شەپۆلی گەرما کۆتایی دێت
02:55 - 29/07/2025
زەمەن _ هەرێمی کوردستان
کەشناسی رایگەیاند: پلەکانی گەرما نزم دەبنەوە و ئەو شەپۆلی گەرمایەی کە بۆ ماوەى نزیکەى چەند رۆژێک بوو ڕووی لە ناوچەکەمان کردبوو، کۆتایی دێت.
ئەمڕۆ سێشەممە، ٢٩ی تەمووزی ٢٠٢٥، بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێم کەشی ٤٨ کاتژمێری بڵاوکردەوە و ئاشکرایکرد، ئەمڕۆ، پلەکانى گەرما هەر بە بەرزى دەمێنێتەوە سەنتەرى پارێزگاکان بە گشتى لە سەرووى ٤٥ پلەى سیلیزى دەبێت و ناوچە شاخاوییەکان لە ٤٢ پلەى سیلیزى نزیک دەبێتەوە و ئیدارەى گەرمیان لە ٤٩ پلەى سیلیزى نزیک دەبێتەوە.
لەبارەی کەشی سبەی چوارشەممەوە ئاماژەی بەوەداوە، کاریکەرى ئەم شەپۆڵە گەرمایە لەسەر ناوچەکەمان کۆتاى دێت و پلەکانى گەرما دەگەڕیتەوە سەر ئاستى ئاسایی خۆى بۆ ئەم وەرزە.
کەشناسی باسی لەوەشکردووە، - پێشبینى نزم بوونەوەى پلەکانى گەرما دەکرێت بە ٣-٦ پلەى سیلیزى، لە سبەى چوارشەممە تا چوارشەممەى هەفتەی داهاتوو هیچ شەپۆڵێکى گەرما بۆ سەر ناوچەکەمان نیە.