جەژنانە
7/20/2021 9:35:00 PM
پەیکار عوسمان
مرۆڤ و مانا دووانەن. نە مرۆڤ بێ مانا
ئەیکرێ و نە مانا بێ مرۆڤ ئەیکرێ. ڕەنگە جیاوازی مرۆڤ و بوونەوەرەکانی تر، هەر ئەوەبێ
کە بۆ مرۆڤ، تەنیا "بوون" بەس نیەو ئەبێ ماناش هەبێ و "بوون و
مانا" پێکەوە ئەبنە ژیان. بەڵام بۆ بوونەوەرەکانی تر، تەنیا "بوون"
کافییەو مانا پێویست نیە. بەردێك و دارێك و پشیلەیەك، هەر بە "بوون" ئەژین
و پێویستیان بە حیکایەت نیە. بەڵام مرۆڤ بە بێ حیکایەت ناژی و حەقیقەتیش نەبێ، بە
وەهم ئەیژەنێ، بەس نەکەوێتە بۆشایی ماناوە!
ئەم کەڵکەڵەی مانایەش، ئیتر ئەمانبا بەرەو
ئەوەی کە لە ڕێگەی زانستەوە، مانا مادییەکان بدۆزینەوەو لە ڕێگەی فەلسەفەوە، مانا
فیکرییەکان دابهێنین و لەڕێگەی ئایینەوە مانا ڕۆحییەکان وەرئەگرین و لەڕێگەی هونەریشەوە
ئەوە بڵێین کە ناوترێ.. تەنانەت پووچگەراییش، هەر چیرۆكێکەو هەر گەڕان بۆ مانا، هەنێکمانی
گەیاندوە بەوێ و بە ئایدۆلۆژیای هیچ!
ئەم تینوێتییەش بۆ مانا، ئەگەر بەشێکی
بۆ وەڵامی پرسیارە وجودییەکان بێت، بەشەکەی تری بۆ وەڵامی پرسیارە ئەخلاقییەکانە. یەعنی
مرۆڤبوون دوو بەشە، بەشێکی چوونە دەرەوەو کەشفکردن و زانینی دنیای دەرەوەیە. بەشەکەی
تری هاتنە ناوەوەو ناسینی خۆتە وەکو بوونەوەرێکی فەزیلەتمەندو بەرپرسیار.
مادام دینیش مانای هێناوەو وەڵامی پرسە
وجودی و ئەخلاقییەکانی پێیە، کەواتە بێمانایی و نائەخلاقییەت ناکرێ دینبێ. ئەمەش پێوەرێکی
باشە بۆ جیاکردنەوەی ئەوەی کە دینە، لەوەی کە کراوە بە دین!
لە هاوکێشەی مرۆڤ و مانادا، فەهمی مرۆڤ
گەشەی زۆری کردووەو بە فەهمی ئێستای مرۆڤیش، "قوربانیی" ناکرێ دین بێت.
چونکە هەم بێمانیی و هەم نائەخلاقیەتیشی تێدایە. ئەکرێ شتەکە تقوسی دینێکی وەثەنی
لۆکاڵی بێت و سەر بە فەهمی کۆنی مرۆڤ بێت، بەڵام ناکرێ هی فەهمی ئێستای مرۆڤ و هی
خودایەکی گەردوونی بێت، کە هەم چاکەی ڕەهایەو هەمیش بێ نیازە. ئەکرێ ئەم فۆڕمە لە
قوربانیی، لە سەردەمێکدا مانایەکی هەبووبێ، بەڵام دواتر ماناکەی نەماوەو فۆڕمەکەی
تەقدیس کراوە. دەی بێ ماناییەکەش هەر ئەمەیە، چونکە تەقدیسی فۆڕمی شتێك، ماناکەی ئەخاتە
پەراوێزەوەو لە وەسیلەوە ئەیکات بە ئامانج، ئەمەش ئەیباتە ناو نائەخلاقییەت!
ئەگەر قوربانیی لە جەوهەردا مانایەکیشی
مابێت، فۆڕمەکەی بێماناو نائەخلاقییەو ئەبێ بگۆڕدرێت. یەعنی کە تۆ لە شارێکدا قەسابخانەت
هەیە، ئەکرێ حەیوانەکان لەوێ سەربڕدرێن و گۆشتەکە بە پاکی و بە ئامادەیی بگاتە دەستی
تۆو تەنیا تەوزیعیکەیت، نەك ئەوەی ماڵ و کۆڵانەکان بکەین بە قەسابخانەو جۆگەلەی خوێن،
کە ئەمە جگە لە زیانی تەندروستی و نەفسی و پیسکردن، دیمەنێکی تەواو نائەخلاقییشە بە
فەهم و ئەخلاقی ئێستای مرۆڤ!
بۆ ئەوەی حەساسیەتی ئایدۆلۆژی دروست نەبێ،
با لە باسی قوربانییەوە بچین بۆ باسی "کیتۆ". برادەرێك وتی کۆمێنتت چیە
لەسەر کیتۆ. زۆر بەسادەیی وتم: ئەگەر کیتۆ ئەوەبێ کە وەکو گورگ بەس گۆشت بخۆیت و
دایمە دان و کەڵبەت لە خوێن و گۆشتابێت، ئەوە سیستەمێکی تەواو نائەخلاقییە. چونکە
گەڕانەوەی سفرەو خوانی مرۆڤە، بۆ قۆناغی جەنگەڵ و بۆ پێش دۆزینەوەی دانەوێڵەو
چاندن!
ئەخلاق ڕێژەیی نیەو لە هەموو کات و شوێنێکدا،
چاکبوون هەر چاکبوونە. بەڵام بە کشانی فەهمی مرۆڤ، مرۆڤبوونیش ئەکشێ و ئیتر تۆ لەناو
خۆتدا، ناوچەی ئەخلاقیی نوێ ئەدۆزیتەوە، کە دۆزیشتەوە، ئیتر بەرامبەری بەرپرسیاریت
و ناتوانێ خۆتی لێگێلکەیت. ئا لێرەشەوە دەنگێك
لەناوەوەی خۆتەوە پێتئەڵێ، کاتێ کە مرۆڤ، دوای ملیۆنان ساڵ، گەیشتە قۆناغی فرەخۆریی،
نابێ بگەڕێتەوە بۆ گورگایەتی و "تەنیا گۆشتخۆریی"!
کاتێ کە مرۆڤی سەرەتایی دەستی کرد بە گۆشتخواردن،
لاسایی ئاژەڵە دڕندەکانی کردەوە، بەڵام مرۆڤ تەنیا ئاژەڵێکی لاساییکەرەوە نیە، بەڵکو
داهێنەریشەو ئەتوانێ ئەگەرەکانی بەردەمی خۆی فراوان بکات. (کێشەم لەگەڵ گۆشتخواردن
نیەو خۆم چاکی ئەخۆم) کێشەکەم لەگەڵ "تەنیا گۆشتخۆرییە"و ئا لێرەوە کیتۆ
ناچی بە عەقڵما. ئاخر گورگ دیلی سروشتی خۆیەتی و ناتوانێ سفرەی خۆی بگۆڕێت، بەڵام
مرۆڤ کە ئاگاو ئازادەو ئەتوانێ فرەییخۆربێ و ڕووەکخۆربێ، ئیتر "تەنیا گۆشخۆریی"
بێمانایەو کێشەی ئەخلاقی تێدایە.
ئەگەر دین یەکێ لە سەرچاوەکانی مرۆڤە بۆ
دەستکەوتنی مانا، کەواتە مرۆڤی دینیی، ئەبێ لە هەموو کەس هەستیارتربێ بەرامبەر بێمانایی.
ئەگەر دین سەرچاوەیەکی وەڵامدانەوەی پرسیارە ئەخلاقییەکانبێ، ئەبێ مرۆڤی دینیی لە
هەموو کەس وریاتربێ لەوەی کە نەکەوێتە گۆشەیەکەوە، کە نیشانەی پرسیاری ئەخلاق و فەزیلەتی
لەسەر بێت!
یەعنی لەڕاستیدا بێمانییەکانی ناو
چوارچێوەی دین، ئەبێ دینییەکان خۆیان بیخەنە بەر نەشتەر، نەك خەڵکی ترو دژەدینەکان.
یەعنی ئەگەر تۆ، دین وەکو سەرچاوەیەکی ماناو ئەخلاق بناسیت، ئیتر پاککردنەوەو
کسکدانی ماڵەکە لە شتی بێماناو نائەخلاقیی، کاری تۆیە نەك هی کەسێکی دەرەوەی ماڵەکە.
لەڕاستیدا کارە ڕاستەقینەکەی مرۆڤی دیندار، ڕەخنەی دینییە، نەك شەڕو بەرگری دینیی.
ماڵەکە بە ڕەخنەو بیرکردنەوە ئەپارێزرێ نەك بە دەمارگیریی ئایدۆلۆژیی. یەعنی ئەگەر
دین، عەقڵی بیرکەرەوەو ڕەخنەیی بۆ دروستکردی، ئیتر تۆ لەسەر ڕێگا گەردوونییەکەی ئیبراهیمیت
و ئەگەریش عەقڵی شەڕو ڕق و بەرگری کوێرانەی بۆ دروستکردی، ئەوە لەسەر دینی کاهینەکەی
گەڕەکی خۆتانیت!
کێشەکە ئەوەیە تەقدیسی قوربانیی، ڕەبت
ئەکرێتەوە بە ئیبراهیمەوە، لەکاتێکا ئیبراهیم ڕەمزی پرسیارو گومان و گفتوگۆو هۆشیاری
ئینسانەو ناکرێ شتێکی ناعەقڵانی بلکێنرێ بەوەوە!
قورئان ئەڵێ من تبیانی هەموو شتێکم، لەولاشەوە
تۆپەکە ئەخاتەوە ساحەی خۆت و بەردەوام داوای تەعەقول و تەفەکورت لێ ئەکا. یەعنی تبیانی
هەموو شتێك بە قورئانیشەوە، لەناو عەقڵ و بیرکردنەوەی خۆتدایەو تۆ کە بیرناکەیتەوە،
ئیتر حەقیقەتی ناو قورئان و دەرەوەی قورئان، بە تۆ چی؟
جەژن لەوێدا کە شتێکی دینییەو هەڵگری
مانایەکی ڕۆحانیی و ئارامبەخشە، سەر سەرمان. لەوێشدا کە شتێکی کۆمەڵایەتییەو مایەی
خۆشی و خۆشەویستی خەڵکەکانە، ئەویش بان چاو. بەڵام لەوێدا کە شتێکی تەواو ناڕۆحی و
نائینسانی و ناخواییە، ئەوەیان بۆ جەهەنەم. شتێك کە خودایی بوو، ئیتر گەردوونییشەو
لەوێدا ژیانی بەشێکی زیندەوەران لەسەر حسابی مەرگی بەشێکی تری زیندەوەران نیە،
چونکە خودا خودای هەموویەتی. ناکرێ شتێك خوایی بێت و مانایەکی بەرزی ڕۆحی و ئینسانیی
تێدا نەبێت، دەی قوربانیی تێیدانییە، خۆ بە زۆر نیە!
کاتێکیش کە بە زۆر بیلکێنیت بە خوداوە،
ئیتر ئەوە هەر پێشێلی ئەخلاقیەت و عەقڵانیەتی ئێستای ئینسان نیە، هەر پێشێلی دەروون
و دنیای ناوەوەو هەر پێشێلی ژینگەو دنیای دەرەوە نیە، بەڵکو پێشێلی دینیشەو گرگنیی
و قەزەمییە بۆ خودا، کە داوایەکی وای هەبێت و شتێکی وا قێزەون بدرێتە پاڵی. ئاخر دەستهێنان
بە سەری پشیلەیەکداو ناندان بە سەگێك و ئاودان بە باڵندەیەك، ئەمە خواداش نەیوتبێ
هەر خوداییە، چونکە ڕەهەندێکی ڕۆحیی تێدایە. بەڵام کوشتنی بەکۆمەڵی مەڕو مانگا، چ ڕۆحانیەتێکی
تێدایە؟
دوو ئاژەڵ لەناو ئێمەدا هەیە، قوربانیی
ڕاستەقینە سەربڕینی ئەو دوو ئاژەڵەیە. یەکەمیان سەربڕینی بەشە غەریزییەکەی خۆمانە
کە لێرەدا ئێمەش هەر ئاژەڵین وەکو هەموو ئاژەڵەکانی تر. سەربڕین بە مانای کەبت و چەپاندن
و شەڕکردن لەگەڵ سروشتی خۆتدا نا، کە دنیایەك گرێ و نەخۆشیی ئەهێنێ و خراپتری ئەکات.
بەڵکو بە مانای هاوسەنگی و مەعقولیەت و ئەوەی کە نەیەڵین ئەم بەشە سەرکەوێ بەسەر بەشە
مرۆیی و عەقڵییەکەمانداو پێشێلی مرۆڤبوونی خۆمان و ئەوانیتریش بکەین. ئاژەڵی دووەم
بریتییە لە حەزی تەسەڵوت و تەمەلوك، کە ئەگەر پەتی فەزیلەت نەکەینە ملی، خۆمان و
دنیاکەش خراپ ئەکات.
"قوربانیی" مانایەکی ناوەکیی هەیەو
ئەوەیە کە ڕێگای چاکەو حەقیقەت، ئاسان نیەو قوربانیی ئەوێت. قوربانیی بە حەزو ئیگۆو
ئارەزووەکانی خۆت، قوربانیی بە ناوبانگ و موڵك و ماڵ و هەنێجار بە ژیانی خۆت. کاتێ
کە حەزو ئیگۆی خۆت لەبەردەم حەقیقەتدا سەرئەبڕیت، ئەمە ئیسماعیلەکەیەو کاتێ کە بە
گیانی خۆشت قوربانی بۆ حەقیقەت ئەدەیت، ئەمە ئیبراهیمەکەیە کە ئەخرێتە ناو ئاگر.
جگە لەم دوو قوربانییەی ڕێگای چاکبوون و حەقیقەت، قوربانییەکی تر لە ئارادانیەو ئا
بەو مانایەی قوربانییش، جەژنی قوربانتان پیرۆزبێ.