مرۆڤ لە سەردەمی وێنەدا
9/9/2019 10:09:00 AM
هێمن عەبدولقادر
ئۆشۆ دەڵێ :-
ئەگەر بتەوێت مناڵێک فێری شت بکەیت ئەبێ سەرەتا وێنەی بۆ بکێشی ، بۆیە هەمیشە کتێبی منداڵەکان پڕە لە وێنەی ڕەنگاو ڕەنگ لەگەڵ نوسینی کەمدا ، لەبەر ئەوەی منداڵ گەشەی عەقڵی کەمترە بۆیە وێنە باشتر دەناسێتەوە تا ووشە ، هەر بۆیە منداڵ زیاتر حەز لەوێنە دەکات وەک لە ووشە ، ئیتر بەم جۆرە وێنە دەبێتە هاو مانای ووشەکان ، لەگەڵ گەورەبوونی منداڵ وێنەکان کەم دەکەن و ووشەکان زیاد دەکەن هەتا منداڵ دەگاتە قۆناغی زانکۆ هەموو کتێبەکان دەبن بە ووشە ، چونکە ئیتر ووشە دەتوانێت وەک بۆیە و فڵچە وێنەی پێ بکێشیت
تەکنەلۆژیا ئەمڕۆ مرۆڤی گێڕاوەتەوە بۆ قۆناغە سەرەتاییەکان بۆ ئەو قۆناغانەی کە وێنەیان ئەکێشا ، خەڵک ئێستا وازی لە خوێندنەوەی تێکستە ئەدەبیە مەزنەکان هێناوە و هەموویان خویان داوەتە وێنە ، گەراونەتەوە بۆ قۆناغە سەرەتاییەکان (primitiv) کە هەموو قسە کردنێک لە ڕێگەی وێنەوە بوو
کۆنسێرت و مۆسیقایە لەبری گوێگرتن لە ئاواز و ووشە هەمووی خەریکی وێنە گرتنە
کۆنفرانس و کۆبونەوەیە لەسەر ئاستی باڵا ووتار ئەخوێنرێتەوە کەس ئاگای لە پەیام و ناوەڕۆکی ووتارەکە نیە هەمووی خەریکی ڕيسم گرتنە
سەرۆکی زانکۆ لەگەڵ راگر و سەرۆک بەش و خوێندکارا کۆبوونەوەی هەیە کەس ئاگای لەوی تر نیە هەمووی خەریکی رەسم گرتنە
بەڕێوبەری فەرمانگە لەگەڵ بەڕێوبەری بەش و فەرمانبەر کۆبوونەوەی هەیە کەس هیچ پلانێکی پێ نیە بۆ خزمەتی خەڵک کەچی هەمووی خەریکی ڕەسم گرتنە
پەرلەمانتارە و پڕۆژە پێشکەشکراوە و چارەنووسی میلەتێکی پێوە بەستراوە ، کەچی جارێ چاوی بڕیوەتە کامێرامانەکە بۆ ئەوەی ڕەسمێکی ئێچ دی فول کوالێتی بگرێ
لە میوانیت وەکو (پینک پانک) لە برسا ناو سکت بە پشتەوە نووساوە سفرە ڕازێنراوەتەوە بەڵام بۆ تۆ نا، لە پێشدا بۆ ڕەسم گرتن، ناهێڵن دەستی بۆ بەری هەتا چەند دانە رەسمێکی لێهەڵنەگرن
شەقەی تیرۆک و زرمەی تەعلیق و کوتەی تاکە نەعل و قسەی سوکی نێوان ژن و مێرد و جەنگی ساردی نێوان بوک و خەسوو تا ئەو سەری گەڕەک ئەڕوات، کەچی ئەبێت ڕۆژانە وێنەیەکی خۆی ئاند خۆشەویستەکەی نیشان بدات، چونکە دەزانێت تەنها وێنە پاسادانی ئەو هەموو گرێ دەروونیە ئەکات
شەڕە تەقەیە لەگەڵ دوژمن مەسەلەکە پەیوەندی نێوان ژیان و مردنە کەچی ئێمە ئا لەو کاتەشدا ڕوو ئەکەینە کامێراکە و دەڵێین (ئەمنت لێ دیارە ) چونکە دەزانین هەمووان وێنەیان لە ئێمە دەوێت
ژمارەی ئەو هاندەرانەی کە لە گۆڕەپانی یاریدا چاویان لەسەر شاشەی یاریگاکەیە تا لە وێنەیەکدا دەرچن زۆر زیاترە لە ژمارەی ئەو هاندەرانەی کە بۆ سەیری یاریەکە چوون ، هەر بۆیە کاتێک هاندەرێک لە شاشەکە وێنەی نیشان ئەدرێت خۆشیەکی زۆر دەردەبڕێت زیاتر لەو چێژەی کە لەیاریەکە بینیویەتی چونکە ئیتر لێێ مەعلومە کە خەڵکی دەیبینن کە ئەمیش لەوێ بووە چونکە سەردەمەکە سەردەمی وێنەیە
نوقتە سەری دێڕ ....
لەناو فەرمانگە و پارت و ڕێکخراوەکانیش هەمان دۆخە ، کەس ڕەفتاری چاک و داوێنی پاک و مامەڵەی باشی ناوێت ، گرنگ ئەوەیە تۆ وێنەت هەبێ ، وێنە لە یادی دامەزراندن وێنە لە یادی ماڵئاوایی ، هەتا وێنەی زیاتر و باشترت هەبێ زیاتر و باشتر دەچیتە پێشێ ، وەلێ هەتا گوفتاری باش و رەفتاری باشت هەبێ نەکەس دەیبینێ و نەکەسیش فلسێکی پێئەدات چونکە سەردەمەکە سەردەمی وێنەیە نەک ڕەفتار و گوفتار