کوردبوونی سەرۆک کۆماری عیراق چی لە دۆخی کورد ئەگۆڕێت ؟
1/24/2022 3:22:00 PM
پەیمان عیزەدین
هەر چوار ساڵ جارێک زۆرینەمان ئەکەوینەوە ناو
قوڵایی ئەو بازنە بچوکەی تێڕوانینی سیاسی کە ساڵانێکە پارتی و یەکێتی ئێمەیان تیا
قەتیس کردووە ، بەمەرجێک ئەگەر دیقەت لە ڕۆڵ و ئەرکەکانی سەرۆک کۆمار بدەین لەدەستوری
عیراقدا ئەوا ئاسان تێئەگەین کە ڕۆڵی سەرەکی سەرۆکی کۆمار ڕۆڵێکی تەشریفاتیە و ئەرکی
سەرەکیشی پاراستنی سەربەخۆیی و سەروەری و یەکپارچەیی خاکی عیراقە وەک ئەوەی لە
ماددەی ٦٧ ی دەستوری عیراقدا هاتووە.
لە ڕوی دەسەڵاتەکانیشیەوە کە لە ماددەی ٧٣ ی دەستوردا
باسکراوەو دەسەڵاتەکانی دەستنیشان کردوە کە
بریتین لە :
- دەرکردنی لێبوردنی
تایبەت لەسەر داوای سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران.
- پەسەندکردنی پەیماننامە
و ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتیەکان دوای ڕەزامەندی ئەنجومەنی نوێنەران لەسەریان.
- پەسەندکردن و دەرچواندنی
ئەو یاسایانەی لە ئەنجومەنی نوێنەرانەوە دەردەچن .
- بانگهێشت کردنی
ئەنجومەنی نوێنەرانی هەڵبژێردراو بۆ گرێدانی یەکەم دانیشتنیان.
- بەخشینی میدالیا
و نیشان لەسەر داوای سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران .
- رازامەندیدان لەسەر
باڵیۆزی وڵاتان .
- دەرکردنی مەرسومە
کۆماریەکان .
- پەسەندکردنی
سزای لەسێدارەدان .
- هەڵدەستێ بە ئەرکی
سەرۆکایەتی هێزە چەکدارەکان لە بۆنەکان و بۆ مەبەستی تەشریفاتی .
جا بە وردبونەوە لە دەسەڵاتانە ئەبێ بەرچاوڕونبین
لەوەی کە نەک تەنیا بە ململانێی نێوان یەکێتی و پارتی هیچ لە دۆخی کورد ناگۆڕێ بەڵکو
گواستنەوەی ململانێکە بۆ نێوان کورد و نەتەوەکانی تری عیراقیش هیچ لە دۆخەکە ناگۆڕێت.
خۆ ئەگەر لەناو دەق و ماددە دەستوریەکانیش بێینە
دەرەوە و ئەزمونی ئەم چەند ساڵەی پێشوو بکەینە پێوەر ،ئەوا نە لە سەردەمی سەرۆکایەتی
مام جەلال و نە دکتۆر فوئاد مەعسوم و نە دکتۆر بەرهەمدا هیچ گۆڕنکاری لە دۆخی
کورددا ڕوینەداوە .
بۆ نمونە بەهۆی کوردبونی سەرۆک کۆمارەوە جێبەجێکردنی
ماددەی ١٤٠ هیچ تیژڕەوی یا چونەپێشەوەی بەخۆیەوە نەبینی ، سەرۆک کۆمار کورد بێ یا
عەرەب ناتوانن ئەنجومەنی نوێنەران ناچار
بکەن بە زیادکردنی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان ،هەروەک چۆن ناشتوانن ئەنجومەنی وەزیران
والێبکەن بێ گوێدانە فرۆشتنی نەوتی هەرێم و شاردنەوەی لە عیراق ، بەشە بودجەکەی بە
تەواوی و لەکاتی خۆیدا بنێرن.
لە ڕوی مافە نەتەوەییەکانیشەوە سەرۆک کۆمار نەیتوانیوە
و لەئێستاشدا هەر ناتوانێ دان بە سەربەخۆیی هەرێم و ریفراندۆمەکەیدا بنێت.
هەموشمان ئەبینین کە سەرۆک کۆمار نەیتوانیوە هێرشی
تورکیا و ئێران بۆسەر خاکی هەرێمی کورساتان ڕابگرێت.
هەموو ئەمانەش پەیوەندی دور و نزیکیان بە باشی
و خراپی ، زیرەکی و گێلێتی ، پاکی و گەندەڵی سەرۆک کۆمارەوە نیە ، ئەمانە شتگەلێکن
کە دەستوردەستنیشانیان ئەکات ،بۆیە سەرۆک
کۆمار کورد بێ یا عەرەب یا تورکمان هیچ لە دۆخی کورد ناگۆڕێ ئەوەندە نەبێ کە کەسێتیەکی
تری وەک پاپای ڤاتیکان سەردانی عیراق بکات و سەرۆک کورد بێ بۆ چەند ڕۆژێک هەستی شۆڕشگێڕی
و گوڕوتینی کوردایەتیمان بەرزئەبێتەوە کە ئەمەش بەداخەوە زیاتر ئەمانلکێنێ بەو هەستە
ساختەیەی کە تەنیاو تەنیا خزمەت بە مانەوەی پارتی و یەکێتی ئەکات.
ئەوەی لە ئێستادا دوژمنی سەرسەختی دادپەروەری و
یەکسانی و دیومکراسیەتە لە هەرێمی کوردستاندا ، یەکبون و تەبایی و هاوڕا بونی پارتی
و یەکێتیە چونکە بنەمای یەکبونی ئەو دوو پارتە بەژەوەندی ئابوری و دابەشکردنی خێروبێری
هەرێمە لە نێوانیاندا نەک خۆشگوزەرانی خەڵک و سەروەری یاسا و قەدەغەکردنی قۆرخکاری
و گەندەڵی ئاشکرا ، ئێستاش خاڵی ناکۆکییان لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمار هیچ پەیوەندی بە
مافی کورد و ئایندەی ئەم گەلەوە نیە لە عیراقدا ، پارتی و یەکێتی وەک دەستکەوتێکی
ماددی چاویان لەو پۆستەیە و تەنیا بەژەوەندی ئابوریە کە ئەتوانێ درز بخاتە نێوان ئەو
دوانە .
هیوادارم نوێنەرانی کورد لە بەغدا بەتایبەت ئەوانەی
دەرەوەی یەکێتی و پارتی نەچنە ژێر کاریگەری هەستی نەتەوایەتی ساختەوە و دڵنیابن لەوەی
ئەو پۆستە هیچ پەیوەندیەکی بە مافە نەتەوەییەکانی کوردەوە نیە ، سەرۆکی کۆمار لە ڕوی
مەعنەویەوە رەمزی عیراقە و لە ڕوی ماددیەوە قازانجە بۆ یەکێتی یا پارتی ئەگەر کورد
بێ .