2372 شیوازی ژیان

شیراز جەلال: ئامادەنیم لەبەر هاوسەرگیریکردنەوە واز لە کاری هونەریی بهێنم

07:03 - 07/09/2019

زەمەن: مەزهەر كەریم

خانمە ئەکتەر، شیراز جەلال ئاشکرای دەکات لەنێوان هاوسەرگیریکردنەوەو کاری هونەریدا  ئەوەی دووهەمیان هەڵدەبژێرێت‌و ئامادە نییە واز لە کاری هونەریی بهێنێت.

شیراز جەلال، کە خاوەنی دوو منداڵەو لە هاوسەرەکەی جیابووەتەوەو بە بەشداریکردنی لە درامای (سەمای تەرزە)دا ناوبانگی دەرکرد بە “زەمەن”ی وت: “ئەگەر مەرجم بۆ دابنرێت لەنێوان هاوسەرگیریی و‌ کاری هونەریدا، بەدڵنیایەوە من هونەرەکە هەڵدەبژێرم”.


ئەو ئێستا لەگەڵ خێزانەكەی دەژی و دەڵێت زۆر پاڵپشتیان کردووە لە کارە هونەرییەکانداو ڕوونیشیدەکاتەوە، ئێستا سەرقاڵی بەشداریكردنە لە فیلمێكی سینەمایی، بەڵام ئامادە نییە ناوەکەی ئاشکرا بکات.


ئەوەش ناشارێتەوە لەكۆی ئەو كارانەی لەماوەی نۆ ساڵی كاركردنیدا كردویەتی تەنیا لە درامای تەرزەدا دەورەكەی زۆر بەدڵ بووە، چونکە ڕۆڵەکەی لە ژیانی خۆیەوە نزیک بووە.


ئەو دەڵێت زۆرینەی ئەو كەسانەی دەور دەدەن بە ژنان مەرجیان هەیە، بەڵام ئەو مەرجەکانی هەمیشە ڕەتکردووەتەوەو بەو هۆیەوە نەیتوانیوە زۆر کاری هونەریی بکات.


شیراز باسیش لەوەدەکات كاری هونەریی رێزو خۆشەویستی پێبەخشیوەو خەڵک بەهۆی کارە هونەرییەکانیەوە خۆشیاندەوێت.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن