هەڤاڵ ئەبوبەکر: تاوەکو ئێستا هیچ گلەییەک لەسەر کوالێتی بەنزین نییە
02:31 - 27/08/2026
زەمەن_هەواڵ
پارێزگاری سلێمانی رایگەیاند: تیمەکانی بەرهەمە نەوتییەکان و لیژنەکانی قایمقامییەت ڕۆژانە چاودێری کوالێتی و نرخی بەنزین دەکەن و تاوەکو ئێستا هیچ گلەییەکی فەرمی لەسەر خراپی کوالێتی بەنزین تۆمار نەکراوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، ٢٧ی ئابی ٢٠٢٦، هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی ئاشکرایکرد، دابینکردنی بەنزین و پاراستنی کوالێتییەکەی لە پێشینەی کارەکانی پارێزگای سلێمانییە، ئیدارەی سلێمانی هیچ گلەییەکی فەرمی لەسەر کوالێتی بەنزین بەدەست نەگەیشتووە.
پارێزگار داوا دەکات، هاونیشتمانییان تەنیا پشت بە لێکدانەوەی کەسی نەبەستن و هەر سەرپێچییەک ببینن ڕاستەوخۆ لیژنەکان ئاگادار بکەنەوە تاوەکو ڕێکاری خێرا بگیرێتەبەر و هاوسەنگی بازاڕ بپارێزرێت و لێکدانەوە تاکەکەسییەکان لەسەر کوالێتی بەنزین بەبێ بەڵگەی سەلمێنراو تەنیا وەک بۆچوون دەمێننەوە.
ئاماژەی بەوەشداوە، ڕۆژانە چاودێریی وردی کوالێتیی بەنزین و نرخەکان لەلایەن تیمە پسپۆڕەکانەوە دەکرێت و تاوەکو ئێستا هیچ سکاڵایەکی فەرمی لەبارەی خراپی کوالێتیی بەنزینی وێستگەکان تۆمار نەکراوە.
هەڤاڵ ئەبوبەکر دەشڵێت: پێویستە هاونیشتمانییان هاوکاری لیژنەکان بن بۆ پاراستنی هاوسەنگیی بڕی بەنزینی پاڵپشتیکراوی 750 دیناری.