بڕیارەکەی هەسەدە بە پێوەری ژیریی سیاسی
8/27/2026 1:02:00 PM
ئاریان فەرەج
ڕاستە ئەو مافانەی لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی هەسەدە - دیمەشقدا قەولە بۆ کورد دەستەبەرببن، لە ئاست قەبارەی قوربانییە گەورەکانی ڕۆژاڤادا نییە؛ بەڵام دەرهەق بە دۆخی ئاڵۆزی ناوچەکە و بۆ ئەوەی کورد ڕەنجبەخەسار نەبێت و مافەکانی لە سوریای داهاتوودا مسۆگەر بکرێت، ڕێگەی دروست تەنها پابەندبوونە بە ڕێککەوتن، لە نەبوونی بەدیلێکی واقیعی و بێمەترسیدا، هیچ بژاردەیەکی لەوە باشتر لە ئارادا نییە و بۆیەش هەر سەرکۆنەکردنێکی ئەو ڕێکەوتنە، جگە لە کاردانەوەی سۆزداری و موزایەدە، شتێکی دیکە نییە.
لە ڕاستیدا بۆ هەر گەلێکی هەڕەشەلێکراو، چەک ئامرازی دیفاع و پاراستنی بوونە، بەڵام قەت نابێتە ناسنامەی هەمیشەیی. هێزی چەک دواجار هەر دەبێ بکرێتە کارت و سەنگی سیاسی و کەرەستەی دانوستان بۆ بەدەستهێنانی ماف و دەستکەوت.
(هەسەدە) لە وێستگەیەکی مێژوویی و چارەنووسسازدا ئەرکێکی سەربازی و ئەمنیی کەموێنەی لە تێکشکاندنی داعش و پاراستنی کورد و سەقامگیریی ناوچەکەدا جێبەجێ کرد؛ بەڵام بەردەوامیدان بە بەستنەوەی چارەنووسی گەلێک بە فۆڕمێکی سەربازیی دیفاکتۆ لە هەلومەرجێکدا کە ناوچەکە بە قۆناغی هەڵوەشاندنەوەی هێزە چەکدارە لۆکاڵییەکاندا تێدەپەڕێت، سەرکێشییەکی پڕمەترسییە و ناچێتەسەر.
لە ڕاستیدا ڕێککەوتن لەگەڵ دیمەشق و ئاوێتەکردنی ئەو هێزە لەگەڵ سوپای دەوڵەت، لە سۆنگەی متمانەی کوێرانە نییە بە دەسەڵاتی مەرکەز، بەڵکو بەرمەبنای ئەو تێگەیشتنە دروستەیە کە لێرە بەدواوە ئیتر ماف و دەستکەوت بە سیاسەت دەپارێزرێن نەک بە هێز و چەک؛ ئەمەش دروستیی ئەو ڕوانگە و هەوڵە دیپلۆماسییە بەردەوامانەی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی دەسەلمێنێت کە سەبارەت ڕۆژاڤا هەمیشە جەختی لەسەر بژاردەی دیالۆگی ڕاستەوخۆ لەگەڵ دیمەشق و چەسپاندنی دەستوورییانەی مافی کورد دەکردەوە.
لە سۆنگەی ئەم ڕاستییانەوە، بڕیارەکەی فەرماندەیی هەسەدە نەک هەر پاشەکشە و سازش نییە، بەڵکو گواستنەوەیەکی ژیرانەیە لە لۆژیکی بەرگریکاریی سەربازییەوە بۆ خەباتی سیاسی و یاسایی لە سوریای داهاتوودا.
لە ڕوانگەی ئاسایشی ناوچەییشەوە، ئەم هەنگاوە مەترسی و گرژییە ئەمنییەکانی سەر سنوورەکان و بەهانەی لەشکرکێشی بۆ سەر ناوچە کوردییەکان کۆتایی پێ دێنێت و ئەوەش بە قازانجی کوردە.
دەریش کەوت پشتبەستن بە هاوپەیمانان گەرەنتییەکی هەتاهەتایی نییە، بۆیە بڕیارەکەی هەسەدە لەم کات و ساتە گونجاوەدا، کورد بەیەکجاری لە شۆک و ئەگەر و گرەوەکانی لێرەبوون و لێرەنەبوون و وەفاداری و بێوەفایی هاوپەیمانان قورتار دەکات و پێگەی پشتبەخۆبەستووی کورد لە هەر دانوستانێکدا بەهێزتر دەکات.
هاوتەریب لەگەڵ ئەمەشدا، ڕەواندنەوەی کەشوهەوای سەربازی لە ڕۆژاڤا، دەبێتە هاندەری سەرمایەگوزاری، بووژانەوەی کەرتی کشتوکاڵ و نەوت، ئاوەدانکردنەوەی شارەکان و پەرەپێدانی ئیدارەیەکی مەدەنیی خۆجێیی لەو ناوچانەدا.
بۆیە حەق وایە بە پێوەری عەقڵ وهاوکێشەی بژاردە بەردەستەکان لەم بڕیارەی هەسەدە بڕوانین و بە قازانجی بزانین، نەک بە پێوەری سۆزداریی نەتەوەیی وەک خۆبەدەستەوەدان و تێکشکانی لێکبدەینەوە.