527وتار

" سیاسی"یێکی ئاخرشەڕ

7/18/2021 3:58:00 PM
سیروان سەعید

هەمیشە چاوی لەوەیە ببێتە کەسی یەکەمی حزب، تەنانەت حزبەکەی خۆشی نەبێ. بەس لە بازنەیێکدا دەخولێتەوە. هەندێك جار گەیشتۆتە ئەژنۆی بەرپرسی یەکەمی حزبەکەی خۆی، واتا پلەوپۆستی گەورەوقەبەشی وەرگرتووە، بەڵام هیچ کارێکی باشی لەو پلەو پۆستە نەکردووە. لافی چیی لێ بدا پێچەوانەکەی دەکا. چەپێکی تۆخ و توندە ،بەس مەیلی حزبێکی ڕاستڕەو دەکا. زۆر ڕقی لە خیانەت و میرابۆیە بەس لە میرابۆ خراپترە. 



زۆر باسی مەدەنییەت و مۆدێرنەو پۆست مۆدێرنە دەکات ، کەچی لە ئۆفیسە تایبەتەکەی خۆی خەڵکی زیندان کردووە. موعجیبە بە شەهیدێکی سەرکردە بەناوی (هادیء) ، بەڵام یەك شتی لەو ناکا. زۆری حەز لە وشەسازی و وشەداڕشتنە، تەنانەت شانازیی بەوەوە دەکا کە چەندین دەستەواژەو وشەی نوێ ئەو دایڕشتوون یا ئەو یەکەم کەس بووە بەکاری هێناون، بەڵام ناوی ئەندامانی ئەو لیژنانە گەڕام کە کاتی خۆی ( کۆڕی زانیاریی کورد ) بۆ لێکۆڵینەوە لە وشەو وشەسازیی کوردی داینابوون ، کەچی ناوی ئەوی تێدا نەبوو. دژی کۆمپانیا و پڕۆژەیە ، بەڵام حزبەکەی بووەتە کۆمپانیایێکی گەورەی بازرگانیی زۆنێکی بچووکی ئەو هەرێمە بەدبەخت و دابەشکراوە.                                                                     

خۆی بە ئەهلی قەڵەم دادەنێ کەچی حزبەکەی لە کاتی هەڵبژاردنەکاندا دەمانچە دابەش دەکات.

کوردی، عەرەبی و فارسیی زۆر باش دەزانێ . خەڵکی شارێکە وەکو کەرکوك تێکەڵەو فرە نەتەوەو فرەئایین و فرەمەزهەبە، بۆیە نەختێك تورکمانی-ش دەزانێ. خۆم بە چاوی خۆم لە ( تی ڤی)یەوە بینیم بە  ەرۆکێکی دراوسێی وت : تورکمانیی دەزانم و قسەی پێ کرد، کەچی تورکمانییەکەی زۆر لەوەی من خراپتر بوو.       

بۆ مێژوو: 
خەباتگێڕێکی زۆر کۆن و ماندووە، بەڵام ڕق و کینەی تێکەڵی سیاسەت کردووە. سەری لێ شێواوە. هەرزەی سیاسییەو هەمان ئەو هەڵانە چەند بارە دەکاتەوە، کەچی هیچ ئەنجامێکی جیاوازیان نەبووە لەوانەی پێشووتر. ئەم پیری ئاخرشەڕە بە تەمای چییەو تا کوێ ؟.      

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن