708وتار

ژیان لەگەڵ كۆرۆنا !

3/11/2020 1:35:00 PM
هەڵۆ ئەبوبەکر

هەروەك چۆن قەیران و نەهامەتیەكان بەئازارن، ئەزمونێكی ناخۆشن، بەهەمان شێوەش دەكرێت ببنە ئەزمونێك بۆ فێربون بۆ خۆڕاگری، بۆ قەدرزانی ڕۆژانی پێش قەیران، پێش نەخۆشی،
پێش نەهامەتی، پێش هەژاری.

ئێستا كە جیهان ڕوبەڕوی ڤایرۆسێكی كوشندە بۆتەوە و لە هەرێمی كوردستانیش بڵاوبۆتەوە دەكرێت ئەمە بكرێتە دەرفەتێك بۆ بەرپاكردنی شۆڕشێك یان گۆڕانكارییەكی ڕیشەیی لەژیانماندا.
ئێستا كە تەنیا چەكی ڕوبەڕووبونەوەی كۆرۆنا پاكوخاوێنی و تێكەڵ نەبون و مانەوە لەماڵە و نەچون بۆ شوێنی قەرەباڵغە دەكرێت هەموو ئەوانە چەكێك بن بۆ ئەو گۆڕانكارییە ڕیشەییەی باسما كرد، بەمشێوانە:

یەكەم: پاكوخاوێنی و بەتایبەت دەستشۆردن، من دڵنیام لەرابردودا لەسەدا دەی ئێستا گرنگیمان بە شۆردنی دەستەكانمان نەداوە، كە لەراستیدا ساڵانە ملیۆنان خەڵك توشی نەخۆشی مەترسیدا و كوشندە دەبن بەهۆی پاكڕانەگرتنی دەستەكانیان و چونی بەكتریا و ڤایرۆس بۆناو لەش،كەواتە دەكرێت دەستشۆردن لە ئێستاوە ببێتە خویەكی ڕۆژانە بۆ پاراستنی ژیانمان.

دووەم: مانەوە لەماڵ و نەچونە دەرەوە، یەكێك لە سیفاتەكانی كەسانی سەركەوتوو لەژیاندا، ڕێكخستنی ئەو كاتانەیە كە لە ئیشوكاری سەرەكی تەواو دەبن، بەشێكی زۆر لە خەڵكی دوای دەوامی فەرمانگەكەی یان كۆمپانیاكەی كاتەكانی تری ڕێكنەخستوە و سودێكی ئەوتۆی لێ نابینێت و هەموی تەرخانكردوە بۆ كافێ و بازاڕ و یاری و چەند بابەتێكی تری كاتبەسەربردن، بەپێچەوانەوە كەسانی بەپلان سودێكی زۆر لەم كاتانە دەبینن بۆ خۆ پەروەردەكردن و سەرقاڵبون بەكارێكی تر و وەرگرتنی ئەزمونێكی تر جیاواز لە كارەكەی، بۆیە ئێستا كە بەناچاری لە ماڵەوەین بەهۆی كۆرۆناوە، دەكرێت ئەمە ببێت بەدەرفەتێك بۆ سەرقاڵبون بە كارێكەوە كە سودی زۆرمان پێدەگەیەنێت، دەكرێت بخوێنینەوە، دەكرێت خۆمان فێری دەیان بەرنامەی جیاوازی تەكنەلۆژی بكەین، دەكرێت خۆمان فێری زمانێكی تر بكەین، دەكرێت ببینە شێفێكی باش، دەكرێت ببینە كەسێكی دەستڕەنگین بەتایبەت بۆ ئافرەتان لە نمونەی چنین یان ببن بە كەسێكی شارەزا لەكاری ماكیاژدا، زۆر شتی تر بەڵام لەهەموی گرنگتر ئەوەیە هەمو ئەوەی ئەمڕۆ ئەیكەین ببێتە خویەك بۆ دوای كۆرۆناش.

سێیەم: بەسەربردنی كات لەگەڵ كەسانی پێویست، مانەوە لەماڵ وایكردوە جارێكی تر هاوسەرەكان ، خێزانەكان لەدەوری یەكتر كۆببنەوە كە ئەوەش هاندەرێكی باشە بۆ بەهێزكردنی ئەو پەیوەندییە خێزانیەی كە هەیە كە ڕەنگە لە ڕابردودا پەرش و بڵاو بوبێت و هاوسۆزیو ئاگاداری لەیەكتر وەك پێویست نەبوبێت.

چوارەم: خەرجی كەمكردنەوە، چونەدەرەوەی بەردەوام لەماڵ بێگومان خەرجی زۆری دەوێت، كەبەشێك لەو خەرجیانە ناپێویست و دەچنە چوارچێوەی بەهەدەردانەوە، جا ڕۆیشتن بێت بۆ بازاڕكردن یان لایڤ موزیك یان كافتریا یان خواردنی بەردم لەدەرەوە یان زۆر شتی تر، بۆیە دەكرێت مانەوە لە ماڵ فێرمان بكات و تێمان بگەیەنێت كە لەڕابردودا بەهەدەردانی زۆرمانكردوە و پێویستە پێیدا بچینەوە، كە بێگومانم هەریەكێك ئێوە زیاتر دەزانێت لەبارەی بەهەدەردانەكانەوە، ئەوە بەو مانایە نایەت كە ئەو شتانە پێویست نین بەڵام دەكرێت سنوردار بكرێن.


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن