لە دادگا چیم بینی؟ چیرۆکی لە سێدارەدانی هاوسەری سێوان قادر
8/12/2020 10:32:00 AM
بڕیار نامیق
رۆژی سێشەممە (11/8/2020) وەک هەموجارێک بۆ روماڵی
دادگایکردنی كەیسی سێوان قادر و منداڵەكانی چومە بەردەم ئەو هۆڵەی کە هەموجارێک پڕۆسەی
دادگایی کردنەکەی تێدا بەڕێوەدەچوو، دواجار روخستەم لە پاسەوانەکان وەرگرت و چومە
ناوهۆڵی دادگا.
دۆسیەی سێوان قادر دوایەمین دۆسیە بوو لەو رۆژەدا، بۆیە
چەند دۆسیەیەکی جۆراو جۆر وەک ساختەکردنی پارە و دەستبڕین و مادەی هۆشبەر بەڕێوەچوبوو.
سەعات (11 و 30) خولەک دۆسیەی سێوان قادر وەک دوایەمین
دانیشتن کرایەوە و دادوەر بە دەنگی بەرز وتی کێ دەیەوێت بێتە دانیشتنەکە دەرگا
کراوەیە و رێگە لە کەس مەگرن.
هۆڵەکە دابەش بو بەسەر دوبەرەدا، کەسوکاری (دیار)ی هاوسەری
سێوان لەبەشی راستی هۆڵەکە و کەسوکاری سێوانیش لەبەشی چەپی هۆڵکە دانیشتبون، سەرەتا
تۆمەتباری سەرەكی بانگی ناو قەفەزی تاوانکرا و هەر کە هات داوای کورسیەکی کرد بۆ
دانیشتن، دادوەر داواکەی جێبەجێکرد و پاشان لەرێگەی پارێزەرەكەیەوە، داوای شاهیدێکی
نوێ کرا لەسەر بەڵگەیەکی نوێ بۆ ئەو قسەیەی دیاری پێ تۆمەتبار کرا کە بەدەنگ و بەر
لەچەند رۆژێک لەمردنی سێوان، لەبەردەم چەند کەسێکدا چیرۆکی سوتانی خۆی و منداڵکانی
دەداتە پاڵ هاوسەرەکەی.
ئەمە بوەهۆی ئەوەی کە ئەو شاهیدە نوێیە لەبەردەم دادگا و
دادەوەردا سوێند بخوات و دەستی خستە سەر قورئان کە چی راستە ئەوە بڵێت، پاشان ئەو
شاهیدە شتێکی نوێی درکاند ئەوەیش ئەوەبوو کە سێوان کاتێک هێندراوتە نەخۆشخانەی
سوتاوی کەسوکاری خۆی لەگەڵ نەبوە، هەم سێوان خۆی و هەم ئەو کەسانەی لەگەڵی بون وتبویان
لەداخی هاوسەرەكەی وای لەخۆی کردوە نەک ئەو وای لێکردبێت، وەک ئەوە شاهیدە وتی:"تەنانەت
ژنێک لەگەڵیدابوو وتویەتی خوا بیانگرێت، دیار هەر لەوێ نەبوە”، بەڵام قسەی ئەم شاهیدە
لەدوا چرکەکانی کۆتایی دادگاییەکەدا بۆچونی دادگای نەگۆڕی و وەک دادوەر وتی:"دو
ساڵە ئەم دۆسیەیە هەبوە تۆ بۆ نەهاتیت؟ وەڵامی شاهیدی نوێ بۆ دادگا باوەڕپێکەر نەبوو
كە وتی: لەبەر ئەوەی دەوامم هەبوە نەهاتوم!!
لە دواهەمین دادگایی هاوسەری سێوان چیم بینی
هێزێکی زۆ هاتبوونە ناو دادگا بۆ رێگریکردن لەهەر روداو
و پێشهاتێک کە بۆ دڵ گەرمی نێوان کەسوکاری هەردولادا رووبدات، دادوەری دۆسیەکە لەو
دانیشتنە، دەیویست بەردەوام کۆنتڕۆڵی خۆی بکات بۆئەوەی بتوانێت بڕیارێکی دادپەروەرانە
بدات، بۆیە داوای لە بریکاری سەرەکی هاوسەری سێوان کرد دوایەمین لائیحەی یاسایی خۆی
لەسەر دۆسیەکەی ئاڕاستەی دادگا بکات.
بۆماوەی دو سەعات و (35) خولەک لە دوتوێی (48) لاپەڕەی ئەی
فۆڕدا بریکاری سەرەکی هاوسەری سێوان قادر تیانوسی بەرگری لەتۆمەتباری خوێدەوە.
دیاری هاوسەری سێوان بەچی تۆمەتبارکرابوو؟
دادگا ئەو گرتە ڤیدیۆیەی کردە سەنگی مەحەک کاتێک سێوان لە
نەخۆشخانە چەند رۆژێک بەر لە گیانلەدەستدانی چیرۆکی سوتانەکەی دەخاتە ئەستۆی هاوسەرەكەی
و باس لە شێوازی سوتاندنی خۆی و منداڵەکانی دەکات.
لەناو تێنوسەکەشدا
بریکاری سەرەکی بەبەڵگەی ڤیدیۆ و بەدەنگ و شاهیدحاڵ ئەو قسانەی سێوانی رەتکردەوە و
وتی: سێوان دو جۆر قسەی لە نەخۆخشخانە هەیە بەر لەمردنی.
1- لەگەڵ گەشتنی
رۆژی روداوەکە بۆ نەخۆشخانەی سوتاوی سلێمانی دەڵێت: لە داخی دیار وام لەخۆم و منداڵەکان
کرد.
2- بڕۆ فریای
منداڵەکان بکەون خوا دەکات ئەوان سەلامەت دەبن من هیچم ناوێت.
3- سێوان لە نەخۆشخانەی
چەمچەماڵ لەبەردەم پۆلیسدا وتویەتی سکاڵام لە کەس نیە، وتویانە لەمێردەکەشت، سێوان
وتویەتی: بەڵێ.
هەر لەو تێنوسەی بریکاری سەرەکی بەڵگەیەکی تر خرایەڕوو کە
داوا لەدادگا کرا ئەو شاهیدو بەڵگە دەنگیانە بەهەند وەرگیرێن کە دوای گەشتنی کەسوکاری
سێوان بۆ نەخۆشخانەی سوتاوی سلێمانی سێوان قسەکانی دەگۆڕێت.
بەڵام لەسەر بنەمای هەمان قسەی دادوەر بۆ شایەتحاڵەكە،
وتە نوێیەكان لەلایەن دادگاوە بەهەندی وەرنەگیرا.
لەو دو سەعاتەی کە ئەو تێنوسە دەخوێندرایەوە بەپشت بەستن
بەبەڵگەکانی تاوان، سەرجەم ئەو تۆمەتانەی رەتکردەوە، هەر بۆ نمونە کێلون و زمانەی
دەرگای یەکێک لە دەرگاکان کە رەنگی هەر بە (ستیلی) مابۆوە، ئەمە وەک پارێزەرەکەی بەدادوەری
وت: بەڕێز دادوەر ئەگەر دەرگاکە دابخرایە وەک بەڵگەی تاوان دەڵێت: دەبو بە دوکەڵ رەش
بێت، وە یەکێکی تر لەدەرگاکان کە زمانەی دەرگاکەی هەر تێدانەبوە.
ئەمانە بەشێکی زۆربون لەو بەڵگە لە دژ یەکانەی کە (16)
دانیشتنە لە دادگای سلێمانی دژ بەیەک دەوترێت، بەڵام وەک پارێزەرکەی بەدادوەری وت:
ئەم دۆسیەیە شەقامی جوڵاند، بۆیە رەنگە کاریگەری لەسەر دادگا هەبێت و بڕیارێک لە بەژەوەندی
هاوسەرەکەی دەربکات.
دوا دیمەنەکانی دادگایەکەی چی بون؟
دەرگای هۆڵی دادگاییەکە دوای دە خولەک لە داخستن کرایەوە،
کاتێک چوینە ژوەرەوە سەرەی دۆسیەکەی هاوسەری سێوان هات، دادوەر داوای دوا وتەی
کرد، ئەویش بەدەنگی بەرز و بەگریانەوە وتی: بەڕێز جەنابی دادوەر کێ دەستی دەچێتە سەرسوتانی
منداڵی خۆی کێ هەیە ژنی خۆی کە خۆشی بوێت بیسوتێنێت، جەنابی حاکم بەڵگەیەک نیشانی
من بدە کە من بتوانم لەماوەی (27) چرکەدا ئەو تاوانە گەورەیە بکەم، ئامادەم لێرەدا
لەسێدارەم بدەن، من دو ساڵە نە خەوم هەیە نە خواردن، بیری منداڵەکانم دەکەم، بیری
هەمو شتێک، من ژیانم لەدەستدا جەنابی حاکم تکایە بەزەییەک.
لە بەرامبەردا دادوەر ئاماژەی بەوە كرد كە زۆر بەڵگە هەبون
کە ئەوی پێ تۆمەتبارکرا و سەلمێندرا، ”بۆیە تۆمان بە مادەی (406) تۆمەتبارکرد.”
ئەوەی یاسایی نەبووبێت نەیدەزانی چیە و لە چەپی هۆڵەکە دەگریان
و دوعای لەسێدارەدانیان دەکرد، لای راستی هۆڵەکە بەپێچەوانەوە داوای سزای سوکیان دەکرد.
بەڵام کاتێک دادوەر وتی: بڕیارماندا تۆ لەسێدارە بدرێیت، لایەکی دادگا بوە شایی و
لایەکی دیکەش بو بە شیوەن و گریان، لە نێوان ئەم دو دیمەندا ئەوەی کۆتایهات ژیانی
هەتاهەتایی سێوان و منداڵەکانی بوو، ئەمڕۆش ژیانی دیار و ئەو خزمایەتیەی نێوان ئەو
دو بنەماڵەیە، تەواو پێچەوانە بوەوە.