10وتار

بەڵێ ئێمە سەرکەوتین

1/20/2026 2:00:00 PM
پەیکار عوسمان



- ئەڵێن ئیمامی عەلی ئەو کاتەی کە خەنجەری کوشتنی لێدرا، وتی (بردمەوە بە خوای کەعبە). پرسیارەکە ئەوەیە: لەو کاتەیا بۆچی وای وتووە؟ ئەو چی بردۆتەوە؟ ئەوە کە ساتی کۆتایی و دۆڕاندنی ژیانیەتی، بۆچی خۆی بە براوە زانیوە؟

- وەڵامەکەی ئەوەیە: تەنیا کەسێک لەو ساتەدا ئەتوانێ وا بڵێت و سوێندی بردنەوە بخوات، کە ئەخلاق و پرەنسیپەکانی خۆی نەدۆڕاندبێ. تەنیا کەسێک ئەتوانێ بڵێت "بردمەوە" کە بە هەمان لۆژیک و ئەخلاقی نەیارەکەی سیاسەت و شەڕی نەکردبێ. بەڵکو ئەگەرچی ئەو لە شەڕ و ململانێشدابووەو لێرەشدا ئەخلاق کزئەبێ و وەحشییەت هەڵئەکشێ، بەڵام ئەو هێشتا لەناو ئەخلاق و پرنسیپەکانی خۆیدایەو شەڕ نەیتوانیوە ئەمەی لێ بسەنێتەوە.

- واتە شەڕ توانیویەتی هەموو شتێکی لێسەنێ بە ژیانیشیەوە، بەڵام نەیتوانیوە بیکات بە وەحش و کۆپی نەیارەکەی. نەیتوانیوە بیکات بە دیلی لۆژیکی هێز و بەرژەوەندی، کە لەپێناو بردنەوەدا هەموو شتێک بکات، بەڵام خۆی بدۆڕێنێ. کە ئەمە هەمان قسەیەکی مەسیحە. 

- ئیستا ئەو چیرۆکە قەرز ئەکەین بۆ خوێندنەوەی ئەزموونی ڕۆژئاڤاو ساتی دژواری ئیستای. ئایا ئەتوانین بڵێین سەرکەوتین و سوێندیش بخۆین کە بردمانەوە؟ ئایا ئەو مەبدەئە مەسیحانەیە، هەر بۆ وەعز و ئەخلاقی فەردییە، یان بۆ سیاسەت و ململانێ و ژیانی گشتییش ئەبێت؟

- لەڕاستییدا ڕۆژئاڤا بردیەوەو ئێمەش سەرکەوتین. ئەشتوانی سوێند بخۆیت و سوێندەکەشت ناکەوێ. چونکە ڕۆژئاڤا ئەگەرچی بە گەلەگورگ دەورە دراوەو دایمە لەناو پیلانگێڕی و شەڕدابووەو ئیسراحەتێکی نەکردوە.. بەڵام بەو حاڵەشەوە، لە سەرەتاوە تاکو ئێستا، هەمیشە لەناو بەهاو فیکر و پرەنسیپەکانی خۆیدابووەو هەرگیز ئەوەی نەدۆڕاندوە!

- تەنانەت ئەو کاتەش کە وەزعی زۆر باشبووەو هاوپەیمانی زلهێزەکانی دنیابووە لە شەڕی تیرۆردا، هێشتا هەر لەناو پرەنسیپەکانی خۆیدا بووە. نە تەنگانەی ڕۆژانی تەنیایی کۆبانێ و عەفرین، نە قەرەباڵغیی ڕۆژانی هاوپەیمانی، لە بەهاکانی خۆی لاینەداون!
- پرەنسیپەکانیشی چی بوون؟ لە شوێنێکدا کە هەزاران ساڵە گیرۆدەی کولتووری پیاوسالارییە، ئەو ئەزموونی خۆی بە ڕێزی ژن و یەکسانی نێر و مێ دامەزراند. لە شوێنێکدا کە هەزاران ساڵە گیرۆدەی لوژیکی زاڵێتی و مەبدەئی غەلەبەو پەیوەندی سەردارو کۆیلەیە، ئەو ئەزموونەکەی خۆی ئاسۆییانە دامەزراند، نەک هەرەمییانە.
- لە ناوچەیەکدا کە یەکڕەنگی کولتووری باوە، ئەو ئەزموونی فرەڕەنگی کولتووریی دامەزراند. لە شوێنێکدا کە دین و مەزهەب بۆتە سەرچاوەی ڕق و سڕینەوەی ئەویتر، ئەو پێکەوەژیانی مەزهەب و ئەدیانی دامەزراندو دینی بردە دەرەوەی بازنەی شەڕ، هێنایەوە بۆ بازنەی ئازادی ئینسان و پێکەوەژیانی کۆمەڵایەتی. (تەنیا ئەمەی کرد نەک کفر و دژایەتی دین)!
- لە شوێنێکدا کە هاوشێوەی دین و مەزهەب، نەتەوایەتیش سەرچاوەیەکی تری ڕق و شەڕ و یەکتر سڕینەوەیە، ئەو کوردی ڕۆژئاڤای زیندو کردەوە، بەڵام نەیکردە دوژمنی عەرەب و ئەوانیتر، بەڵکو ئەوانەی خستە پاڵ یەک. ئەمانە خەیاڵ و تیۆر نەبوون، بەڕاستی ئەزموون کران.
- لەوێدا کە سیاسەت، وەرگرتنی ئیمتیاز و تەعیناتە، کە لەسەرەوە شۆڕ ئەکرێتەوەو پێت ئەدرێ.. ئەوان سیاسەتییان کرد بە کردەی بەرپرسیارێتی تاک و هەرەوەزی کۆمەڵایەتی. ئیتر خەڵکی گەڕەک و گوندو شارەکان، خۆیان لە خوارەوە، ئەدای سیاسەت و بەرگری و بەڕێوەبردن بکەن و چاولەدەست و سەرکزی سەرەوە نەبن.
- لەوێدا کە "مەرکەزییەت" موقەدەسی دەوڵەت و سیاسەتە، ڕۆژئاڤا تەنیا داوای لامەرکەزی نەکرد، بەڵکو لەخۆیدا جێبەجێشی کرد. دێرەزوور خۆی بەڕێوە ئەبردو قامیشلۆ خۆی بەڕێوەئەبرد، نەکئەوەی قامیشلۆ مەرکەز و دێرەزوور پەراوێز بێت.
- لەوێدا کە دەسەڵات بۆتە مورادیفی گەندەڵی و فەسادبوونی شۆڕشگێڕەکان، ئەوان دەسەڵات ناشرینی نەکردن. نەزاهەتی ئیداری و ئەخلاقی شۆڕشگێڕییان پاراست و کەلێنی گەندەڵی نەکەوتە نێوان خەڵک و دەسەڵاتدارەوە.     
- لە ڕۆژئاڤا کورد سەروەری عەرەب نەبوو، بەڵکو عەشیرەتە عەرەبەکان خۆیان سەروەرو خۆبەڕێوەبەری خۆیان بوون و هاوئەزموونی کورد بوون، نەک ژێردەستی کورد. چونکە ئەسڵەن لۆژیکەکە، هەرەمی و کۆیلەو سەردارو داگیرکاری نەبوو، بەڵکو پەیوەندی ئاسۆیی و پێکەوەیی بوو.
- ئەوەش جگە لەوەی مەبدەئێکی عەقڵی و ئەخلاقی و ئینسانییەو ئەزموونێکی ناوازەشە لەم ناوچەیە. لەهەمان کاتا مەبدەئێکی قورئانییشە، کە پەیوەندی، ئەبێ ئاسۆیی و تەعاروفی بێت نەک سەردار و کۆیلە. ئەمە ئەوەیە کە ئیسلامیی و نائیسلامیی ئەم ناوچەیە نایفامن، چونکە لەسەر دینی غەلەبەی سوڵتەن، نەک لەسەر دینی تەعاروف!
- ئینسان لە دۆخی شکستدا بۆ عەلاگە ئەگەڕێ شکستەکەی پیاهەڵواسێ و ئەمە حاڵەتێکی نەفسییە. بۆ نمونە، خەریکە خەتاکە هەڵئەواسین بە فیکرەی برایەتییدا، لەکاتێکا فیکرەی "برایەتی گەلان" لە باکورو ڕۆژئاڤا، هەرگیز پێچەوانەی ڕۆحی کوردو خەباتی کورد نەبووەو ئەسڵەن ئەگەر لەوێ خەباتێک بۆ کورد کرابێ، هەر ئەو جەماعەتی برایەتییە، کردویانەو ئەیکەن و لەپێشەوەدان!
- برایەتی گەلانەکەی ئەوان، جیاوازە لە برایەتی گەلانەکەی ئیسلامیزم و بەشێکی چەپەکان، کە ئەکەوێتە بەرامبەری پرۆژەی نەتەوەیی کورد. برایەتی ئیسلامیی ڕێک فیشەکەو بە ڕۆحی کوردبوونەوە ئەنرێ و نایەتە ناو پرۆژەکەت و لێشی ئەدات. بەڵام برایەتییەکەی باکور و ڕۆژئاڤا، دژی کوردبوون و پرۆژەکەی نیە، بەڵکو ڕێک دڵی پرۆژەکەیە.
- ئا ئەوەش هەڵەتێگەیشتنەکەیە، کە ئەبێ ڕاستی بکەینەوە. واتە ئەگەرچی ناسیۆنالیزم "بەمانای چیرۆکی زیندوبوونەوەو کۆبوونەوەی نەتەوە" بۆ کورد زۆر گرنگە، بەڵام فیکرەی برایەتی گەلان هەرگیز دژی ئەو چیرۆکە نیە، بەڵکو ئەکرێ لەناو چیرۆکەکەدابێت و بەهێزشی بکات نەک لاواز.
- نەک هەر لە ڕووی عەقڵی و ئەخلاقییەوە، لەڕووی واقعی و پراگماتیشەوە، ناسیونالیزمی تۆ، هەر ئەبێ وابێت و فرەیی بێت، چونکە ئەگەر خەتیک لە حەمرین بکێشیت، عەرەب هەر ناکەوێتە دەرەوەو ئەودیو، بەڵکو لەناوەوە لەمدیویش دنیایەک عەرەب هەیەو ئەکەوێتە ناو سنورەکەت. بۆیە خیتابی برایەتی، گەمژەیی و خەیاڵیی نیە، عەقڵی و واقعی و سیاسیشیە. چەنیک بۆ دەرەوەی ناسیۆنالیزمە، ئەونەش بۆ ناوەوەیەتی!
- کاری ئێمە ئەوەیە کە پێش هەر شتێک، خۆمان لەوە تێبگەین، کە ئەو جۆرە برایەتییە، دژی کوردبوون و پرۆژەکەی نیە، بەڵکو هێزیەتی. ئینجا ئیسلامییەکانیش دەعوەت بکەین بۆ ناو برایەتییەکی لەو جۆرە، کە هەم کوردییەو برایەتییشە. نەک برایەتییەک کە ڕێک پێ بێت و بە ڕۆحی ئێمەدا بنرێ!
- ئەوەی وترا، عاتیفەو پیاهەڵدانی شاعیرانە نیە، ئەسڵەن ڕۆژئاڤا، دنیایەک کیشەو نوقسانی و کەموکوڕییان هەیە لە وردەکارییداو شایەنی ڕەخنەن. بەڵام لە هێڵی گشتییدا، ئەوانەی سەرەوە، شیعر و شانامە نەبوون، بەڵکو ئەزموونێکی واقعی ئێمەن لەسەر ئەرز. ئەمە گریانی ناشتنی تەرمەکەش نیە، چونکە ڕۆژئاڤا نامرێ و سەرئەکەوێ. بەڵام گرنگە بزانین، پێش سەرکەوتنی سەربازی، ئەوێ بە زۆر شتی تر بردییەوەو سەرکەوت.
- بەڵێ ئێمە سەرکەوتین بەو پرەنسیپانە. هەروەها بەوەش کە ڕۆحی هاوبەش گەرمبۆتەوەو هۆش و سۆزی هەرچوارپارچە هاتوونەتە لای یەک. لەڕاستییدا خەلەلی ئەو پارچەیە برایەتی کولتووری نەبوو لەگەڵ غەیرە کورد، نابرایەتی سیاسیی بوو لەگەڵ حیزبی تری کوردی. ئەوەش نەخۆشی سیاسی ئێمەیە بە گشتی. لەباشوریش هەر واین،  پێکەوەژیان ئەفامین لەگەڵ عەرب و تورکمان، بەڵام پێکەوەیی حیزبەکان نافامین!
- وەلێ خۆشبەختانە برایەتی سیاسییشمان باشتربووەو نزیکبوونەوەی قیادەی باشوور و ڕۆژئاڤا، وێنەیەکی دڵخۆشکەری ناو فیلمە ناخۆشەکەی ئێستایە. ئەوەی کە سەرەوەی پارتی و پەکەکە، نزیکایەتییان نەبێ و دوژمنایەتییان هەبێ، یان کادری خوارەوەیان بەردەوام شەڕەجنێو بکەن، ئەمە هۆشیاری ساختەیە، هۆشیاری ڕاستەقینە نیە!
- جیاوازی و ململانێ با هەبێ، بەڵام دوژمنایەتی و قەتیعە نا. ئەمەیان خۆکوژی سیاسییە نەک سیاسەت. گوتراوە: قاچ درۆ ناکات، کۆچ بۆ ئەو شوێنە ئەچێ کە باشترە. تەنگانەش درۆ ناکات، ئەوەی کە لە تەنگانەدا هەموو ئەچینە پاڵ یەک، ئەوە درۆ و شەقی ڕۆژگار و غەریزەی مانەوە نیە. ئەوە کوردبوونە ڕاستەقینەکەیە، کە گزگلییە حیزبییەکان لێ ی ونکردوین!
- بەڵێ ئێمە سەرکەوتین، چونکە هەرچی تۆمەت درایە پاڵمان، بۆ ئێمە هەر وەکو تۆمەت مایەوە، بەڵام بۆ نەیارەکان بوو بە ڕاستی و ئەوان هەر بەڕاستی کردیان نەک بە بوختان و تۆمەت. بۆ نمونە پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل، ئەگەرچی هەشبێ هیچ عەیبەیەکی سیاسی تێدا نیە. بەڵام دواجار ئەوانە کردیان، کە بە کوفر و بێئەخلاقییان ئەزانی!
- فەرەنسا ئەمریکا ئیسرائیل ئەمانە لە بانگەشەو بەهاکانی دیموکراسی کشانەوە. تەنانەت لەوەش کشانەوە کە شەڕی تیرۆر بکەن، چونکە ئێستا تیرۆرستەکان ئازادن و لە سجن هاتنە دەرەوە. ئیسلامیزمیش لە بانگەشەکانی خۆی کشایەوەو لە مانگی هەنگوینیدایە لەگەڵ ئیسرائیل. تەنیا ڕۆژئاڤا لەناو ئەخلاق و پرەنسیپەکانی خۆیدا ئەژی و ئەمرێ!
- مردن هەر هەیەو سونەتی ژیانە، بەڵام ژیان ئەوەیە کە پرەنسیپەکانت هەمان ماڵەکەت بێت و تیای بژیت، هەمان گۆڕەکەت بێت و تیای بمریت. ئەوە قووڵترین مانای سەرکەوتنە. ئەگەر سەرکەوتنی تری بەدوادا بێت، باشەو بەخێربیت. ئەگەریش هەر ئەونەبێت، ئەوە کەم نیەو ڕۆحی سەرکەوتنە!
- ئەوان بە بچوککردنەوەی ناوچەکانی قەسەد، بچوکمان ئەکەنەوە. گرنگە ئێمە، لەسەر ئەرز و لە فەزای مەجازییشدا، بە جۆرێک لە دەوری ڕۆژئاڤا کۆببینەوە، هێندە ڕووبەرێکی بەرین و فراوان بێت، کە شتەکە وەرگێڕین بۆ سەرکەوتنی مەعنەوی و واقعییش. ئیتر لە شەڕ و گفتوگۆدا، ئەوان ناچاربن لەگەڵ هێزێک ڕووبەڕووبن، کە زۆر گەورەتربێ لەو هێزەی کە ویستیان بچوکی بکەنەوە.
- کاتی پشتیوانی ڕۆژئاڤایە بەبێ مەرج. با مەرجی ئایدۆلۆژی لەسەر یەک دانەنێین. با ئیسلامی و چەپ و قەومی و لیبرال.. پێکەوەبین. با مەرجی حیزبی لەسەر یەک دانەنێین. با پارتی و پەک و موعارەزەو لایەندار و بێلایەن، هەموو پێکەوە، لایەنداری دڵی خۆمان بین و نەیەڵین لە لێدان بکەوێ.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن