حکومییەکان لە تایبەت، کاریش لە کات گرنگترە
11/21/2019 7:53:00 PM
د. ئیکرام محەمەد
بە درێژایی کابینەکانی حکومەت هیچ کات کەرتی تەندروستی وەک ئێستا خراپ نەبووە، خەڵکی کەمترین متمانەیان پێی هەیە، لە ماوەی کابینەی پێشوودا زۆرترین نەخۆشخانەی ئەهلی کرانەوە، چی لەوە خراپترە کاتێک نەخۆشێکت پێیەو بۆ ڕزگارکردنی گیانی دەیبەیتە نەخۆشخانەی فریاکەوتن، لەوێ هەر لە دەرگاوە تا دەگەیتە لای پزیشک و دواتریش، چەند جارێک ناوی نەخۆشخانەی ئەهلی بەن بە گوێتا، بگاتە ئەو ڕادەیەی پێت بڵێن بیبەرە فڵانە نەخۆشخانەی ئەهلی با نەمرێت، ئەوە لە حاڵەتەوە بووەتە دیاردە.
کابینەی پێشووی حکومەت خراپترین کابینە بوو بۆ کەرتی تەندروستی، بە بەرنامە بوو یان بێ بەرنامە، نەخۆشخانە حکومییەکانی ئیفلیج کرد، لە ڕێگەی سیستمی نیمچە تایبەتەوە پزیشک و ستافی فێرکرد لە کاتی دەوامی حکومی کاری کەم بکەن و لە کاتی نیمچە تایبەتیشدا کاری زۆر، لە کاتی پشووەکاندا دەبینی لە نەخۆشخانە حکومییەکان بەیانیان پشووە و ئێواران دەوامە! لە ژوورێکدا لە بەیانیان چەند نەخۆش ببینرێ لە ئێواران لە هەمان ژوور چەند هێندە دەبینرێت و لە هەمان ماوەشدا! کابینەی پێشوو نەخۆشخانە حکومییەکانی تێکەڵ بە بزنس کرد.
کەرتی تەندروستی بە شێوەیەک بووە بە شوێنی بزنس، کۆمپانیا گەورەکانی کە پێشتر خەریکی نەوت و وەبەرهێنانی خانووبەرە بوون، ئێستا بە هێزێکی زۆرەوە ڕوویان بەرەو کەرتی تەندروستی وەرچەرخاندووە، بازاڕی ئەوانیش بە خراپتربوونی نەخۆشخانە حکومییەکان گەرمتر دەبێت، خەڵکی داماویش داماوتر ئەبن، ئێستا نەخۆشخانەکان بە شێوەیەکن وەک ئەوەی خوێندنگەیەک بەیانیان دەوامی حکومی تیا بێت و خوێندن تیایدا بە خۆڕایی بێت، بەڵام ئێواران هەمان خوێندنگە خوێندن تیایدا بە پارە بێت! تا ئێستا هیچ ئاسۆیەک لە وەزیری نوێی تەندروستییەوە دیار نییە، هیچ هەنگاوێکی گەورەی هەڵنەهێناوە بۆ گێڕانەوەی متمانەی خەڵک.
گرنگترین کارێک وەزیر بیکات، ئەوە ئەگەر بیەوێ خزمەتی خەڵک بکات، بەهێزکردنەوەی نەخۆشخانەکانە، کردنە دەرەوەی بزنسە لە نەخۆشخانە حکومییەکان، هەڵوەشاندنەوەی نیمچە تایبەت و ئیستیشارییەکانە، کارکردنە بەو ئامانجەی کارمەندی حکومەت لە ناو دەزگای حکومیدا و بە مووچەی حکومەت، تەنها دەبێت کار بۆ حکومەت و خەڵک بکات، لە دەرەوەی نەخۆشخانەو دەزگا تەندروستییەکانی حکومەتیش هەر کەسێک ئیزافەکاری دەکات کۆشکی بەلقیسی لێ پیرۆز بێت.
بڕیارەکەی هەفتەی پێشوو لە سلێمانی بۆ قەدەغەکردنی نەشتەرگەری لە بەیانیاندا لە نەخۆشخانە ئەهلییەکان بڕیارێکی تەواو دروستبوو بە ئاڕاستەی چاکسازی، ئەگەر کاری پێبکرێت، بەهێزکردنەوەی نەخۆشخانە حکومییەکان وەک ئەوەی لە هەڵەبجەی شەهید دەکرێت، بەهێزکردنەوەی حکومەتە، گەڕاندنەوەی هەیبەتی حکومەتە، هیچ حکومەتێک لە دنیا بەهێز نابێت هەتا کەرتێکی تەندروستی بەهێزی نەبێت، لە ڕاستیدا کار گرنگترە لە کات، کۆمپانیای مایکرۆسۆفت لە یابان کاتی کارکردنی کارمەندانی لە ٥ ڕۆژەوە کرد بە ٤ ڕۆژ، ئەنجامەکەی دڵخۆشییەکی زۆری کارمەندان بوو لەگەڵ دڵسۆزییەکی زیاتر بۆ کارکردن و دەرەنجامیش بەرهەمی کار لە هەفتەدا بە رێژەی لە ٤٠ ٪ زیادیکرد، پەیوەستبوون بە کاتی کارکردنەوە گرنگە، بەڵام بەرهەم گرنگترە، کەرتی تەندروستی سەرچاوەی مرۆیی باشی هەیەو بیناو شوێنیکاری باشی هەیە، پزیشک و کارمەند و خەڵکی دڵسۆزی زۆر باشی هەیە، تەنها ئیدارەیەکی باشی ئەوێ بە ئاڕاستەی خزمەتی خەڵک کار بکات.