لە سبەینێوە شەپۆلێکی گەرمای تاقەت پڕوکێن و بەتین ڕوو دەکاتە ناوچەکانی هەرێم و گڕه گەرماش دروست دەبێ
03:06 - 23/07/2025
زەمەن _ هەرێمی کوردستان
شارەزایەکی کەشناسی ڕایگەیاند: شەپۆلێکی گەرمای بەهێز ڕوودەکاتە تەواوی ناوچەکان، بەو هۆیەوە پلەکانی گەرما ٣ تا ٥ پلە بەرز دەبنەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، ٢٣ی تەمووزی ٢٠٢٥، شاڵاو هیدایەت شارەزای کەشناسی ئاشکرایکرد، بەهۆی زیاد بوون و چالاک بوونی نزمە پاڵەپەستۆی گەرمی وەرزی زەریای هیندی لەمرۆ چوارشەممەوە شەپۆلێکی گەرمای بەهێز ڕوودەکاتە تەواوی ناوچەکان و بۆ ڕۆژانی داهاتووی ئەم هەفتەیە و سەرەتای هەفتە لوتکەی کاریگەری گەرمایەکە دەبێت و زیاتر دەبێت.
ئاماژەی بەوەشداوە، بوونەوەکە لەناوچەی شاخاوی و نیمچە شاخاوی دەبێت، وەک شارەکانی هەڵەبجە و سلێمانی و چەمچەماڵ و ڕانیە و دوکانو دەربەندیخان و قەڵادزێ و حاجیاواو کۆیە و دهۆک و زاخۆ و سۆران و دەورەبەریان، ئەگەر هەیە لەم شارانە و دەوروبەریان بگاته ٤٥ تا ٤٧ بۆ ٤٨ پلەش تۆمارکات.
هەروەها، له هەولێر و کەرکوک و دەشتایەکانیان دەچێتە نزیک ٥٠ بۆ ٥٠ لە گەرمیانیش نزیک ٥٠ بۆ ٥٠.
ئەو شارەزایەی کەشناسی دەشڵێت: ئەم شەپۆلە گەرمایە تاکۆتایی مانگ بەردەوامە و له مەودای ئەم گەرمایەدا گڕە بای گەرمیش هەیە و پەڵە هەوریش دروست دەبێت، بای شەماڵ و ڕەشەبای ناو بەناو تێدا چالاکن بەخێرایی جیاواز و بەپێی ناوچە.
شاڵاو هیدایەت داوا لەهاوڵاتیانیش دەکات، لە کاتژمێر ١٠ی بەیانی تاوەکو ٤ی ئێوارە نەیەنە دەرەوە گەر هاتنە دەرەوەش کاری پێویستیان هەبوو کڵاو و چەتر و عەینەک بەکاربێن یان دەرمانی دژه خۆر چونکە لەو کاتانە تیشکی سەرو وەنەوشەیی بەرزەو زیانی هەیە بۆ پێست و چاو و هۆکارێکە بۆ نەخۆشی شێرپەنجە.
وتیشی: ئەوانەی ئاژەڵ و پەلەوەریان هەیە پێویستە شوێنیان بۆ فێنک بکەن و لەبەر سێبەربن و ئاویان بۆ دابنێن و زوو زوو بۆیان بگۆڕن، وا باشه خۆراکیش بەیانیان زوو وە ئێواران درەنگ پێیان بدرێت.