لە ڕووداوێکی هاتووچۆی سەختدا دوو مێردمنداڵ گیانیان لەدەستدا
12:34 - 03/09/2025
زەمەن _ هەولێر
هاتووچۆی هەولێر ڕایگەیاند: دوێنێ شەو لە رووداوێکی هاتووچۆدا لەنێوان دوو ئۆتۆمبێل و ماتۆڕسکیلێکدا دوو کەس گیانیان لەدەستداوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، ٣ی ئەیلولی ٢٠٢٥، رائید عومەر مەمەد حەسەن، بەرپرسی بنکەی هاتووچۆی کەسنەزان، ئاشکرایکرد، "رووداوێکی هاتووچۆ لەنێوان دوو ئۆتۆمبێلی جۆرەکانی گۆڵف و کامری لەگەڵ ماتۆڕسکیلێکدا روویداوە، لە ئەنجامدا شۆفێری ماتۆڕسکیلەکە و کەسێکی دیکە کە لەگەڵی بوو گیانیان لەدەستدا."
ئاماژەی بەوەشداوە، رووداوەکە کاتژمێر ٩ی دوێنێ شەو روویداوە و لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە بەردەوامە و هێشتا روون نییە کە هەڵە لە کامیان بووە، شۆفێری کامرییەکەش هەڵاتووە."
هاوکات، بەرپرسی بنکەی هاتووچۆی کەسنەزان وتیشی: "ئەو دوو کەسە مێرمنداڵن و تەمەنیان ١١ ساڵە، رووداوەکە لەسەر رێگەی هەولێر-پیرمام بووە."
تەرمی ئەو دوو مێرمنداڵە دوای پزیشکی دادی، رادەستی خێزانەکانیان کراوەتەوە.