یەکێتی زانایان: بەئامانجگرتنی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە دژی بنەماکانی ئیسلام و مافەکانی مرۆڤە
10:06 - 09/01/2026
زهمهن - ههواڵ
یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان، لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا کە ئەمڕۆ هەینی 9 ی کانونی دوەمی 2026 بڵاویکردەوە، بە توندی ئیدانەی هێرش و بەئامانجگرتنی هاووڵاتیانی کورد و خەڵکی سڤیلی لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفییەی شاری حەلەب کرد
یەکێتی زانایان ڕایگەیاندوە، کە ئامانجگرتنی کورد لەو ناوچانە بە هەمو پێوەرێک پێچەوانەی بنەماکانی ئایینی پیرۆزی ئیسلام، مافەکانی مرۆڤ و ڕێسا نێودەوڵەتییەکانە. ئاماژەی بەوەش کردوە کە هیچ یاسا و لۆژیکێک، جگە لە دەمارگیری کوێرانە، ڕێگە بەو هێرش و کوشتن و ستەمە گەورەیە نادات
لە بەشێکی تری ڕاگەیەندراوەکەدا، داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کراوە کە لە ئاست ئەو هێرشکارییانەی بەرامبەر بە کورد دەکرێت بێدەنگ نەبن
هەروەها داوا لە دامەزراوە و کەسایەتییە ئایینییەکانی (کورد و عەرەب) لە ناو سوریا کراوە کە بەرپرسیارانە ڕۆڵی خۆیان ببینن بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە و ڕاگرتنی شەڕ، وەک فاکتەری ئاشتی کار بکەن نەک زیاتر خۆشکردنی ئاگری ململانێکان
لە کۆتاییدا، یەکێتی زانایان ڕو لە حکومەتی سوریا دەکات و داوای لێدەکات کۆتایی بە شەڕ و دەستدرێژی و گەمارۆکان بهێنێت. جەخت کراوەتەوە کە پێویستە لەبری گرژی، دانوستان و ئاشتی و دیالۆگ بکرێتە بنەما بۆ بونیادنانی سوریایەکی نوێ کە تێیدا مافی هەمو پێکهاتەکان پارێزراو بێت