وەزیری ئاوەدانکردنەوە: لە شەش ساڵدا زیاتر لە ٦٠٠ پڕۆژەی رێگاوبانمان جێبەجێکردووە
04:01 - 02/10/2025
زەمەن _ هەرێمی کوردستان
دانا عەبدول کەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، ڕایگەیاند: لەماوەی سەش ساڵدا زیاتر لە ٦٠٠ پڕۆژەیان بە گوژمەی زیاتر لە یەک تریلیۆن دینار جێبەجێکردووە، هاوکات چەندین پڕۆژەی ستراتیژیی نوێی راگەیاند.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، ٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥، دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە لە بەرنامەیەکی تەلەفیزیۆنیدا ئاشکرایکرد، لە ماوەی شەش ساڵدا زیاتر لە ٦١٨ پڕۆژەی رێگاوبانمان جێبەجێکردووە، کە دوو هەزار و ٦٠٠ کیلۆمەتر رێگای نوێ دروستکراون و گوژمەی پڕۆژەکان زیاتر لە یەک تریلیۆن دینار بووە و لەم کابینەیەدا رێگای نزیکەی ٣٠٠ گوندمان قیرتاوکردووە و لە پڕۆژەکاندا جیاوازی لەنێوان شارەکاندا نەکراوە".
لەبارەى پڕۆژە ستراتیژییەکان، وەزیر ئاماژەی بەوەدا، "رێگای نێوان کۆیە-دوکان دوو ساید دەکرێت و بەشێوەیەکی باشیش کار لە رێگای نێوان عەربەت-دەربەندیخان دەکرێت و ئامانجمان ئەوەیە سەرجەم رێگا سەرەکییەکانی نێوان شارەکان بکەین بە دوو ساید و هەوڵدەدەین رێگاکانی پارێزگای سلێمانی هیچیان لە هەولێر کەمتر نەبێت".
وەزیری ئاوەدانکردنەوە دڵنیایی دایە هاونیشتمانیانى سنوورەکە و وتی: "دانانی ئامێرەکان لەسەر رێگای دوکان-چوارقوڕنە بۆ نمایش نییە و رۆژی یەکشەممە بەردی بناغەی پڕۆژەکە دادەنرێت".
لەبارەى سەرچاوەی دارایی پڕۆژەکان، وەزیری ئاوەدانکردنەوە باسی لەوەکرد، "پڕۆژەکانی رێگاوبان بە داهاتی ناوخۆ دەکرێن و تاوەکو ئێستا سێکتەری دارایی لە هەرێمی کوردستان یەکینەگرتووەتەوە و حکومەتی هەرێمی کوردستان دوو گیرفانی هەیە، یەکێکیان لە هەولێرە".