55 کوردستان

وردەكاریی پرۆسەى چەکدانانى پەکەکە

10:44 - 11/07/2025

زه‌مه‌ن - هه‌رێمی كوردستان

ئه‌مڕۆ بەشێک لە گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە گوندی قه‌مچوغه‌ی سه‌ر به‌ قه‌زای دووكان (ئه‌شكه‌وتی جاسه‌نه‌) چەکەکانیان دادەنێن

چەکدانانەکە وەکو پێشاندانی نیازپاکییە لە لایەن پەکەکەوە کە ئامادەیە دەستبەرداری خەباتی چەکداری ببێت. بەگوێرەی زانیارییەکان ژمارەی ئەو گەریلایانەی چەکەکانیان دادەنێن لەنێوان 33 بۆ 44 گەریلایە.

 پڕۆسه‌كه‌ بۆ بەدەنگەوەچوونى پەیامەکەى عەبدوڵا ئۆجەلان و جێبەجێکردنى بڕیارەکانی کۆنگرەى 12ـى پارتى کرێکارانى کوردستانه‌.

 لە رێوڕەسه‌كه‌دا بەرپرسانى تورکیا و عێراق و هەرێمى کوردستان، ئاماده‌ده‌بن.

نووسینگەى راگەیاندنى کەجەکە ئاماژەى بەوەکردووە، ئەمڕۆ لە رێوڕەسمێکدا ژمارەیەک لە گەریلاکانیان کە ژمارەیانى دیارینەکردووە، لە شوێنێکى دیاریکراودا چەکەکانیان دادەنێن.

راشیگەیاندووە، لە شوێنێکى نزیک رێوڕەسمەکە شاشەیەکی گەورە ئامادە دەکرێت، لە پاش رێوڕەسمەکە ڤیدیۆی پرۆسەکە لەو شاشەیە پیشاندەدرێت و رۆژنامەوانان دەتوانن ماددەی دەنگی و ڤیدیۆیی دەستکارینەکراو بەدەستبهێنن، بەڵام بەهۆی دۆخی ئەمنییەوە، ناتوانرێت دیمانە لەگەڵ ئەندامانی گرووپەکە بکرێت، تەنیا دەتوانرێت قسە لەگەڵ چاودێرانی رێوڕەسمەکە بکرێت.

بۆ بەشداریکردن لە رێوڕەسمەکە دوو شاند لە تورکیا و باکوورى کوردستانەوە گەیشتوونەتە هەرێمى کوردستان، شاندى یەکەم ئەحمەد تورک سەرۆکایەتیی دەکات و شاندى دووەمیش تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی گشتیی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (پارتی دەم) سەرۆکایەتى دەکرێت.

زاگرۆس هیوا، گوتەبێژی پەیوەندییەکانی دەرەوەی"کەجەکە" رایگەیاندووە "گەریلاکان لەژێر چاودێریی رێکخراوەکانى کۆمەڵگەی مەدەنی و لایەنە پەیوەندیدارەکان" چەکەکانیان لەناودەبەن.

رۆژى سێشەممە 9ـى تەمموز یەکەم پەیامى ڤیدیۆیی عەبدوڵا ئۆجەلان لە پاش زیندانیکردنى بڵاوکرایەوە، ئۆجەلان لە پەیامەکەیدا جەختى لە بانگه‌وازه‌ مێژووییه‌كه‌ی 27ـی شوباتی 2025 بۆ (ئاشتی و كۆمه‌ڵگه‌ی دیموكراتی) کردەوە و رایگەیاند، پەکەکە دەستبەرداری ئامانجی دەوڵەتى نەتەوەیی بووە، لەو سۆنگەیەشەوە دەستبەرداری ستراتیجی شەڕ بووە و کۆتایی بە بوونی خۆی هێناوە.

رێبەرى زیندانیکراوى پەکەکە، گوتیشى، ئەو بڕوای به‌ هێزی سیاسه‌ت و ئاشتیی كۆمه‌ڵایه‌تی هه‌یه‌ نه‌ك چه‌ك و داواشدەکات هەمووان ئەرکی سەرشانیان جێبەجێبکەن.
لە بەشێکى دیکەى پەیامەکەیدا ئۆجەلان رایگەیاند، هەرگیز ئازادیی خۆی وەک کێشەیەکی تاکە کەسی نەبینیوە و ئازادی تاک دابڕاو نییە لە ئازادی کۆمەڵگە.

لە وەڵامى پەیامەکەى ئۆجەلانیشدا، کەجەکە رایگەیاند، دەبێت هەمووان لەوە تێبگەن، پرۆسەی ئاشتیی تاکلایەنە پێشناکەوێت و ئەوەی ئۆجەلان دەیڵێت جێبەجێیدەکەن.

کەجەکە بە پێویستى دەزانێت هەموو لایەك بە راستی هەنگاوی پێویست بنێن، بۆیە لەسەر ئەو بنەمایە دەبێت زیندانیكردنی عەبدوڵا ئۆجەلانیش كۆتایی بێت و ئازاد بكرێت.

روونیشیکردەوە، ئەركەكانیان لەپێناو ئاشتی و كۆمەڵگەی دیموكراتی وەك هەنگاوێكی مێژوویی جێبەجێدەكەن لە بەرامبەردا، بەڵام حکومەتى تورکیا تاوەکو ئێستا بەگوێرەى پێوستیی پرۆسەكە هەنگاوی نەناوە.

کەجەکە بە پێویستى دەزانێت، پەرلەمان و دەسەڵاتی توركیا هەنگاوی راستەقینە بنێن لەپێناو بەئامانجگەیشتنی پرۆسەی چارەسەریی لە وڵاتەكەدا.

لەبارەی چارەنووسی ئەندام و سەرکردەکانی پەکەکە لە پاش پرۆسەی چەکدانان، عومەر چەلیک- گوتەبێژى ئاکپارتى رایگەیاند، جیاکاریی دەکرێت لەنێوان ئەوانەی دەستیان چووەتە تاوان و ئەوانەی تاوانیان نەکردووە".

گوتیشى، بەگوێرەی یاساکانی ئێستا، ئەوانەی خۆیان رادەستدەکەن و تاوانیان نەکردووە، هیچ کارێکیان بەرامبەر ناکرێت، ئەوانەشی تاوانیان کردووە، بەگوێرەی یاسا مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت."

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن