خوێندنەوەیەک بۆ پێشنیازە یاسای رێکخستنی میدیای ئەلکترۆنیى و سۆشیالمیدیا لە هەرێمی کوردستان – عێراق
8/16/2020 7:26:00 PM
پەیمان عیزەدین
پێشنیازە یاسای ڕێکخستنی میدیای
ئەلکترۆنی و سۆشیالمیدیا ،کە لە پەرلەمانی کوردستان خوێندنەوەی یەکەمی بۆ کراوە و
ئێستا لە قۆناغی نوسینی ڕاپۆرتی لیژنە پەیوەندیدارەکانی پەرلەمانە بۆ ئامادەکاری
بۆ خوێندنەوەی دووەمی یاساکە ، یەکێکە لە یاسا پەیوەندیدارەکان بە بەشێکە زۆری
ڕۆژنامەنوسان و هاووڵاتیانەوە بە گشتی، لەم ڕوانگەیەوە ئەم خوێندنەوەیە ئەخەمە
بەرچاو.
یەکەم : ئەم یاسایە کێ
ئەگرێتەوە ؟
بەگوێرەی ماددەی(٤) ی پێشنیازی
یاساکە ، هەموو ئەوانەی لە ڕۆژنامە و پێگەی ئەلکترۆنی فەرمی بابەت بڵاودەکەنەوە
یان ئەوانەی لەو پێگە فەرمیانە سەرنوسەر یان خاوەن ئیمتیازن ، یان هەرکەسێک کە وەک
تاک لاپەرە یان ئەکاونتی هەیە لە یەکێ لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا ، ئەم یاسایە
ئەیانگرێتەوە .
کەواتە ئەم یاسایە تایبەت نیە
بە پێگە و ڕۆژنامە ئەلکترۆنیەکان ،بەڵکو کۆی ئەو نوسین و بابەتانە ئەگرێتەوە کە
لەلایەن کەسی سروشتی یان دامەزراوەی مەعنەوی بڵاو و پەخش ئەکرێنەوە ، لە پێگەیەکی
فەرمی بێ یا لاپەڕەو ئەکاونتی کەسیی .
دووەم : ئەم یاسایە سزای کێ ئەدا و چی بە تاوان
داناوە ؟
لە ماددەکانی ١٢ ، ١٣،١٦ تاوان
و سەرپێچی و سزاکانیش دەستنیشانکراون .
-ماددەی (١٢) :
لەم ماددەیەدا بێ
دوبارەکردنەوەی جۆری تاوانەکان ، ڕاستەوخۆ بڕگەکانی (٢ و ٤ ) لەماددەی چوارەمی
یاسای بەڕەنگاربونەوەی تۆقاندن (تیرۆر ) ی کردووە بە بەشێک لەم یاسایە و هەموو
ئەوانەی ئەم یاسایە ئەیانگرێتەوە نابێ ئەو بابەتانە بڵاوبکەنەوە کە یاسای
بەڕەنگاربونەوەی تۆقاندندا هاتووە.
کەواتە ئەو بابەتانە کامانەن کە بە پێی بڕگەکانی
(٢ ،٤ ) نابێ بڵاو ببنەوە ؟
ماددەی چوارەمی یاسای ژمارە
(٣) ی ساڵی ٢٠٠٦ ئەڵێ : ئەم کارانەی
خوارەوە بە تاوانی تیرۆر دادەندرێن و سزادەدرێن بە زیندانی ، کە لە ١٥ ساڵ تێپەڕ
نەکات .
بڕگەی ٢ لە ماددەکە کە ئەم پێشنیازی یاسایە پشتی پێبەستووە ئەڵێت :
نوسراو ، چاپەمەنی ، کاسێتی
تومارکراو ،یان هاوشێوەی ، وێنەی وای لەلا بێت یان بەدەست بێنێت ، کە هاندان ،
بەچاک زانین ، یان پڕوپاگەندە لەخۆبگرێت بۆ ئەنجامدانی تاوانی تیرۆرکاری بەمەبەستی
بەخشینەوەی یان بڵاوکردنەوەی .
بڕگەی ٤ ئەڵێت :
ئەگەر بە ئەنقەست ، هەواڵ ،
ڕونکردنەوە ،یان پڕوپاگەندەیەکی تۆقێنەر بڵاوبکاتەوە ، هۆیەکانی ڕاگەیاندنی بینراو
، بیستراو ، خوێندراو ، یان ئەلکترۆنی بەهەل وەربگرێت ، یان بەکاریان بێنێت ، لە
ئەنتەرنێت بەیاناتی ئەوتۆ بڵاوبکاتەوە کە ڕاستەوخۆ بگاتە ڕادەی هاندان بۆ
ئەنجامدانی تاوانی تیرۆرکاری وەها کە ئاسایشی گشتی بخاتە مەترسیەوە و ترس بخاتە
نێو هاووڵاتیان و هەڕەشە لە قەوارەی سیاسی هەرێم بکات .
جا ئەگەر بە وردی سەیری ئەو
دوو بڕگەیە بکەین ، ئەزانین کە بۆ خودی یاسای بەرەنگاربونەوەی تیرۆریش چەند
کارەساتبارە ، کۆی ماددەی چوارەمی ئەو یاسایە پڕیەتی لە ناڕۆشنی و لاستیکیی چەمک و
دەستەواژەکان ، کە ئەمە بەردەوام ڕەخنە بووە لەو یاسایە و وەک داوێک بۆ سزادانی
نەیارانی سیاسی پارتی و یەکێتی باسکراوە ، بەڵام ئامادەکارانی ئەم پڕۆژەیە و
دواتریش ئەوانەی واژۆیان لەسەر کردووە (بەئاگاییەوە بوبێ یا بێئاگایی ) مەودای ئەو
سزایەیان لە سیاسەتوان و ئەندامانی پارتە سیاسیەکانەوە ، فراوانتر کردووە تا کۆی ئەوانە بگرێتەوە کە قسە ئەکەن لە شوێن و
پێگەی فەرمی بێ یا نا فەرمی .
ئاسایشی گشتی وتاوانی
تیرۆرکاری کامانەن ، کێ دەستنیشانیان ئەکات ؟
هەواڵ و ڕونکردنەوەی تۆقێنەر
چین و چۆن دیاریدەکرێن؟
بە جێهێشتنی تەفسیر و
تەئویلکردنی هەموو ئەو ناڕونیانە بۆ دەسەڵاتێکی دادوەری حیزبی ، لە بەرژەوەندی
کێدایە ؟
-ماددەی (١٣) :
لەم ماددەیەدا ئەڵێت : جگە لەو سزایەی کە لە مادەی (١٢) هاتووە، دادگاکان بەپێی بڕگەی (دووەم)ی "مادەی شەشەم"ی " یاسای
رۆژنامەگەريی لە کوردستان/ ژمارە 35ى سالَى 2007"، سزای سەرپێچیکاران دەدات.
باشە ئەگەر بگەڕێینەوە سەر ئەو ماددەیە لەیاسای ژمارە (٣٥) ساڵی
٢٠٠٧ ، ئەبینین تایبەتە بە ڕاستکردنەوە و وەڵامدانەوە ، واتە تایبەتە بەو پێگەو و
ڕۆژنامانەی کە وەڵام یا ڕاستکردنەوەیەک بڵاو ناکاتەوە .
ئەوەی جێی سەرسوڕمانە لە نێوان ئەو تاوانانەی لە ماددەی ١٢
ئاماژەیان بۆ کراوەو ئەوەی لە ماددەی ١٣ دا هاتووە ، ڕیزێک تاوانی تر هەن کە لە سۆشیال
میدیا ئەنجام ئەدرێن و ئەم یاسایە دورو نزیک نەچووە بەلایاندا و ئەوانە ئێستا
کێشەی بەشێک لە خەڵک و بۆشایی یاسایشە ، لەوانی هەڵخەڵەتاندن ، دزی ، ئیستیغلالکردن
و دەیانی تر.
ماددەی (١٦) :
زۆربەی بڕگەکانی ئەم ماددەیە دژ بەیەک و ناکۆکە لەگەڵ ماددەکانی
پێش خۆی بە نمونە :
بڕگەی دووی ئەم ماددەیە سزایەکی پێنچ سەد هەزاری تا سێ ملیونی
داناوە بۆ ئەوانەی کە سەرپێچی ماددەی (١١)ی یاساکە ئەکەن .
کە ئەگەڕێتەوە سەر ماددەی (١١) تایبەتە بە وەڵامدانەوە و
ڕاستکردنەوە ، ئەمە لە کاتێکدایە کە لە ماددەی (١٣) بۆ سزادانی وەڵامنەدانەوە و ڕاستکردنەوە گەڕاوەتەو
بۆ ماددەی شەشەم ، بڕگەی دووەم لە یاسای ژمارە (٣٥)ی یاسای ڕۆژنامەگەری ، بەڵام
لەوێدا سزاکە ١ ملیۆن بۆ ٢ ملیۆنە .
باشە لە یەک یاسادا چۆن دوو سزای جیا بۆ هەمان کردار دەستنیشان
ئەکرێت ، دادوەر بە کام سزایەیان بڕوات ، ئەوەی لە یاسای ژمارە (٣٥) هاتووە و ماددەی (١٣) ئەم یاسایە خۆی پێوە پابەند
کردووە یا یەوەی لە ماددەی (١٦) دا دەستنیشان کراوە .
بڕگەی (چوار)ی ماددەی (١٦) ئەڵێت :
سەرنوسەری "وێبسایت"، یان خاوەنی ئەكاونت و لاپەڕە، سزا دەدرێن بە غەرامەكردنێك كە
لە "1000000" ملیۆنێك دینار كەمتر نەبێت و لە "5000000" پێنج ملیۆن دیناريش زیاتر نەبێت، ئەگەر ناوی كەسێكیان زڕاند،
یان سوكایەتییان پێكرد، یاخود هەڕەشەیان لێكرد، چ بە بڵاوكردنەوەی پۆست بێت، یان كۆمێنت، یاخود نامە. ئەگەر
هەر بەردەواميش بوون، تۆماركردنەكەیان هەڵدەوەشێتەوە و ئەكاونت و لاپەڕە
فەرمییەكەیشیان دادەخرێت و بۆیان نابێت تا ماوەی "3" سێ ساڵ، خاوەندارێتیی وێبسایت و لاپەڕە و ئەكاونت بەناوی خۆیانەوە
بكەن.
ئەم
بڕگەیەش هەمان ناوەڕۆکی ماددەی دووەمی یاسای خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی
هەیە ، بەڵام بە سزایەکی توندتر لە ڕووی غەرامەوە .
بڕگەی
(پێنج)ی ماددەی (١٦) دووبارە جەختی لە جێبەجێکردنی بڕگەکانی (٢ ، ٤ ) لە ماددەی
چوارەمی یاسای بەرەنگاربونەوەی تیرۆر کردۆتەوە و لەم بڕگەیەدا ئەڵێت :
لە كاتی بڵاوكردنەوەی
مادەیەكی میدیایی دا، كە بەپێی خاڵەكانی (2) و (4)ی "مادەی چوارەم"ی "یاسای ژمارە (3)ی ساڵی 2006 یاسای بەرەنگاربوونەوەی تۆقاندن (تیرۆر) لە هەرێمی كوردستان- عیراق" بە تاوانی تۆقاندن هاتوون و قەدەغەكراون،
سەرنووسەری "وێبسایت" و خاوەنی ئەكاونت و لاپەڕە، سزاكانی هەمان
ئەو یاسایە دەیانگرێتەوە.
ئەم
دوپاتکردنەوەیە نیەتی ئامادەکاران و ئامانجی یاساکە زۆرتر ڕوندەکاتەوە ، بۆیە
تەنیا بە ماددەی (١٣) دڵیان ئاوی نەخواردۆتەوە و لە ماددەی (١٦) شدا ئەوەئ دوپاتکردۆتەوە
کە سەرنوسەری وێبسایت و خاوەنی ئەکاونت و لاپەڕە هەمان سزا ئەیانگرێتەوە و مامەڵەی
تیرۆرستیان بۆ ئەکرێت .
ئەمانەو
چەندین سەرنج و تێبینی تر لە سەر زۆری سزاکانی ئاگادارنەکردنەوەی سەندیکا لە چەند
حاڵەتێکت جیاوازدا .
بۆیە بە
هەموو پێوەرێک ئەم پێشنیازی یاسایە ئەگەر ببێتە یاسا ، یەکێک ئەبێ لە خراپترین
یاساکان بۆ کپکردنی ڕەخنە و دەنگی ناڕازیی .
هیوادارم
هەموو ئەو بەڕێزانەی لە ئیمزاکانیان پەشیمان بونەتەوە ، واز لە باسی کێشانەوەی ئیمزاکانیان
بێنن ، چونکە ئەوە تازە هیچ لە بەردەوامیی قۆناغەکانی پەسەندکردن ناگۆڕێ ، بەڵام
ئەتونن لە لیژنەکانیان و ناو هۆڵی پەرلەمان ، دژی ئەو ماددانە بووەستنەوە نەهێڵن
بەم شێوەیە پەسەند بکرێت .