پرسی دارایی لە خواستی لامەرکەزییەتدا (لە نێوان واقع و چەواشەکاریدا)
5/10/2020 1:14:00 PM
لیزا فەلەکەدین کاکەیی
وەکو دیار سیستەمی لامەرکەزییەت چەندین رۆژە بووە بە بابەتی پڕ باس و زۆرترین شرۆڤەی لەسەرکراوە. هەر بۆیەش بەگرنگم نەزانی منیش جارێکی تر بکەومە نوسینی وردەکارییەکانی لامەرکەزییەت و خوێنەر ماندوو بکەم، بەڵکو وەکو ئەندامێکی لیژنەی دارایی و کاروباری ئابوری لە پەرلەمانی کوردستان بە ئەرکی خۆم زانی واقعبینانە باس لە هەندێک داتای دارایی بکەم کە پەیوەستە بە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و راپەرینەوە.
پرسیارە جەوهەرییەکە ئەوەیە کە ئایا هەدەفی سەرەکی لە لامەرکەزییەت چییە؟
بێگومان شۆربوونەوەی دەسەڵاتە بۆ یەکە ئیدارییەکان و ئامانجی سەرەکیش پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری باشترە. خزمەتگوزاری باشتریش پێویستی بە داهاتێکی دیاریکراو هەیە کە بتوانێت تەواوی تێچووە ئیدارییەکانی خۆی پێ دابین بکات. بەڵام ئەوەی لە واقعی دارایی و ئابووری ئێستای هەرێمی کوردستاندا هەیە لەگەڵ ئەوەی کە باس دەکرێت بۆ پرسی لامەرکەزییەت ناگونجێت!
بۆچی ناگونجێت؟
لە کاتێکدا ئەو برە پارەیەی لە بەغداوە رەوانەی هەولێر دەکرێت بۆ مانگێک بڕەکەی ٣٨٣ ملیۆن دۆلارە، کەچی بەتەنها خەرجی مانگانەی سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و راپەرین ٤٠٠ ملیۆن دۆلارە کە بەم شێوەیە دابەشبووە:
_ ۳۱٥ ملیۆن دۆلار خەرجی موچەی یەک مانگی فەرمانبەرانی ئەو سنوورە.
_ ۳٦ ملیۆن دۆلار تێچووی کارەبای یەک مانگی ئەو سنوورە.
_ ۳٦.٥ ملیۆن دۆلار بریتییە لە بودجەی تەشغیلی یەک مانگی ئەو سنوورە.
_ ٥.۱۲ ملیۆن دۆلار خەرجییەکانی گەنجینەی هەرێم.
کەوابێت گریمان لە داهاتوو سلێمانی توانی لامەرکەزییەتی خۆی تەحقیق بکات، گەرەنتی چییە کە بەغدا ئەو بودجەیەی بۆ دابین دەکات کە برەکەی زیاترە لەو پارەیەی کە ئێستا بۆ تەواوی هەرێمی کوردستانی دەینێرێت؟
بێگومان هەموومان پشتگیری لەهەر هەنگاوێک دەکەین کە ئامانجەکەی هێنانەدی خۆشگوزەرانی و باشترکردنی دۆخی هاوڵاتیان بێت و ئەم جگە لەوەی پرسی لامەرکەزییەت لە بەرنامە سەرەکییەکانی حکومەتی هەرێمە. بەڵام باسکردن لە واقع و بیرکردنەوە لە داهاتوو ئەرکی هەموومانە و بابەتی لامەرکەزیەت زۆر قوڵترە لەوەی کە باسی لێوە دەکرێت و ئەمە جگە لەوەی پێویستی هەموارکردنەوەی چەندین یاسای پێکەوە گرێدراو هەیە لە پەرلەمان.
بۆیە بەرای من ئەم بابەتە جگە لەوەی کارتێکی سیاسییە بۆ چەواشەکاری، هەروەها هەنگاوێکی مەترسیدارە بۆ داهاتووی قەوارەی هەرێم و چارەنوسی خەڵکی خۆشەویستی سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان و راپەرین.
*ئەندامی لیژنەی دارایی و کاروباری ئابووری لە پەرلەمانی کوردستان