەبی و عێراقی هەبوو، لەناوەندە عەرەبی وعیراقیەکان وناوچەکە ناسرابوو، لەساڵانی هەشتاکان  و نەوەدەکاندا پەیوەندی نهێنی هەبوو لەگەڵ کۆمەڵێک ئەفسەر و پلەداری ناوخۆی بەغداو سیاسیەکانی ناوەوەو دەرەوەی عێراق، بەشێکی زۆری ئەوانە لەریگەی رێکخستنی بەغدادی ی.ن.ک ەوە رێک دەخران کەئەوکاتەی دوکتۆر خەسرەو گوڵ محەمەد زیندان بوو لە بەغدا دکتۆر فوئاد مەعسوم سەرپەرشتی رێکخستنی بەغدادی دەکرد، لەدوای راپەرین بە گۆڕینەوە و دیل بە دیل ئازاد کرا و ئیتر دوکتۆر خەسرەو لە سلێمانیەوە سەرپەرشتی رێکخستنی بەغدای دەکرد. 

سەرەرای ئەوەش مام جەلال لەحەفتاکانی سەدەی رابردوەوە لەلوبنان و میسر و سوریا پەیوەندی سیاسی هەبوە.

مەبەستم لەو پێشەکیە ئەوەبوو کەمام جەلال بۆ بەغدایەک دەرۆیشت کەلەوێ سیاسی و خەلکانێکی زۆری شیوعی و قەومییەکان و عەشائیر و رۆشنبیر  دەیانناسی ودەیانویست بیبینن، بەحوکمی نزیکیشی لەئەمریکیەکان و ئیران و سەرکردەکانی شیعەوە، ئاگاداری سەرجەم جموجۆڵە نێودەوڵەتی و هەرێمی وناوخۆییەکان بوو. شارەکانی ناوەراست و باشوور تەواو شێوابوون، تەنها سوپای ئەمریکی حوکمی دەکرد و ئەوکات ژەنرال جەی گارنەر حاکمی عیراق بوو. 

کاروانی ئوتومبیلەکانی مام جەلال کە لە سلێمانیەوە بەڕێکەوت کەئوتومبیلی ئەمریکی هەبوو لە کاروانەکەدا و پەیوەندی راستەوخۆیان بەفرۆکەکانەوە هەبوو لە ئاسماندا بۆ پاراستنی کاروانەکە، جگە لەیاوەرەانی مام جەلال تیمی تەواوی راگەیاندنی ی.ن.ک و کوردسات لە کاروانەکەدا بوو بە هەموو ئامێرەکانی تەلەفزیۆن و رادیۆو سەتەلایتەوە و کادری رۆژنامەوانی و تەکنیکی و کەرەستەکانیان.  

سوپای ئەمریکا هێشتا هەر مارینز مابونەوە کەدواتر گۆڕا بۆ پۆلیسی سەربازی ئەمریکی، مارێنز زۆر توندبون و مامەڵەیەکی خراپیان دەکرد و هەموانیان بە دوژمن سەیر دەکرد، سڵیان لەهیچ نەدەکردەوە و هامەرەکانیان و تانک و زریپۆشەکانیان بەسەر شۆستەو ناوراستی شەقام رێیان دەکرد و ئەگەر رێگایان نەبوایە خۆیان دەکێشا بە ئوتومبیلەکاندا بۆئەوەی رێگا بۆخۆیان بکەنەوە، کەس بۆی نەبوو لێیان نزیک بکەوێتەوەو لە ئوتومبیلە سەربازیەکانیان نوسرابوو سەد مەتر دەبێت دووربیت لێیانەوە.  

لەبەغداد ئەو شوێنانەی دۆستی ئەمریکی لێ نیشتەجێ بوایە مارێنز جی پی ئێس یان لابوو کە پشکنین یان هەڵمەتێکیان دەکرد لەناوچەیەک یان گەرەکێک  ئەو شوێنانەیان نەدەکردە ئامانج کەجی پی ئێسیان هەبوو، و پشکنیان بۆ نەدەکرد، بۆ نمونە کە ئێمە ئۆفیسی کوردساتمان لە گەرەکی ئەعزەمیە بوو لەنزیک گۆڕستانی پادشای عێراق، ئەوکاتەی دەچونە سەر شوێنەکان پشکنیان دەکرد خانوەکەی ئێمەیان تێدەپەڕاند کە خانوەکەی ئێمە پێشمەرگەی تێدابوو بەچەکەوە. ناوچەی سەوز کە کۆشکی سەدامی تیدایە هێشتا رێگەپێدراو نەبوو مەدەنی و سیاسیە عیراقیەکان مەگەر خۆیان کاتیان بۆسیاسیەک دابنایە و ئەویش بەپشکنین و رێوشوێنەکانیان هەراسانیان دەکرد.

مام جەلال کە گەیشتە بەغداد لە گەرەکی مەنسور خانویەکی بۆ دابین کرابوو کە دەگوترا خانوی عەبد حەمود بووە کە هاوەڵی سەرەکی سەدام حسێن بوو، خانویەکی رێک وپێک بوو، هەرلەوێش خەڵکی دەبینی و کۆبونەوەو کارەکانی رادەپەڕاند بەرلەوەی بگوازێتەوە بۆ خانوەکەی بەرزان تکریتی. 
ئەوکات گرفتی سەرەکی بەغداد پەیوەندی کردن  و خۆ رێکخستنی هێزەکانی سوننە وشیعە بوو، مام جەلال لەو خانوەدا ژمارەیەکی زۆر تەلەفونی سورەیای لەگەڵ خۆی هێنابوو کەهەر لەناو کارتۆنەکاندا بوون لەخانوکەدا ولەژێر قادرمەکانی کەدەچوە قاتی سەرەوە دانرابوون. سورەییا تەلەفونێکی تایبەتی سەتەلایتیە و دەبێت لەشوینی کراوە قسەی پێ بکەیت یان ئارێلی بۆ دابنرێت، نرخی یەکەی قسەکردنیشی گران بوو. سەرەرای ئەوەش مام جەلال پارەیەکی زۆری هێنابوو بۆهاوکاریکردنی ئەو سیاسیانەو ئەوانەی دۆستی خۆی بون لەسیاسەتدا دەیناسین و رێکخستنەوەیان. خەتی تەلەفون نەمابو ئەوەش کێشەیەکی گەورە بوو چونکە هێشتا مۆبایل لەوێ نەبوو هێڵی ئاسیا وکۆڕەکیش لەوناوچانە نەبوون. 

رۆژانە دەمانبینی زۆر لەو سەرکردانەی کە دواتر بونە ئەندامی ئەنجومەنی حوکم و ئۆپۆزیسیۆن ودەسەڵات دەهاتنە لای مام جەلال و راوێژیان دەکرد کە چۆن خۆیان رێک بخەنەوە و ئەویش تەلەفونی سورەیای بەهەمویان دەداو پەیوەندیەکانی بەهەمویانەوە رێکخست و بەشێکی زۆر لەسەرۆک عەشیرەتەکانی دەبینی و ئەفسەری باڵاو سەرکردەکانی شیعە، جگە لەوەی دواتر فەیلیەکانی ناو یەکێتی رۆڵی گەورەیان هەبوو لەوانە عادل مورادی خوالێخۆشبوو، سەعدون فەیلی، خوالێخۆشبوان کوردۆ قاسم، عەبدولرەزاق فەیلی...هتد 

 ئێستا کە ئەورۆژانە یاد دەکەینەوە و ئەو کەسێتی و خەلکانەی دەهاتنە ئەو خانوەی مەنسور دەیانبینین دەزانین کە نەخشەڕێگا بۆ حوکمڕانیی عێراق لەو خانوەوە دەستی پێکرد، چونکە هەر لەوێ لەئەنجامی گفتوگۆکان لیژنەیەک پێکهێنرا لەپێنج ئەندام کە بریتی بون لە جەلال تاڵەبانى، مەسعود بارزانى ، عەبدولعەزیز حەکیم، ئەحمەد چەلەبى، ئەیاد عەلاوى، کە دواتر لەسەر داوای مام جەلال لیژنەکەش فراوانتر کرا و نەسیر چادرچی بۆ زیادکرا و هێشتا زۆریان لەلیژنەکە لەبەغداد نەبوون، ئەوەش بوە بناغەیەکی گرنگ بۆ حوکمڕانی لەعیراقی نوێی دوای سەدام.


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن