437وتار

با خۆمان بین، نەك ئەوانی دۆڕاو

4/6/2021 10:27:00 AM
پەرێز سابیر

گرفتی سەرەكی لە ئێستای كۆمەڵگەی ئێمەدا بەشێوەیەكی گشتی "خۆ نەبوونە"، ئەمە بەو مانایەی زۆرینەمان بە ژن و پیاو، مامۆستا و خوێندكار و زۆرینەی چینەكانیشەوە هێندەی خۆ سەرقاڵكردنین بە ئەوانی ترەوە نیو هێندە سەرقاڵی خۆمان و ژیان و بیركردنەوە و هەوڵدان بۆ پێشخستنی خۆمان نین، ئەم گرفتەش مرۆڤ و كۆمەڵگە دەكوژێ لەپێش ئەوانەشەوە خێزان.

ژن و پیاو كە پێكهێنەری سەرەكیی خێزانن رۆڵی گەورەش هەر خۆیان دەتوانن بیگێڕن بۆ بنیاتنانی خێزانەكە وەكو یەكەیەكی بچووك، دواتریش منداڵەكانیان بۆ بنیاتنانی تاكێكی بەهێز، هەروەها بەردەوام گەشەدان بە پەروەردەكردنی خۆشیان بۆ ئەوەی شێواز و تەكنیكە نوێیەكانی پەروەردە فێربن و لەنێو ماڵەكەیاندا بیخەنە بواری جێبەجێكردنەوە.

گرنگی خێزان لەوەدایە راستەوخۆ پەیوەندیی بە پەروەردە و گەشەكردنی منداڵەوە هەیە، واتە دەتوانێت سەرەتایەكی باش بێت بۆ ئەوەی پەروەردەكراوێكی باش بنێرێتە باخچەی ساوایان بۆ ئەوەی لەوێوە بەهرەكانی زیاتر دەربكەون و گەشەی پێبدرێت و ئیتر وردە وردە لە قوتابخانە بە هەموو قۆناغەكانی و زانكۆشەوە زیاتر و زۆرتر گەشە بە لایەنی كەسێتی و توانای مەعریفییان بدرێت.

ئەو ئەركە گرنگە دوو كارەكتەرە گرنگەكە "دایك و باوك" دەیگێڕن كە ئەوەش پەیوەستە بەوەی باوك و دایك تاچەند خۆیانن و بڕوایان بە گەشەكردنی خودی خۆیان هەیە نەك كارەكتەرێكی تەقلیدیی ناو سەنتەر و رێكخراو و خێزان و شوێنەكانی تریش بن.

خۆبوون گرنگترین سەرەتایە بۆ كەسێتی سەركەوتوو و خاوەن ئاوەز و بیركردنەوە و خولیابوو بە پێشكەوتن و بە مەدەنیكردنی كۆمەڵگە، خۆ بوون هەنگاوە گرنگەكەی پەروەردەیە كە هەر كەسمان پێویستە كە بینێین و وابین و بیر لە باشتربوون بكەینەوە.

كەسێتی خاوەن ئیرادە و خۆبوو لە كۆمەڵگەی ئێمە بەردەوام تووشی كێشە دەبێتەوە، چونكە رێگەی جیاوازی بۆ پەروەردە و فێربوون و بەدیهێنانی خەونەكانی هەیە، خۆی و خێزان و بیركردنەوەی جیاوازە، ئێ خۆ لە كۆمەڵگە دواكەوتوو یان خێڵەكییەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئیسلامییەكاندا بیركردنەوەی جیاواز و كەسێتیی خۆبوو و ئازاد بەردەوام تووشی كێشە دەبێت و رەنگە هەورازەكانی بەردەمیش یەكجار زۆربن.

خۆبوون بەرهەمهێنەری ئیرادە، ئازادی و هزری ئازادە، هەروەها دوورە لە درۆ و خۆنمایشكردن و خۆپیاهەڵواسین و هۆنینەوەی چیرۆكی ناڕاست بۆ خۆ بە پاڵەوانكردن، بەڵكو هەر خۆبوونەكەی كەسێتییەكی جیاوازی پێدەبەخشێت و سوودی زۆریشی بۆ داهاتووی كۆمەڵگە دەبێت.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن