وتار

ئازادکردنی داعشە دیلەکان و چەند سەرنجێک

5/21/2020 5:59:00 PM 400 جار خوێندراوەتەوە
لیزا فەلەکەدین کاکەیی



لەدوای شانزەی ئۆکتۆبەری ۲٠۱۷ ەوە بە بڕیاری پارێزگاری بەزۆر سەپێندراوی کەرکوک و حوکمەتی ناوەند ۱۱۹ پۆستی ئیداری لە کورد سەندراوەتەوە و تەسلیمی پێکهاتەکانی دیکەی کەرکووک کراوە! چاوەرێی ئەوە بووین کە لەرێگەی دانوسانەوە هەوڵی گەڕاندنەوە بۆ ئەو پۆستانە بدرێت کەچی لەپڕ بە بیستنی هەواڵی تەسلیم کردنی زیاتر لە ۱٥٠ دیلی داعش بە پارێزگای کەرکوک لەلایەن یەکێتی نیشتیمانی کوردستانەوە راچڵەکاین ... 

لەدوای دەست بەکاربوونی وەکو سەرۆک وەزیرانی عێراق بەڕێز کازمی ژمارەیەک بڕیاری دەرکرد، لەناو ئەوانەشدا داوای کردوە کەسەرجەم پارێزگارەکانی عێراق بگۆڕدرێن. ئەمە دەرفەتێکی باش دەبوو کە وەکو لایەنی کوردی تەواوی هەوڵەکانمان بخەینە کار بۆ لادان و دوورخستنەوەی راکان جبوری لە پۆستەکەی، نەوەک بکرێتە پاڵەوان و داعشی دیلی تەسلیم بکرێت! ئەمەی یەکێتی دەیکات خزمەتکردن و شەرعییەت دانە بە درێژکردنەوەی ماوەی مانەوەی جبووری وەک پارێزگاری کەرکوک.

ماوەی چەند ڕۆژێکە دەنگی نارەزایەتیمان بەرزکردووەتەوە دژی بڕیاری پارێزگاری کەرکوک و حەشدی شەعبی سەبارەت بە پرسی پڕچەککردنی هۆزەکانی دەوروبەری کەرکوک. ئەم هەنگاوە تەواوکەر و یارمەتیدەری پرۆسەی تەعریبە و مەترسییەکی گەورەی بەسەر چارەنووسی کەرکوکەوە دەبێت. بیر لەوە ناکەنەوە تەسلیم کردنی ئەو دیلە داعشیانە کە زۆربەیان خەڵکی ئەو هۆزە پڕچەککراوانەن چەندە بریارێکی مەترسیدارە؟!  بەتایبەت ئەگەر بێت و بەبیانووی بێ لایەنیان ئازادبکرێن ئەوە بێگومان دەچنەوە ناو هۆزەکانیان و ئەو چەکانە دەگرنە دەست و دواجاریش قوربانییەکان تەنها کوردی بێگوناحی ئەو ناوچانە دەبن.

وا چاوەڕوان دەکرێت رۆژی ۳٠ ی ئەم مانگە دادگاییکردنی راکان جبووری بەرێوەبچێت سەبارەت بەو تاوانانەی کەوا لە دوای ۱٦ ی ئۆکتۆبەرەوە دەرحەق کوردی ناوچەکە ئەنجامیداوە. تەسلیم کردنەوەی دیلە داعشەکان کاریگەری باشی نابێت بەسەر بریاری دادگاوە چونکە بەهۆیەوە وەک کەسایەتییەکی دۆستی کورد دەردەکەوێت و بەمەش تەواوی ئەو ستەم و زوڵمانەی کە دەرحەق کوردانی ئەو ناوچەیە کردوویەتی بە نادیدە لەقەلەم دەدرێت...

لەهەمووی کارەساتبارتر،  لەکاتێکدا بەرپرسی مەڵبەندی یەکێتی بانگەشەی بۆ ئەوە دەکرد کە "بەم هەنگاوە دەمانەوێت روحی پێکەوە ژیان لەنێوان کورد و عەرەبدا سەقامگیر بکەین"...  ڕێک لەو ئان و ساتەدا عەرەبەکانی جەلەولا خەریکی خۆپیشاندان بوون دژی گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ ناوچەکانی خانەقین و دیالە و مەندەلی !

کاتێک گوێم لە قسەکانی بەرپرسی مەڵبەندی یەکێتی کەرکوک دەگرت کە چۆن بە شانازییەوە باس لە تەسلیم کردنەوەی ئەو داعشانە دەکات کە دەستیان بە خوێنی هەزاران رۆڵەی کوردەوە سوورە، یادەوەرییەکی ناخۆشی دیکەم بیرکەوتەوە و لەگەڵ خۆمدا کەوتمە ئاخاوتن " تۆ لەمانە چاوەرێی چیت؟ ئەی هەر ئەمان نەبوون فرۆکەوانی کیمیابارانەکەی هەڵەبجەیان ئازاد کرد؟ بەساناهی توانیان خیانەت لە روحی ٥٠٠٠ شەهید بکەن و زامی بریندارانی زیاتر قوڵ بکەنەوە ئەی بۆ نەتوانن زیاتر ئاگر لە جەرگی دایکە شەهید و بێسەروشوێنانی داعش بەردەن"؟!


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن

Advertisement