1075وتار

مەترسیەکانی توندوتیژی دژی ژنان

12/5/2020 12:47:00 PM
پەرێز سابیر

قوربانیەکانی توندوتیژی خێزانی زۆرینەی هەرە زۆریان ژنان و کچانن، بەشێکی زۆری توندوتیژیەکانیش لەلایەن کەسە نزیکەکانەوە ئونجام دەدرێن یان ئەوان هۆکارن بۆ ڕودانیان، کە دەڵێین کەسە نزیکەکان واتە ئەوانەی لە خێزاندا پلەی نزیکی خزمایەتیان لەگەڵ قوربانیەکاندا هەیە، یاخود ئەوانەی جێگەی متمانەی قوربانیەکانن و هیوا و ئاواتیان پیایاندا هەڵواسیوە، کە بەداخەوە لەکۆتاییدا دەبنە مۆتەکەی گیانی قوربانیەکە و توشی کارەساتی دەکەن و زۆربەی جاریش ڕووداوەکان بە کوشتنی ژن یاخود کچەکان کۆتاییان دێت و ئەوەی جێگەی داخە تەنانەت دوای تاوانەکەیش پەنجەی گوناهباری بۆ قوربانیەکان درێژ دەکرێت!


ئەم بابەتە لە کوردستان خەریکە دەبێتە دیاردە و لە حاڵەت دەرچووە، کاردانەوەکانیش وەك پێویست نین و زۆر جار لە لێدوان وکاری ڕاگەیاندن ونمایش ئامێز تێناپەڕن، تەنانەت ئەو کەمپین و گردبوونەوەی پشتیوانیانەی لەکاتی ڕودانی تاوانەکانی دژی ژنان ئەنجام دەدرێت کورتخایەنن ومانەوەیان بۆ ماوەیەکی وەها نیە کە بتوانن ئەنجامی دڵخۆشکەر  بەدەست بێنن، بۆیە زۆربەی کەیسەکان بە دەربازبوونی تاوانبارەکان و فەوتانی مافی قوربانیەکە کۆتایی دێت.


ئەو ڕوداوە توندوتیژی ئامێزانە و ئەو تاوانانەی دژی ژنان دەکرێن بە ئاشکرا پێمان دەڵێن ئاسایشی خێزان وکۆمەڵگا لەمەترسیدان، پێمان دەڵێن خانەی سەرەکی دروستبوونی وڵات کە خێزانە لە لێواری لەناوچوندایە و مەترسیەکی گەورە لە ئارادایە، لەهەمان کاتدا وەهامان لێ دەخوازن کاری جدی و هەمە لایەن بکەین بۆ دەربازبوون لەو مەترسیە و ڕزگارکردنی خێزان لەو هەڕەشە ترسناکە، کاری هەمەلایەن واتا بینینی مەترسیەکە وەک خۆی و بەسەنگی خۆی، ڕوبەڕوبوونەوەیشی بەقەبارەی خۆی و لەپێناو نەهێشتن و کەمکردنەوەیاندا، نەوەك لەپێناو بەنجکردن و تێپەڕاندنیان و ئیتر بێدەنگبوون تا.


ڕوودانی تاوانێکی تر!

لێرەوە دەڵێن مەترسیەکانی توندوتیژی خێزانی کە بەشێکیان زادەی کەلتور وبەشێکیشیان زادەی کێشەکانی کۆمەڵگان، بەتەنها مەترسی نین لەسەر خودی قوربانیەکان وبەس، بەڵکو دەبێت لەلایەن دەسەڵات و ڕێکخراوەکان و ناوەندەکانی توێژینەوە و زانکۆکانیشەوە وەك هەڕەشەیەکی فراوان لەسەر ئاسایشی خێزان و کۆمەڵگا تەماشا بکرێن وهەوڵی هەمە لایەن بخەنە گەڕ لەپێناو ڕێگە  لێگرتنیان، بۆئەوەی لەوە زیاتر تەشەنە نەکەن، بۆئەوەی بتوانرێت بەهەموو لایەکەوە چارەسەری ڕاستەقینە پێشنیار بکرێت، بەشێوەیەك کە چارەسەرەکان جێ متمانەی قوربانیەکان بن و بە دوربن لە ڕێککاری ڕوکەش و کاتی، کە تەنها دامرکانەوەی ناڕەزایی و ئازارەکان بێت بەشێوەی کاتی و هیچی تر، چونکە ئەوە دەبێتە مایەی تەشەنەکردنی دیاردەکانی توندوتیژی و تەنینەوەی بۆ گشت خێزانەکان و دواجاریش چارەسەری دەبێتە ئەستەم و دەرەنجامەکانیشی کارەساتی گەورە دەبن.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن