36 کوردستان

یەکێتیی خانەنشینان: زیاتر لە 20 هەزار خانەنشین حەوت مانگە مووچەیان وەرنەگرتووە

05:24 - 03/07/2025

زەمەن _ هەرێمی کوردستان

 

وتەبێژی یەکێتیی خانەنشینانی کوردستان دەڵێت: دۆخی ژیانی خانەنشینان زۆر خراپە و زیاتر لە ٢٠ هەزار خانەنشین، حەوت مانگە مووچەیان وەرنەگرتووە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، ٣ی حوزەیرانی ٢٠٢٥، سادق شێخ عوسمان، وتەبێژی یەکێتیی خانەنشینانی کوردستان، ڕایگەیاند: "زیاتر لە ٢٠ هەزار خانەنشین، دوایین مووچەیان لە مانگی 11ـی پار وەرگرتووە. دۆخی ژیانیان زۆر زۆر خراپە و ناکرێت لەوە زیاتر بێ مووچە بکرێن".
ئاماژەی بەوەشدا، لەو ژمارەیەی ئەم ساڵ خانەنشین بوون بەشێکیان زوو مامەڵەیان تەواو کرا و مووچەیان بۆ بەسترا و چەند مانگێکیان پێکەوە وەرگرت، بەڵام ژمارەیان زۆر کەم بوو.


وتەبێژی یەکێتیی خانەنشینانی کوردستان باس لەوەشدەکات، بەشێکی خانەنشینان پێش بڕیاری خانەنشینبوونیان مووچەیان بۆ هاتووە، بەڵام پێش دابەشکردنەکە بڕیاری خانەنشینبوونیان دەرچووە و مووچەکەیان پێنەدراوە. 


دەشڵێت: "زۆر گرنگە ئەوەی پارەی بۆ هاتووە بۆ یەک مانگیشە حکومەتی هەرێمی کوردستان دابەشی بکات بەسەریاندا، کێشە نییە ناتوانن هەموو مووچەکان بدەن، لانیکەم ئەوەی هاتووە لە رابردوودا دابەشی بکەن".


، سادق شێخ عوسمان دەڵێت: "بڕیارە ئەم مانگە بەستنی مووچە بۆ هەموو خانەنشینانی نوێ تەواو بکرێت".


ئەمە لە کاتێکدایە، بە گوێرەی یاسای خانەنشینیی یەکگرتوو لە عێراق، ئەم ساڵ لەدایکبووانی ساڵەکانی ١٩٦٢، ١٩٦٣ و ١٩٦٤ لە هەرێمی کوردستان خانەنشین بوون.


ئەم ساڵ لەدایکبووانی سێ ساڵ پێکەوە خانەنشین بوون، کە ژمارەیان گەیشتە زیاتر لە 30 هەزار کەس، زۆرینەیان بەهۆی دواکەوتنی مامەڵەکانیان و دواکەوتنی مووچەوە تاوەکو ئێستا مووچەیان وەرنەگرتووە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن