هەڤاڵ ئەبوبەكر بۆ وادەكات؟
3/20/2020 6:40:00 PM
هەڵۆ ئەبوبەکر
ئەوەی د. هەڤاڵ
ئەبوبەكر دەیكات وەك پارێزگاری سلێمانی بە حكومڕانی ئێمە نامۆیە، ئێمە ٣٠ ساڵە
حكومڕانی لەسەر بنەمای ڕق و تۆڵە و دروستكردنی جیاوازی و پیشاندانی گەورە و بچوك و
هەژار و دەوڵەمەند دەكەین، ٣٠ ساڵە فێرمان دەكەن ڕەنگێكمان لە ڕەنگێك لا جوانتر بێت
و شارێكمان لە شارێك زیاتر خۆشتر بوێت و سوێند بەسەری سەرۆكێك بخۆین و دوعای ڕەش لە
سەرۆكێكی تر بكەین، ٣٠ ساڵە فێرمان دەكەن سەرۆك لە حیزب پیرۆزترە و حیزب لە نیشتیمان
، فێرمان دەكەن نیشتیمانسازی وەفاداریە بۆ بنەماڵە و دەستڕۆیشتوەكان.
بەپێچەوانەوە
سەرەڕای هەموو ئەو ڕەخنانەی ڕوبەڕوی دەكرێتەوە، سەرەڕای نەبونی هیچ بودجەیەك، كەسێك
هەیە كە ناوی هەڤاڵ ئەبوبەكرە و پارێزگاری سلێمانیە بەهەموو توانای كاردەكات تاوەكو
نیشتیمانسازی بكات، شارسازی بكات، ئەو كاتێك بە زمانە شیرین و ڕەوانبێژییەكەی دەدوێت
و گوێی لێدەگریت ناتوانیت وڵاتەكەت و شارەكەت خۆش نەوێت، ئەو كە بۆ شارسازی ئیلهام
لە سالم و نالی و كوردی و پیرەمێرد وەردەگرێت، ناكرێت گوێبیستێ بیت و مێژوی ئەم
شارەت خۆش نەوێت.
لەو كاتەوە هەڤاڵ
ئەبوبەكر بوە بە پارێزگاری سلێمانی كەس نازانێت سەر بە چ حیزب و ڕەنگ و لایەنێكە كە
ئەمە خاڵی سەركەوتنی ئەوە نەك ئەوەی لەبەر ئەوەی لە پشكی گۆڕانە دەبێت هەموان
بزانن كە گۆڕانە، بە ئەندازەیەك ئەم پیاوە بێلایەن كاردەكات هیچ گومان ناهێڵێتەوە
بۆ بەدگومانی.
بەڵێ ئێمە فێر
نەبوین و نەماندیوە لەم ٣٠ ساڵەدا كوڕی بنەماڵە دەسەڵاتدارەكان نەبن حكوممان بكەن یان
دەبێت پیاوی ئەوان بن، فێر نەبوین كوڕی بنەماڵەیەكی دڵسۆز و نیشتیمانپەروەر و
ماندوو حكوم بكات، فێر نەبوین مامۆستایەكی زانكۆ لەسەر كورسی دەسەڵات بێت و بە
گوفتار و ڕەفتار و ئاماژەی شیرین خۆشەویستی بۆ نێشتیمان ببەشێتەوە.
لەراستیدا سلێمانی
هەر پارێزگارێكی وەك هەڤاڵ ئەبوبەكر شایستەیەتی، شارێك كە لە مێژوی ئێمەدا سەربەرز
و سەردار بوە پێویستی بە كەسانی وەك هەڤاڵ ئەبوبەكرە نەك بەناو شۆڕشگێڕەكانی دوێنێ
، كە ئیش و كاریان بوە بە دزی و تاڵانی و گەندەڵی و بەرزكردنەوەی ڤێلا و كۆشكەكانیان
لەسەر حسابی گەل.