43 کوردستان

بەپەلە.. ئەوەی دوێنێ بەناوی (رێککەوتنی هەولێر و بەغدا) راگەیەنرا راست نیە

12:14 - 03/09/2025


زەمەن - هەواڵ
سامی جەلال، راوێژکاری یاسایی وەزارەتی ناوخۆ کە دەڵێ، سەرۆکایەتی شاندی دانوستاندنکاری هەرێمی کوردستان بۆ پێناسە گومرگییەکان دەکات، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەو هەواڵەی وەزارەتی بازرگانیی هەرێمی کوردستان بڵاوکرایەوە دروست نییە. ئێمە دوێنێ لەگەڵ عێراق دووبارە لەسەر پرسی پێناسە گومرگییەکان کۆبووینەوە، بەڵام لەسەر سیستمی ئەسیکۆدا رێکنەکەوتین."

 

 بە گوتەی سامی جەلال، تەنیا رێککەوتن لەبارەی کۆمپانیا 14 ژمارەییەکان کراوە.

14 ژمارە چییە؟
سەرۆکی شاندی دانوستاندنکاری هەرێمی کوردستان بۆ پێناسە گومرگییەکان دەڵێ: "لە هەرێمی کوردستان کۆمپانیاکان بە 14 ژمارەی بێ هاوتا دەناسرێنەوە و لە عێراقیش بە 9 ژمارە. ئێمە وا رێککەوتین کە کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستان لە بەغدا بە 14 ژمارە بناسرێنەوە تاوەکو جیا بکرێنەوە لە کۆمپانیاکانی عێراق و لەوێ باج نەدەن و لە هەرێمی کوردستان بیدەن."
لەبارەی سیستمی ئەسیکۆدا، سامی جەلال دەڵێت: "رێککەوتنی لەسەرنەکرا، چاوەڕێی دەرچوونی فەرمانی ئەنجوومەنی وەزیرانین بۆ پێکهێنانی لیژنە لەسەر ئەو بابەتە کە دوو نوێنەری هەرێمی کوردستانی تێدایە. ئەوکات گفتوگۆی لەبارەوە دەکرێت."
سیستمی ئەسیکۆدا سیستمێکە مامەڵە و رێکارە گومرگییەکان بە تەواوی ئۆتۆماتیکی دەکات.
وەزارەتی بازرگانیی هەرێمی کوردستان دوێنێ شەو بڵاویکردەوە، بڵند محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی تۆمارکردنی کۆمپانیاکان، نوێنەرانی وەزارەتی ناوخۆ، بەڕێوەبەری گشتیی گەشەپێدانی پیشەسازی، بەڕێوەبەری گشتیی گومرگ و بەڕێوەبەری کۆنترۆڵی جۆری لەگەڵ هاوتاکانیان لە حکومەتی عێراق و سامی سوودانی، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبوونەوە بۆ چارەسەری چەند کێشەیەک کە لەنێوان هەولێر و بەغدا لەبارەی کۆمپانیاکانەوە هەبوون.
یەکێک لەو بڕیارانەی لە کۆبوونەوەکەدا درا و رێککەوتنی لەسەر کرا، بەپێی راگەیێندراوی وەزارەتەکە، سیستمی "ئەسیکۆدا" بوو "کە ئەم سیستەمە لە ماوەکانی رابردوودا یەکێک بوو لە کێشە و ناکۆکییەکانی نێوان هەردوولا و بازرگان و کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستان باجی ئەو ناکۆکییانەیان دەدا، راستەوخۆش کاریگەریی خراپی بۆ سەر دۆخی بازاڕ و بازرگانی و ئابووریی هەرێمی کوردستان هەبوو."
لە رێککەوتنەکەدا، وەزارەتی بازرگانی دەڵێت، "بڕیار درا بە بەکارهێنانی ژمارەی بازرگانیی کۆمپانیاکان (UEN) کە پێکهاتووە لە 14 ژمارەی بێهاوتا، بکرێتە بنەمایەک بۆ وەرگرتن و بەشداریکردن لە سیستمی ئەسیکۆدا و بۆ لەمەودوا کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستان پێویستیان بە ناسنامەی باج (هوية ضريبية) نابێت، لەگەڵ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە کۆمپانیاکانی کوردستان بەگشتی دەتوانن وەکو کۆمپانیاکانی نێوەڕاست و خوارووی عێراق کاری بازرگانیی هاوردە و هەناردەی خۆیان بە شێوەیەکی ئاسایی و یاسایی بەجێبگەیێنن."

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن