18 کوردستان

نێچیرڤان بارزانی: رێگە نادەین خاکی هەرێمی کوردستان ببێتە هەڕەشە بۆ سەر ئێران

04:06 - 10/03/2026

زەمەن_هەواڵ

 

 نێچیرڤان بارزانی ڕایگەیاند: هەرێمی کوردستان بەهیچ شێوەیەک نابێتە بەشێک لە شەڕ و ململانێکانی ناوچەکە. سەرکۆنەی هێرشە درۆنی و مووشەکییەکانی سەر هەرێمی کوردستان کرا و داوا لە بەغدا کرا رێگرییان لێبکات.

 ئەمڕۆ سێشەممە، ١٠ی ئاداری ٢٠٢٦،  نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و فەرماندەی گشتیی هێزەکانی پێشمەرگە، بە ئامادەبوونی شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆک، سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی باڵای سەربازی و ئەمنیی کر و بەپێی. راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەکەدا کە وەزیرانی پێشمەرگە، ناوخۆ، سوپاسالاری پێشمەرگە و فەرماندە باڵاکان ئامادەی بوون، بە وردی تیشک خرایە سەر دوایین پەرەسەندنە ئەمنییەکانی ناوچەکە و لێکەوتەکانی شەڕ و کاریگەرییە مەترسیدارەکانی بۆ سەر هەرێمی کوردستان.

دەقی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان:

 ئەمڕۆ سێشەممە 2026/3/10 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و فەرماندەی گشتیی هێزەکانی پێشمەرگە، له‌ سه‌رۆكايه‌تيى هه‌رێمى كوردستان، بە ئامادەبوونی بەڕێز شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆك، سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی باڵای سەربازی و ئەمنیی کرد کە تێیدا بەڕێزان وەزیری پێشمەرگە، وەزیری ناوخۆ، سوپاسالاری پێشمەرگە و فەرماندە باڵاکانی هێزی پێشمەرگە ئامادەی بوون.
لە کۆبوونەوەکەدا، بە وردی تیشک خرایە سەر دوایین پەرەسەندنە ئەمنییەکانی ناوچەکە و لێکەوتەکانی شەڕ و کاریگەرییە مەترسیدارەکانی بۆ سەر هەرێمی کوردستان. هه‌روه‌ها چه‌ندين بڕيار و ڕێنمايى بۆ پته‌وكردنى پاراستنى ئاسايش و ئاراميى هه‌رێمى كوردستان و چۆنيه‌تيى مامه‌ڵه‌كردنى ده‌زگاكانى ڕاگه‌ياندن له‌گه‌ڵ ڕووداو و پێشهاته‌كاندا ده‌رچوون.
سەرۆک نێچیرڤان بارزانی دووپاتی کردەوە کە هەرێمی کوردستان بە هیچ شێوەیەک نابێتە بەشێک لە شەڕ و ململانێکان و پاراستنی ئارامیی وڵات لە پێشینەی کارەکان دەبێت. هەر لەو چوارچێوەیەدا جەختى کرده‌وه‌ کە به‌ هيچ شێوه‌يه‌ك ڕێگە نادرێت خاکی هەرێمی کوردستان ببێتە سەرچاوەی هەڕەشە و مەترسی بۆ سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران یان هەر وڵاتێکی ديكه‌ی دراوسێ.
لە تەوەرێکی دیکەدا، بە توندی سەرکۆنەی ئەو هێرشە تێکدەرانە کرا کە لەلایەن گرووپە لەیاسادەرچووەکانی عێراقەوە بە درۆن و مووشەک دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان و زيانى گيانى و ماڵييان لێ كه‌وتووه‌ته‌وه‌. له‌مباره‌یەوه‌ جه‌خت كرايه‌وه‌ كه‌ حکوومەتی فیدراڵیی عێراق بەرپرسیاره‌ له‌وه‌ى ئه‌ركى خۆی جێبەجێ بکات بۆ ڕێگریکردن لەو هێرشانە و دۆزینەوە و سزادانی ئەنجامدەرانی، چونکە ئەم پەلامارانە پێشێلکارییەکی ڕوونی سەروەریی وڵاتن و هەڕەشەن بۆ سەر سەقامگیریی گشتی.
 لە کۆبوونەوەکەدا، هاوسۆزى و هاوخه‌مى لەگەڵ خێزان و بنه‌ماڵه‌ى شەهید و بريندارانى هێرشه‌كانى سه‌ر هه‌رێمى كوردستان دووپات كرايه‌وه، هەروەها دەستخۆشی لە هێزەکانی پێشمەرگە و دامەزراوە ئەمنییەکان کرا بۆ ماندووبوون و شەونخونییان لەپێناو پاراستنی خاک و خەڵکی کوردستان.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن