وڵاتی پێشانگاو ڤیستیڤاڵ
11/22/2021 10:06:00 AM
پەیکار عوسمان
شتەکان، لەوێدا کە خۆیانن، پێویست و گرنگن و کاری خۆیان ئەکەن. بەڵام لەوێدا کە پەردەن بۆ داپۆشینی شتانێكی تر، ئیتر خۆیان نین و وەزیفەکەشیان شتێکی ترە، نەك ئەرکی ڕاستەقینەی خۆیان.
- کە ئەڵێم شتەکە خۆی بێت، مەبەستم ئەوەنیە کە دابڕاوە لە شتەکانی تر. بەڵکو مەبەستم ئەوەیە کە پەیوەندییەکەیان تەواوکارانەیە نەك ئیستغلالکەرانە. یەعنی وەکو ئەندامەکانی جەستە، هەر بەشەو ئیشی خۆی ئەکاو هەمووش پێکەوە ئامانجێکی گەورە تەواوئەکەن، کە ژیانی جەستەکەیە.
- لە پەیوەندی تەواوکارانەدا، حکومەت حکومەتەو حیزب حیزبەو کتێب کتێبەو فیلم فیلمەو هەر یەکەو بە جیا ئەرکی خۆی جێبەجێ ئەکاو هەمووشی پێکەوە کۆمەڵگایەکی ساغ و هاوسەنگ دروست ئەکەن.
- بەڵام لە پەیوەندی ئیستغلالکەرانەدا، هەموو کایەکان، لە ئەرکی خۆیان بەتاڵئەکرێنەوە، بۆ داپۆشینی کایەیەك، کە بە ئەرکی خۆی هەڵنەساوەو خەریکی شتی تر بووە!
- یەعنی کاتێ سیاسەت و حوکمڕانیی، لە کایەی عەدالەت و ئیدارەدانی کۆمەڵگاوە، ئەبێتە کایەی تێرکردنی حەزی چەن کەس و بنەماڵەیەك،، ئیتر تەواوی کایەکانی تر، ئەکرێنە ماسك، بۆ داپۆشینی ئەو دەموچاوە.
- یەعنی کاتێ کایەیەك لە خەت لائەدا، تەنیا بەقەت خۆی وێنەکە تێك نادا، بەڵکو کایەکانی تریش خراپ ئەکاو کۆی وێنەکە تێكئەچێ. ئا لێرەوەیە کە حوکمێکی شمولیی، بە زەرورەت فاشیلە،، چونکە هاوسەنگیی تێدا نیەو کایەیەك یان ئایدۆلۆژیایەك، تەواوی وێنەکەی داگیرکردوە!
- سەیرکە، دروست لەو کاتەدا، کە سیاسەت و حوکمڕانیی ئێمە فەشەل دێنێ،، چی زۆرە، دەزگای ڕاگەیاندن، ڤیستیڤاڵی فیلم، پێشانگای کتێب، هەڵبژاردنی شاجوان، کۆڕبەندی سیاسی و ئابووریی.. ئەمانە بۆچی؟
- چونکە عەیبی گەورەو هەمەلایەنە، پێویستی بە داپۆشینی گەورەو هەمەلایەنەیە. چونکە کون و شەبەقی زۆر، پێویستی بە پێنەو پەڕۆی زۆرە. چونکە داگیرکردنی سیاسەت، پێویستی بە داگیرکردنی کۆی کایەکانە!
- داگیرکردنی سیاسەت، خودی سیاسەت، لە جەوهەرە گشتییەکەی بەتاڵ ئەکاتەوەو ئەیکات بە موڵکی شەخسیی چەن کەسێك. ئا لێرەوە، کۆی کایەکانی تریش، لە جەوهەری خۆیان بە تاڵئەکرێنەوەو ئەکرێن بە میکیاج، بۆ "بە گشتیی" پیشاندانی ئەوەی کە چیتر گشتیی نەماوە!
- سەیر نیە، هاوکاتی فەشەلی سیاسیی ئێمە، دوکتۆری تەجمیل، بازاڕی گەرم ئەبێ و ئەو عالەمە خەریکی جوانکاری لوت و دەم و قوونیەتی.. ئاخر لە سەردەمی ڕوکەشگەراییدا، ناکرێ تەجمیل خۆی غائیب بێت. وەکچۆن لە سەردەمی دزییدا، دز غائیب نیەو مەوجودە!
- کە فیکر، لە جوانییەوە ئەبێت بە جوانکاریی، یەکەم شوێن، بە جەستەوە دیاریی ئەدا. ئەو هەموو جوانکاری و خۆڕووتکردنەوەو خۆداپۆشین و عەرزی دەوڵەمەنی و عەرزی دینداریی و عەرزی سەقافەتە.. لە خۆڕا نیە. لەوێوەیە کە خۆنواندن جێگای خۆبوونی گرتۆتەوە.
- "خۆبوون" وەکو بەرپرسیارێتی و "خۆنواندن" وەکو کردنی هەر شتێکی تر، لەبری بەرپرسیارێتی. لەکاتێکا جامی بەرپرسیارێتی، تەنیا بە خۆی پڕئەبێتەوەو هیچ شتێكی تر پڕیناکاتەوە. ئەم یاسای بەرپرسیارێتییەش، لە تاکێکەوە ئەڕوا، تاکو دەوڵەت و سیاسەت و دین و هونەر و کاتێ شتەکە خۆی نیەو بەرپرسیارێتی خۆی هەڵنەگرتووە، ئیتر بەتاڵەو پێویستی بە خۆنواندنە، بۆ نیشاندانی پڕیی!
- ئەوەی کە دینەو خۆیەتی، ئەوەیە کە دڵیی و نادیارەو لە بواری ئینسانییدا دەرئەکەوێ، نەك ئەو نمایشگەراییە زمانی و جەستەییە، کە بووە بە خودی بوارەکە. ئەوەی کە سیاسەتەو خۆیەتی، ئەوەیە کە عەدالەت و دڵنیاییەکی کرداری و بێدەنگە، نەك ئەو هەموو دەنگەدەنگە سیاسییەی، کە ناعەدالەتییەکەی پێ ناشاردرێتەوەو نادڵنیاییەکەش زیاتر ئەکات!
- لەوێدا کە ڕووکەشگەرایی دینی، لە هەموو کات بڵاوترە، بۆچی باڵانسی ئەخلاق و ویژدان، لە هەموو کات نزمترە؟ چونکە ڕووکەش و شوناس، بۆ نیشاندانی دەرەوەیەو دین خۆی، بۆ پەروەردەی ناوەوەیە.
- توجاری دینیش، نانەکایان لەسەر ئەوەیە، کە دین دەرەکی و شوناسیی بێت، چونکە گەمژاندن و مێگەلاندن لەمەیاندا ئەکرێ. ئەویتریان ئینسانەکە، خۆی و خوای خۆی، خۆی و عەقڵ و ئەخلاق و چاکەی خۆی، کە ئەمانە هەمووی، تاکیی و مەعنەوییەو شکڵی دەرەکییان نیە. کاهین و جەماعەت و شوناسی ناوێ و تەنیا مرۆڤبوونی خۆتی بەسە.
- لەوێدا کە حیزب و ڕاگەیاندن و نمایشی سیاسیی لە هەموو کات زیاترە، ئەی بۆچی خەڵکەکە، لە هەموو کات نائومێدترە لە سیاسەت؟ چونکە ئومێدی ڕاستەقینە، لەناو سیاسەت خۆیدایە، نەك لەناو ڕووکەشگەرایی سیاسییدا. سیاسەت خۆی، ئەوەیە کە ئومێدی تیا ئەبێت بە ژیان. ناسیاسەت ئەوەیە کە ئومێدی تیا ئەبێت بە نائومێدی!
- لەوێدا کە پێشانگای کتێب و ڕووکەشگەرایی سەقافی، لە هەموو کات زیاترە، بۆچی حاڵی عەقڵ و زانین، وا خراپ و تاریکە؟ چونکە کتێب خۆی مەسەلەکە نیە، کارلێکەکەی لەگەڵ عەقڵدا مەسەلەکەیە.
- - یەعنی کتێب، چەنێك مەوزوعییەو تەجمیدکردنی لایەنگیرییەکانی خۆتی ئەوێ،، ئەونەش زاتییەو ئامادەیی و کارایی عەقڵی خۆتی ئەوێ و ئەبێ گفتوگۆی ناوەکی دروستبکات.
- بەڵام لای ئێمە، کتێب تەنیا ژمارەیەو ئیشی خۆی ناکات. چونکە لەوێدا کە پێویستە مەوزوع بێت، ئێمە بە هەموو لایەنگیری و کۆڵەوارییە پێشینەکانی خۆمانەوە، ڕووبەڕووی ئەبینەوەو نایەڵین "بەشە مەوزوعییەکەی کتێب" قسەی خۆی بکات.
- لەوێشدا کە پێویستە، زاتێکی کارای ئێمە ئامادەبێ و کارلیك بکات، ئێمە خۆمان ون ئەکەین و ئەبینە تووتیی و تەنیا ئەوەی ناو کتێبەکان ئەڵێینەوە،، بەبێ ئەوەی "ئەوەی ناو سەرمان" جوڵابێ و قسەی خۆی کردبێ!
- کاتێکیش لەم پەیوەندییەی ئێمەو کتێبدا، زات و مەوزوع هەردوکیان غائیبن، ئیتر نە ئێمە هەین نە کتێب. ئەوەی هەیە، کۆمەڵێ وەرەقەیە لەناو بەرگێکداو کۆمەڵێ ڕۆبۆتە، لەناو چاکەت و پانتۆڵدا.
- کاتێ کۆڕبەندی گفتوگۆ و حیوارمان زۆرە، ئەی بۆچی حیوار خۆیمان کەمەو کەس لە کەس تێناگاو دووان ناگەنە هاوبەشییەك؟ چونکە پێشمەرجی یەکەمی گفتوگۆ، دیموکراسییەتی مەعریفییە. کاتێ هەمووان بە نەفەسی دیکتاتۆریەتی مەعریفی و خۆسەپاندنەوە، بۆی دائەنیشن، ئیتر ئەوە نمایشی گفتوگۆیە، بۆ داپۆشینی ناگفتوگۆ.
- لەوێدا کە وزەی کۆمەڵگا، "بەڕاستیی" خراوەتە خزمەتی چەلەحانێ، ئیتر "حیواری گاڵتی" هیچمان بۆ ناکات. حیوار پێویستی بە زەمینەیە. زەمینەکەشی بە کۆڕبەندو نمایشگەرایی سەرەوە ناڕەخسێ. تەنیا لە بنەوە مەکینەکانی ڕق و جوێن و چەلەحانێ بوەستێنن، زەمینەی حیوار خۆی ئەسازێ.
- لەوێدا کە لە پەروەردەو کۆمەڵگاو سیاسەت و دین و بازاڕەوە.. لە عەقڵ ئەدرێ،، ئیتر پێشانگای کتێب و ڤیستیڤاڵی فیلم و پانێڵ و کۆڕبەند.. هیچمان بۆ ناکات. چونکە لە غیابی عەقڵدا، شتێکمان نیە کە خودی "ڕووکەشگەرایی" بخاتە ژێر پرسیارەوە. ئیتر خودی ڕۆشنبیریی، ئەبێت بە ژێر نمایشی ڕۆشبیرییەوە!
- عەقڵی داخراوی تاكڕەهەند، بۆ ئەوە ناخوێنێتەوە، کە ئاسۆی بینینی خۆی فراوان بکاو مەساحەی جیاوازو نەناسراو تاقیبکاتەوە. بەڵکو بۆئەوەیە کە گرێ ئایدۆلۆژییەکەی خۆی توندتر بکاتەوە. ئیتر سەلەفی تەنیا کتێبە سەلەفەییەکان و ئیخوانیی تەنیا کتێبە ئیخوانییەکان و مارکسیی تەنیا کتێبە مارکسییەکان ئەکڕن.. لێرەشەوە "بازاڕو دەمارگیری" تەغزییەی یەك ئەکەن و داخراویی زیاتر ئەبێت!
- ئێمە پێوستمان بە کرانەوەی عەقڵە، نەك بە هەڵڕشتن و هەڵچنینی کتێب. "عەقڵی داخراو" مێشەو هەر بە زبڵەکەی خۆیەوە ئەنیشێتەوە. بەڵام عەقڵی کراوە، زێڕدۆستەو لە هەموو کتێبە جیاوازەکاندا، زێڕی خۆی ئەدۆزێتەوە. نە خۆی ئەبێت بە مێشێکی تاكڕەهەند، نە کتێبیش بە دەستییەوە ئەبێت بە زبڵێکی ئایدۆلۆژیی.
- ئەو کرانەوەیەش، ئەگەر لە مناڵیی و لە پەروەردەوە دروست نەکرێ و نەبێتە کولتوری کۆمەڵگا، ئیتر بە گەورەیی و لە غیابی خۆتدا، هەزار کتێبی لێکچوو، لە کتێبخانەکەتدا هەڵئەچنیت. بەڵام ناتوانی دوو کتێبی جیاواز بخوێنیتەوەو خۆشت مەوجودبی و ڕایەکی سێیەمت هەبێت!
- وەلێ خاڵە ئیجابییەکە ئەوەیە، کە "جوانکاریی" بە شتێك ئەکرێ کە خۆی جوانبێ. ئەوەشی کە خۆی جوانە، هەمووی کۆنترۆڵ ناکرێ و کاتێ تۆ، لە شوێنێکەوە ئەیگری و وەکو "جوانکاریی" بەکاری ئەهێنیت، ئەو لەلایەکی ترەوە، وەکو خۆی و وەکو "جوانیی" دەرئەکەوێتەوە.
- یەعنی ئەم هەموو نمایشگەرایی کتێب و فیلم و حیوارە.. کە جوانکارییە بۆ جەهل و فەسادو ستەم. ئەگەر تەنیا لە یەك کەسدا، پەیوەندی ڕاستەقینەی مرۆڤ و کتێب دروست بکات و تەنیا لە یەك کەسدا، هۆشیاریی ڕاستەقینە بە حیوار دامەزرێنێ و تەنیا لە یەك کەسدا، بورکانی هونەر بتەقێنێتەوە.. ئیتر لەوێدا، ئەوە جوانیی خۆیەتی و جوانکاریی نیە.
- جوانترین شتی پێشانگای کتێب، ئەوەیە کە دنیایەك ئەفکارو ئاڕاستەی جیاواز، هەنێجار دژو پیچەوانەش، لە جوگرافیایەکی بچوکدا کۆئەکاتەوە،، لەکاتێکا تۆ وائەزانیت، ئەوانە لە دنیایەکی زەبەلاحیشدا جێیان نابێتەوە!
- کاتێ دوو کتێبی زۆر جیاواز ئەبینیت، تەنیا دوو مەتر لە یەکەوە دوورن و ئاساییشە،، ئەمە گرنگە بۆ خاوبوونەوەی دەمارەکان و ڕەواندنەوەی ئەو حاجزە نەفسییانەی کە تەنیا وەهمێکی زیهنیی لای خۆمانە، نەك بوونێکی ڕاستەقینە. تەنیا ئەو پەیامەش، بەسە بۆ عەقڵێکی کراوەترو دەروونێکی ئارامترو دنیایەکی جوانتر.