96 ئابوری

بڕیاردرا جیاوازی مووچە و دەرماڵە بۆ ئەو فەرمانبەرانە خەرج بکرێت

09:26 - 09/09/2025

زەمەن پرێس:
وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا جیاوازی مووچە و دەرماڵە بۆ ئەو فەرمانبەرانە خەرج بکات، کە شیاوبوون لە کۆتا مانگی ساڵی رابردوو بۆیان خەرج بکرێت، بەڵام بەهۆی خەرجنەکردنی مووچەی ئەو مانگەوە پێیان نەدراوە.
ئەمڕۆ سێ شەممە بە واژۆی ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی، نووسراوێک ئاڕاستەی سەرجەم وەزارەت و فەرمانگەکان کراوە و داوای بەستنی جیاوازی مووچە و دەرماڵەی بەشێک لە فەرمانبەران کراوە.
لە نووسراوەکەی وەزارەتی دارایی، كە میدیای یەكێتی بڵاویكردۆتەوە هاتووە، " سەبارەت بە جیاوازی مووچە و دەرماڵەکانی فەرمانبەران کە پێویست بووە لە مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٤ بۆیان خەرج بکرێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی مووچەی ئەو مانگە دابەش نەکراوە، ئەو جیاوازی مووچە و دەرماڵانەش دابەش نەکراوە، بۆیە داوادەکەن لەسەر بودجەی ساڵی ٢٠٢٥ بۆیان خەرج بکرێتەوە".
مانگانە بەشێک لە فەرمانبەران بەگوێرەی خزمەت و پلەی وەزیفییان شیاوی پێدانی سەرمووچە و زیادکردنی مووچەی بنەڕەتین و خەرج کردنی جیاوازی مووچەن، بەڵام بەهۆی ئەوەی مووچەی کۆتا مانگی ساڵی ٢٠٢٤ دابەشنەکرا، هەر فەرمانبەرێک لەو مانگە شایستەی سەرمووچە و خەرجکردنی دەرماڵەی نوێ و جیاوازیی مووچەبێت بۆی خەرج نەکراوە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن