راگەیاندن و حكومەت لە سەروەختەكانی دەركەوتنی كۆرۆنادا
1/28/2021 8:27:00 PM
پەرێز سابیر
پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنا
بۆ یەكەمینجار لە رۆژی 17ی تشرینی دووەمی ساڵی 2019 لە شاری وهانی چینەوە سەریهەڵدا
و دواتر بەهۆی خێرایی بڵابوونەوەكەیەوە زوو گەیشتە زۆربەی وڵاتانی جیهان.
دەسەڵاتدارێتی چین سەرەتا وەكو مەترسییەك پیشانی
نەدا، بەهۆی نەبوونی راگەیاندنی تەواو ئازادەوە لەو وڵاتە، تا ماوەی چەند مانگێك كەمترین
زانیاری لەسەر ڤایرۆسەكە بڵاوكرایەوە و رێكخراوی تەندروستی جیهانیش جگە لە دەركردنی
چەندین رێنمایی بۆ خۆپارێزی لە تووشبوون بە پەتاكە، بەئێستایشەوە پێكوتەیەكی كاریگەر
لە دژی ڤایرۆسەكە نەدۆزراوەتەوە. دەركەوتنی ڤایرۆسەكە بە چەند قۆناغێكدا تێپەڕی بەم
شێوەیە:
- قۆناغی شاراوە
كە بەپێی رۆژنامەیەكی چینی دەكەوێتە رۆژی 17ی تشرینی دووەمی 2019.
- لە 31ی كانونی
یەكەمی 2019 بەئاشكرا باس لە بڵاوبوونەوەی پەتاكە لە شاری وهان كرا.
- لە رۆژی 11ی
كانونی دووەمی 2020 یەكەم حاڵەتی گیانلەدەستدان بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوە لە وهان تۆماركرا
كە پیاوێكی تەمەن 60 ساڵان بوو.
- بەپێی زانیاریی كەناڵەكانی راگەیاندن لە 24ی
كانونی دووەمدا ڤایرۆسەكە گەیشتە وڵاتانی ئەوروپا.
- هەروەها لە 30ی كانونی دووەمی 2020دا رێكخراوی
تەندروستیی جیهانی، دۆخی لەناكاوی راگەیاند.
وردە وردە حكومەت و دەوڵەتە جیاوازەكان لەسەر
ئاستی جیهان، خەڵكیان لە ماڵەكانیان كەرەنتین كرد، هاتوچۆ قەدەغەكرا، بە ریزپەڕی
هەندێك كەس و گروپی وەكو پەرستاران و پزیشك و دەزگاكانی راگەیاندن.
دەزگاكانی راگەیاندن
لەسەر ئاستی جیهان بەگشتی روماڵی بڵاوبوونەوەی پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنایان كرد، هەرچی
پەیوەندی بە هەرێمی كوردستانەوە راگەیاندن بە چەند شێوەیەك رووماڵی كرد: یەكەم:
راگەیاندنی حزبەكانی دەسەڵات بەشێوەیەك باسی بڵاوبوونەوە پەتاكە و شێوازی تووشبوونیان
دەكرد كەوا بووە هۆی ترساندنی خەڵك و دروستكردنی كاریگەریی نەرێنی لەسەر كەسێتی.
لەكاتێكدا یەكێك لە رێگەكانی بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا
كە خرایەڕوو بریتی بوو لەوەی ورەی خەڵك بەرز بكرێتەوە بۆ ئەوەی كاربكاتە سەر بەهێزبوونی
بەرگریی جەستە.
دووەم: هەندێك راگەیاندن بوون و بڵاوبوونەوەی پەتای
ڤایرۆسی كۆرۆنایان بە سیناریۆ دەزانی تا ماوەیەكی زۆر، باسیان لەوە دەكرد حكومەتی
هەرێمی كوردستان بەهۆی ئەوەی توانای پێدانی مووچەی نییە بۆیە خەڵكی كەرەنتین
كردووە. سێیەم: لەو ماوەیەدا كەمترین ژمارەی راگەیاندن رووماڵی واقیعیانەی كرد، بەهۆی
ئەوەی راگەیاندنی ئەهلی و سەربەخۆ تا ئەندازەی نەبوونە، بەڵكو زیاتر راگەیاندنێكی
ئاراستەكراوە و لە سێبەری حزب، كەسێتی سیاسی، كۆمپانیاكاندایە.
حكومەت و كەرەنتینە حكومەتی هەرێمی كوردستان لە
سەرەتا بڵاوبوونەوەی پەتای ڤایرۆسی كۆرۆناوە و دەنگۆی كەرنتینەكردنەوە لە دوو كەناڵی
جیاوازەوە مامەڵەی لەگەڵ پەتاكە كرد بەم شێوەیە:
یەكەم: ترساندنی
خەڵك و فشار دروستكردن لە رێگەی وەزارەتی ناوخۆ و دەزگا ئەمنییەكانی دیكەوە، بۆ
ئەوەش چەندین جۆر سزای دانا كە خەڵكی بێزار كرد.
دووەم: لە رێگەی
وەزارەتی تەندروستییەوە رێنمایی جۆراوجۆری بڵاوكردەوە، بەڵام بەهۆی لاوازی كەرتی تەندروستی
و نەبوونی نەخۆشخانەی پێویست و نەبوونی زانیاریی ورد لەبارەی پەتاكەوە، حكومەت سەركەوتوو
نەبوو لەوەی خەڵك هەم كۆنترۆڵ بكات و هەمیش بڕوایان پێ بهێنێت كەوا پەتاكە ترسناكە.
دەرئەنجامی بەرپرسیارێتی
حكومەت لە قۆناغی بڵابوونەوەی كۆرۆنا بەم شێوەیە:
یەكەم: سەركەوتوو
نەبوو لەوەی بڕوا بە خەڵك بهێنێت پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنا مەترسیدارە، بەڵكو پێچەوانەی
ئەمەش خەڵك حكومەتی تۆمەتبار دەكرد بەوەی خەڵك دەترسێنێ بەهۆی كۆرۆناوە. دووەم:
بەهۆی قەیرانی داراییەوە حكومەت نەیدەتوانی مووچەی فەرمانبەران بدات، دەوترا كەرنتینەكردنی
خەڵك رێگەیەكە بۆ ئەوەی لە ماڵەكانیان بمێننەوە و بیر لە مووچە نەكەنەوە.
سێیەم:
سنوورداربوونی توانای كارگێڕی، سیاسی، ئابووری و تەندروستیی حكومەتی هەرێمی
كوردستان.
دەرئەنجامەكانی بەرپرسیارێتی راگەیاندن لە قۆناغی
بڵابوونەوەی كۆرۆنا:
یەكەم: ترسی زیاتر بڵاوكردەوە لە رێنمایی، چونكە
خودی پەتاكە نوێ بوو و لەسەر ئاستی جیهانیش زانیاری لەبارەیەوە كەمبوو.
دووەم: دەركەوت راگەیاندنی كوردی راگەیاندنێكی سیاسی
ئاراستەكراوە و كەمترین بایەخی بۆ لایەنی تەندروستی هەیە.
سێیەم: لایەنی
بنكۆڵكاری و بەدواداچوونی راگەیاندنی كوردی لاوازە، بۆیە ئەوەی لەسەر كۆرۆنا كردیان،
زیاتر بڵاوكردنەوەی هەواڵی بەپەلە بوو نەك بەدواداچوون و بنكۆڵكاری.