وتار

رازی ناوی نەوشیروان

6/9/2021 10:20:00 PM 1157 جار خوێندراوەتەوە
هۆشیار عومەر عەلی


رۆژی هەینی، ٢٢ی ١٢ی ١٩٤٤ لە گەڕەکی سەرشەقام لە شاری سلێمانی لە خێزانێکی ئاسایی کوڕێک لە دایک بو. ناوی نرا نەوشیروان.


بۆچی مسته‌فا ئه‌مین ناوی «نەوشیروان»ی بۆ کوڕه‌ تازه‌ له‌ دایکبوه‌که‌ی هه‌ڵبژارد؟ خه‌ڵکی کوردستان و ئێمه‌ش که‌ چه‌ندین ساڵ له‌گه‌ڵ نه‌وشیروان مسته‌فا ئه‌مین له‌ نزیکه‌وه‌ کارمان کرد، رازی پشت ناوی ئه‌ومان نه‌ده‌زانی. پاش کۆچی دوای ئه‌و رازه‌ی له‌ زمانی سه‌ڵاح چاوشین، پێشمه‌رگه‌یه‌کی دێرین و یه‌کێك له‌ هاوڕێکانی منداڵی و پێشمه‌رگایه‌تی و چاکسازیخوازی، نه‌وشیروان مسته‌فا ئه‌مین ئاشکرا بوو. 


سه‌ڵاح چاوشین بەم شێوه‌یه‌ چیرۆکه‌که‌ی گێڕایەوە:

«کاك نه‌وشیروان گیرا بوو، که‌ گیرا بوو هیچی وای له‌سه‌ر ئیسپات نه‌بوو له‌ به‌رئه‌وه‌ به‌ریاندا. که‌ به‌ریاندا هاته‌وه‌ سلێمانی ئێمه‌ به‌ ماڵه‌وه‌ چووین بۆ لایان. که‌ چووین بۆ لایان، زۆرمان پێخۆش بوو له‌گه‌ڵ دایکی و له‌گه‌ڵ باوکی که‌ کاك نه‌وشیروان به‌ر بووه‌. کاک مسته‌فا، باوکی کاك نه‌وشیروان زۆری پێخۆش بوو. باسی ئه‌وه‌ی کرد که‌ له‌ ئێران پاشایه‌کی عادل هه‌بووه‌ ناوی نه‌وشیروان بووه. ئه‌م پاشایه‌ له‌ ناو خه‌ڵکدا زۆر خۆشه‌ویست بووه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ پیاوێک بووه‌ زۆر به‌ ته‌نگ خه‌ڵکی فه‌قیرو هه‌ژاره‌وه‌ بووه‌ و زۆر له‌ ره‌عیه‌ته‌که‌ی پرسیوه‌ته‌وه‌. کێ زوڵمی لێده‌کرێ و کێ زوڵمی لێناکرێ؟ جا راستی من له‌ دڵی خۆمدا وه‌ختی خۆی ئه‌م نه‌وشیروانه‌م به‌ ناوی ئه‌وه‌ ناو ناوه‌«.

مستەفا ئەمین، پیاوێکی خوێندەوارو شارەزای مێژوو بوو. نەوشیروان مستەفا لە چاوپێکەوتنێک لەگەڵ «پشووی کوردستانی نوێ»  کە لاوەند نەوزاد ئەنجامی داوەو لە ژمارە (١٦) تشرینی یەکەم، ٢٠٠٠، بڵاو کراوەتەوە دەربارەی باوکی ئەڵێت، «باوکم خوێندەوار بوو... لە ناو ماڵی خۆماندا باوکم زۆر لەگەڵ ئێمەدا خەریک دەبوو کە لە خوێندندا پێشبکەوین. بۆئەوەی رەوشتمان باش بێت، هەڵسوکەوتمان لە ناو کۆمەڵدا رێکوپێک بێت. تووشی کەچڕەوی و خراپە نەبین. من لە پەروەردەی خۆم تا ئەندازەیەکی زۆر خۆم بە قەرزاری باوکم دەزانم. ئەو فێری کردم لە ژیانی تایبەتی خۆمدا چۆن رەفتار لەگەڵ خەڵکدا بکەم و هەڵسوکەوتم چۆن بێت، پەیوەندیم لەگەڵ لێقەوماو و فەقیر و هەژارندا چۆن بێت. بەرامبەر بە گەل و نیشتیمانەکەم جۆری بیرکردنەوە و دڵسۆزیم چۆن بێت. لەمانەدا من خۆم بە قەرزاری باوکم و بنەماڵەکەمان دەزانم کە فێریان کردم.»


مستەفا ئەمین، باوکی نه‌وشیروان مسته‌فا ئه‌مین، نەوشیروان مستەفای بە ناوی نەوشیروانی دادپەروەر «٥٠١-٥٧٩» که‌ فەرمانڕەوایەکی ساسانی بوو، لە ماوەی حوکمیدا لە ساڵی «٥٣١ بۆ ٥٧٩» شەهەنشای ئیمپراتۆری ساسانی بوو. ناوی خۆی خه‌سره‌وی یه‌که‌م بووه‌. لە ماوەی حوکمڕانیدا چاکسازی ئیداری و سیاسی و سەربازی ئەنجامدا و دەسەڵاتی لە ئاغاکان سەندەوە و گەڕاندیەوە بۆ گەل. پاش کۆچی دوایی گەلەکۆمەیەك لەلایەن ئاغاکانەوە ئەنجامدرا و چاکسازییەکانیان هەڵوەشاندەوە.


نەوشیروان مستەفا ئەمین دادپەروەر و چاکسازیخواز و نیشتیمانپەروەرێکی رەسەن بوو کە تەواوی ژیان بەخشی بە کورد و کوردستان. هه‌میشه‌ که‌سانی سته‌مکار و گه‌نده‌ڵ و بێبه‌ها دژایه‌تی ئه‌ویان کرد تا ئه‌و رۆژه‌ی له‌ ژیاندا بوو. پاش ئه‌وه‌ش هه‌موو که‌وتونه‌ته‌ پیلانگیڕی و گه‌له‌کۆمه‌ له‌ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان. هاوشێوه‌ی ئاغاکانی سه‌رده‌می نه‌وشیروانی ساسانی ئه‌م ئاغا و گه‌نده‌ڵانه‌ که‌ متمانه‌ی خه‌ڵك و شه‌رعیه‌تی حوکمڕانیان له‌ ده‌ستداوه کار ده‌که‌ن بۆ بێکاریگه‌رکردنی هه‌مو هه‌نگاو و روانین و بیری ئازادیخوازی و دادپه‌روه‌رانه‌ی نه‌وشیروان مسته‌فا ئه‌مین. پێچه‌وانه‌ی نه‌وشیروانی ساسانی، سه‌دان هه‌زار هاوڵاتی و سه‌دان سه‌رکرده‌ی گه‌نج و به‌ ته‌مه‌ن، ده‌یان هه‌زار کوڕ و کچی ئازا له‌ دڵ و بیر و روانینیاندا نه‌وشیروان مسته‌فا ئه‌مین و هه‌مو بیر و فه‌لسه‌فه‌ی سیاسی ئه‌ویان هه‌ڵگرتووه‌. ئه‌م پیلانه‌ شکست دێنێت و زوو یان درەنگ ته‌واوی به‌رنامه‌ی نه‌وشیروان مسته‌فا ئه‌مین بۆ دادپه‌روه‌ری و ده‌وڵه‌تی قانون و چاکسازی سیاسی و ئابوری و کۆمه‌ڵایه‌تی جێبه‌جێ ده‌که‌ین.



نمونەیەك لە هاوشێوەی نەوشیروانی دادپەرەر و نەوشیروان مستەفا ئەمین. لە سەردەمی نەوشیروانی دادپەروەردا خەڵکی ئاسایی توانای گەیشتنیان بە شا نەبووە، شا فەرمانی دەرکرد کە زنجیرێکی درێژ کە سەرێکی لە هەیوانەکەیدا و سەرەکەی دیکەشی لە دەرەوەی کۆشکەکەی بێت هەڵبواسرێت. کەسێك کە زوڵمی لێدەکرا خۆی دەگەیاندە زنجیرەکە و دەی لەرزاندا و زنجیرەکە دەکەوتە جوڵە و بەمەش شا بە ئاگا دەهات کە کەسێك لە دەرەوەی کۆشکەکەیەتی بۆ داوای حەقی خۆی و بە هانایەوە دەچوو.



نەوشیروان مستەفا تەنیا سەرکردە و شۆڕشگێڕە نەک لە ناو کورددا بەڵکو لە تەواوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کە ئارەزومەندانە دەسەڵاتی بەجێهێشت و سەنگەری بەرگری لە خەڵکی هەڵبژارد. ئەو دەیتوانی پاش هەڵبژاردنی ١٩٩٢ ببێت بە یەکەم سەرۆکی حکومەتی هەرێم کوردستان. بەڵام رەتی کردەوە.



سەفوەت رەشید بابەتێکی نووسیوە بە ناونیشانی «بیرەوەرییەکی خۆش لە تەک کاک نەوشیروان و مامۆستا مەلا عەبدوڵادا» کە تایبەتە بە مانگرتنی زیندانیانی زیندانی سلێمانی و تێیدا ئەگێڕێتەوە، «یەکێک لە زیندانیکراوەکان لە ناو گرتوخانەکەدا وەک دەڵێن بە ئەمری خوا مردوەو بەڵام مانگرتوەکان جەنازەکە نانێرنە دەرەوە بۆ ناشتنی، بۆیە کاتێ ویستمان سەرلە بەندکراوەکان بدەین تکامان لە مامۆستا مەلا عەبدوڵا بەرخی کە ئەندامێکی چالاکی ڕێکخراوەکە بو کە لە خزمەت ئەودا بچین بۆ ڵایان، کاتێ چوینە ئەوەێ ئەفسەرەکان وتیان ئێمە ناتوانین دەرگاتان بۆ بکەینەوە.


وتمان ئەی چۆن قسەیان لەگەڵ بکەین؟ وتیان ئەتوانن بەو پەیژەیەدا سەرکەون بۆ سەر ئەو دیوارە بەرزەی کە دەڕوانێ بەسەر حەوشەی ناوەوەدا و لەوێو بانگیان بکەن بەڵکو جوابتان بدەنەوە! بەڵێ باشە فەرمایشتەکەتان بە جێیە، بە پەیژەکەدا هەڵگەڕاین، لەسەر دیوارەکەوە هاوارمان لێکردن کە ئێمە ڕێکخراوی مافی مرۆڤین هاتوین بەهانایانەوەو مامۆستا مەلا عەبدوڵا پێیگوتن کە خودا قەبوڵی ناکات نە شەرعەن و نە لەڕوی مرۆڤایەتیەوە دروستە ئێوە دوو ڕۆژە ناهێڵن ئەو جەنازەیە بەرێکرێ، پاشان پرسیمان ئێوە ئیستا داواکاریەکانتان چێە؟ وتیان تەنیا داواکاریمان هاتنی کاک نەوشیروانە بۆ لامان! ئێمەش هەرلەوێوە چوین بۆ لای کاک نەوشیروان داواکاری مانگرتوەکانمان پێ گەیاند، دیارە ئەو بە ئاگا بو لە کێشەکەو خۆی ئاسایی یەکسەر وتی یاڵا با بڕوێن و ئەویش بە هەمان پەیژەدا سەرکەوت وگوێی بۆ داواکاریەکانیان شل کرد و بەڵێنی پێدان کە لە ڕوی یاسییەوە چی جائیز بێت بۆیان جێبەجی بکات، ئیترمانگرتنەکە کۆتایی پێهات ودەرگاکان واڵا کران و جەنازە بەڕێکراو ئاو کارەبا گەڕایەوە و مواجەهە ڕێگەی پێدرا و جەژن بە سەلامەتی تێپەڕی و پاشان بە پێشنیاری کاک نەوشیروان پڕۆژە یاسایەکی لێبوردنی گشتی بە شێوەیەکی ئوسوڵی دەرچو کە گەلێک لەو کێشانەی چارەسەر ئەکرد.»




ئەو پرسیارەی کە سەفوەت رەشید وەڵامی نەداوەتەوە ئەمەیە: بۆچی زیندانیەکان تەنیا دوای بینینی نەوشیروان مستەفا ئەکەن و بە هیچ شت و کەسێکی دیکە رازی نین مانگرتنەکەیان بشکێنن؟ وەڵامی ئەم پرسیارە لە زاری نەوشیروان مستەفاوە لە یاداشتەکانی بەندەدا تۆمار کراوە.


 نەوشیروان مستەفا هەموو رۆژێک لە سەعات (٨) بۆ سەعات (١)ی پاشنیوەڕۆ لە ئۆفیسی خۆی لە بینای خوارەوە لە نهۆمی یەکەم لە گردی زەرگەتە کاری رۆژانە و بینینی هاونیشتیمانیان و کۆبونەوەکانی ئەنجام ئەدا. دواتر ئەچووە بینای سەرەوە و لە ژوری عومەری سەید عەلی دائەنیشت. دەقی یاداشتەکە بەم شێوەیە «دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە ٢٧ی ٩ی ٢٠١٤ لە ژوری عومەر سەید عەلی گفتوگۆ دەربارەی رێڕەوی رووداوکان لە ١٩٩٢ بەدواوە ئەکرا. یەکێک لە باسەکان لەسەر شکستەکانی حکومەت و بڵاوبوونەوەی گەندەڵی و راورووت بوو. بابەتی رەتکردنەوەی وەرگرتنی سەرۆکی حکومەت لەلایەن نەوشیروان مستەفا هاتە بەرباس.


 عومەری سەید عەلی رووی کردە نەوشیروان مستەفا و وتی: «کاک نەوشیروان ئەبو تۆ ئەو پۆستە وەربگریت. تۆ سەرۆکی حکومەتت بە دەست بوایە رەوش و رێڕەوی سیاسەت لە کوردستان بەو شێوە نەدەبو.» دەستبەجێ نەوشیروان مستەفا لە وەڵامدا وتی: «من ئێستاش هەمان رام هەیە. ئەو کات بڕیاری راستمدا. ئێستاش هەمان رام هەیە. پەشیمان نیم لەوەی نەمکرد. شۆڕشی ئێمە بۆ پۆست نەبو بەڵکو بۆ ئازادی کورد بو لە زوڵم و ستەم و نادادی.»


دواتر باسی راو رووت و تاڵانی و گەندەڵی کرا. نەوشیروان مستەفا گێڕایەوە کە رۆژێک هاتن بۆ لای و پێیان ووت کە لە زیندانیەکانی زیندانی سلێمانی مانیان گرتووە و تەنیا بە بینی تۆ رازین. منیش هەستام و رۆیشتم. ویستم بچمە ناو زیندانیەکان. نەیانهێشت. ووتیان ئەترسین شتێک روو بدات. بە پەیژەیەکدا چوومە سەربان. زیندانیەکان سکاڵایان هەبوو لەو رەوشەی تێیدا بوون. یەکێک ووتی من (٦) مانگە لەبەر دزینی مریشکێک بۆ منداڵەکانم لە زیندانم کەچی سەدان کەس کە راورووت ئەکەن ئازاد ئەسوڕێنەوە. ئەو دزییەی من گەورەیە یان هی ئەوان؟ چەند زیندانی دیکە قسەیان کرد کە لەسەر شتی بەسیت گیرا بوون. بەڵێنم پێدان هەر چۆن بتوانم و چیم پێبکرێ بە رێگەی قانونی هەوڵ بدەم کێشەکانیان بۆ چارەسەر بکەم. ئەو رۆژە مانگرتنەکەیان شکاند و دواتر ئەوەی چارەسەری قانونی هەبوو بۆیان کرا.»


بۆ زانینی ساڵی ئەم رووداوە پەیوەندیم بە خالید رەزا ئەمین، قایمقامی ئەو کاتی سلێمانی، کرد. بەڕێزیان جگە لە راستکردنەوەی تەواوی رووداوەکە کە سەفوەت رەشید گێڕاویەتیەوە چەند زانیارییەکی دیکەی خستەڕوو. یەکەم، رووداوەکە ساڵی ١٩٩٤ بووە. دووەم، زیندانیەکان متمانەیان بە کەسی دیکە نەبووە و قسەی نەوشیروان مستەفا بەهۆی ناسراوی بە راستگۆی و دادپەروەری لای ئەوان سەنەد بووە. سێیەم، زیندانیەکان داوایان کردووە نەوشیروان مستەفا بچێتە ناو زیندانەکە بۆ لایان بەڵام بەهۆی دڵنیا نەبوون لە کاردانەوەکان ئەوان رازی نەبوون. چوارەم، زیندانەکە بەهۆی نەبوونی شوێن زۆر قەرەباڵغ بووە. زیندانی تاوانباری تێدا بووە بەڵام زیندانیش هەبووە لەسەر شتی بچووک زیندانی کراوە.


نەوشیروان مستەفا ئەمین هەمیشە نزیك بوو لە خەڵك و نە کۆشکی هەبوو زنجیری پێوە بکات و نە دەرگای هەبو بەسەر خەڵکدا دابخرێت. هەموو کەس دەیتوانی بە ئاسانی بیبینێت و داوا و سکاڵا و رای خۆی پێبگەیەنێت. ئەو دەیان و سەدان هەزار هاوڵاتی بینی بوو بە درێژایی ژیانی و ئەو رۆژەی کۆچی دوای کرد هەمان ئەو خەڵکە هاتن و بە شکۆوە بەڕێیان کرد. ئێستاش و تا هەمیشە ئەو هی هەموو خەڵکی دادپەروەریخواز و ئازادیخواز و چاکسازیخوازە.

نه‌وشیروان مسته‌فا له‌ته‌مه‌نی‌ نۆ ساڵیدا (ده‌ستی‌ راست) له‌گه‌ڵ به‌ختیاری‌ برای‌ ساڵی‌ 1953

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن

Advertisement