ئـۆجەلان: ئازادی من لە ئازادی گەلی کورد جیاناكرێتەوە
09:01 - 08/11/2025
زەمەن پرێس:
عەبدوڵا ئۆجەلان،
لەپەیامێکیدا کە ئاڕاستەی بەشداربووانی ڕێپێوانی "ئازادی بۆ عەبدوڵا
ئۆجالان، چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد"ی کردووە، کە لەشاری "کۆڵن"ی
ئەڵمانیا ئەنجامدرا، ئاماژە بەوە دەکات "سەرەڕای هەموو هەوڵەکانمان، هەردەم
هیوا لە نیوەی ڕێدا جێهێڵراوە، بەڵام ئەمڕۆ بە هەنگاوەکەمان بۆ ئاشتی و کۆمەڵگەی
دیموکراتیک دەبووژێتەوە.
ئەو دەشڵێت: قبووڵکردنی گەلی کورد لەڕێی
دەستوورەوە، پەیوەستە بە داهاتووی دیموکراتیکی تورکیاوە.
دەقی پەیامەکەئ
ئۆجەلان:
'ئازادی
واتە دیموکراسی و هاووڵاتیبوونی یەکسان'
"سڵاو بۆ
هەموو ئەوانەی باوەڕیان بە ئاشتی و ئازادییە، بۆ هەموو دۆستانی خۆشەویست، بۆ هەموو
هاوڕێ و هەڤاڵان.
ئێوە لە سەرتاسەری
ئەوروپاوە یەکتانگرت و ڕێپێوانی کۆڵنتان ئەنجامدا. ئەم هەنگاوەتان، زۆر گرنگە.
ئەمە تەنها بۆ
ئازادیی من نییە، بەڵکوو بۆ چارەسەری دیموکراتیکی دۆزی کورد و تێکۆشانی ئاشتییەکی
شکۆدارە.
بەم هەنگاوەتان،
پێداگریی و بوێریی و هیوا دەبەخشنە پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک کە
سەرلەنوێ دەبووژێتەوە.
ئازادیی من،
دانەبڕاوە لە ئازادیی هاوبەش و دیموکراسیی گەلی کورد و گەلانی تورکیا.
وەختێک دەڵێین
ئازادی، مەبەستمان ئاشتی و دیموکراسی و هاووڵاتیبوونی یەکسانە.
بەم ڕێپێوانە، ئێوە
داخوازییەکانمان بۆ چارەسەر و دیموکراسی و ئازادیی بە تەواوی جیهان ڕادەگەیەنن، کە
بە ئیرادەوە هەوڵی پەرەپێدان و بەدیهێنانی دەدەین.
سەرباری ناوبڕ و
پچڕانەکان، ئێمە لە ساڵی ١٩٩٣ـەوە، هەوڵ بۆ ئاشتی و چارەسەر دەدەین.
ئەم هەوڵانە
دەیسەلمێنن کە خوشک_برایەتی لەسەر ئەم خاکانە ڕێی تێ دەچێت.
'ئەو
هیوایەی نیوەناچڵ هێڵراوەتەوە، ئەمڕۆ دەبووژێتەوە'
سەرەڕای هەموو
هەوڵەکانمان، هەردەم هیوا لە نیوەی ڕێدا جێهێڵراوە، بەڵام ئەمڕۆ بە هەنگاوەکەمان
بۆ ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک ڕۆحی بەبەردا دێتەوە و دەبووژێتەوە.
ڕاستییەکەی، ئەم
پرۆسەیە تێپەڕینە لە پرۆسەی شۆڕشی نێگەتیڤەوە بۆ پرۆسەی شۆڕشی پۆزەتیڤ. پێویستە
هەمووان وەک ڕاستییەکی گەردوونی و مێژوویی لەم خەسڵەتەی پرۆسەکە تێبگەن.
بارێکی نایاسایی
بەسەر دیاردەی کورد و تێکۆشانی کورددا سەپێنرا، ئێمە ئیتر تێدەپەڕین بەرەو زەمینەی
یاسایی و لەسەر ئەم بنەمایە تێدەکۆشین.
بەم ڕێپێوانە بەنرخەی
ئێوە، تێکۆشانی چارەسەریی و ئاشتییانە بەرەوپێش دەچێت و دەپشکووێت.
"قبووڵکردنی
گەلی کورد لەڕێی دەستوورەوە، پەیوەستە بە داهاتووی دیموکراتیکی تورکیاوە"
هاوڕێ و هەڤاڵانی
هێژا!
بۆ ئەوەی گەلی کورد بە شێوەیەکی دەستووری لە چوارچێوەی کۆماردا قبووڵ
بکرێت و بوونی خۆی وەک هاوڵاتییەکی یەکسان لەسەر بنەمایەکی دیموکراتیک درێژە
پێبدات، پێویستی بە داهاتوویەکی دیموکراتیکی تورکیا هەیە.
هەروەها، بۆ ئەوەی کورد لە سووریا و لە هەموو شوێنێکی ڕۆژهەڵاتی
ناوەڕاست، بەبێ سازشکردن لەسەر هەبوون و ئازادیی خۆیان، لەگەڵ هەموو ئایین و
گەلاندا بە شێوەیەکی یەکسان، ئازاد و ئاشتییانە بژین، دەبێت پێشەنگایەتی بکەن.
ئێمە ئەم دەنگەی ئێوە
کە لە ئەوروپا بەرز دەبێتەوە، دەبیستین و دەزانین کە هەموو بەردەنگەکان ئەم دەنگە
دەبیستن.
لەبەر ئەوەی ئێوە
بەهۆی ڕەفتارە نادیموکراتیکەکانەوە ناچار بوون وڵات بەجێبهێڵن، ئێوە ویژدانی
چارەسەری و ئاشتین.
هەموو هەوڵێکی ئێوە،
هەنگاوێکە بۆ خوشک-برایەتی و ئاشتی نراوە.
دڵنیام کە بەم
ئیرادەیەی ئێوە، گەلی کورد و هەموو چەوساوەکان، دەگەنە داهاتوویەکی ئازاد و
دیموکراتیک.
بە خۆشەویستی و
ڕێزێکی بێکۆتاییەوە سڵاو لە هەمووتان دەکەم.
عەبدوڵا ئۆجالان
زیندانی ئیمراڵی، تشرینی دووەمی ٢٠٢٥".