كوێستان محەمەد: داهاتی نەوت سفرە و داهاتی نانەوتیش بەشی چارەکە مووچە ناکات
04:15 - 03/07/2025
زەمەن _ هەرێمی کوردستان
کوێستان محەمەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، داهاتى نانەوتی بەشى چارەکە مووچە ناکات و داهاتی نەوتیش بۆ حکومەت سفرە. راشیگەیاند، 160 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە دەدرێتە پاڵاوگە ناوخۆییەکان.
کوێستان محەمەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان لە میانی بەشداریی لە بەرنامەی تارگێتی کەناڵ8، دەڵێت، ئەو نەوتەی ئێستا بەرهەمدەهێندرێت، 160 هەزار بەرمیلی بۆ پاڵاوگە ناوخۆییەکانە و ئەوی دیکە کە دەمێنێتەوە، بۆ کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنی نەوتە.
دەشڵێت، حکومەتی هەرێمی کوردستان قازانج لەو نەوتە بەرهەمهاتووە ناکات و "داهاتی نەوت قازانجەکەی بۆ حکومەتی هەریمی کوردستان سفرە و ئەو نەوتەى بەرهەمدەهێنرێت هیچى بۆ خۆمان نییە".
کوێستان محەمەد دەشڵێت، حکومەتی عێراق داوای 250 هەزار بەرمیل نەوتی کردووە و بەشێکی بۆ کۆمپانیاکان خۆیانە، بەشێکی بۆ حکومەتی عێراق و بەشەکەی دیکە بۆ پاڵاوگەکانە بۆ بەرهەمهێنانی نەوت و بەنزین.
داهاتى نانەوتی بەشى چارەکە مووچەش ناکات
کوێستان محەمەد، وەزیرى کاروکاروبارى کۆمەڵایەتى سەبارەت بە دابەشکردنی مووچە بە داهاتی ناوخۆ، بە کەناڵ8ـى گوت، داهاتى نانەوتی بەشى چارەکە مووچەش ناکات، ئەو داهاتەى لەبەردەست وەزیرى داراییە 160 ملیار دینارە.
راشیگەیاند، "سەرجەم وەزیرەکان لەگەڵ ئەوەدابووین، کە لەگەڵ بەغداد دوا هەوڵ بدرێت بۆ چارەسەرکردنى مووچە، چونکە ئەوە مافێکى یاسایی و دەستووریى مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستانە".
کوێستان محەمەد گوتیشی، چاوەڕێى رەزامەندیى سودانى دەکەن بۆ ئەو رێککەوتنەى کراوە، دەبێت مووچەى دوو مانگ بۆ مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستان رەوانە بکرێت.
لەهەرێمى کوردستان 182 هەزار و 984 کرێکار دەستەبەر کراون
هەروەها کوێستان محەمەد، وەزیرى کاروکاروبارى کۆمەڵایەتى راگەیاند، لەهەرێمى کوردستان 53 هەزارو 449 شوێنکار دەستەبەریان بۆ کراوە، کە بە ژمارە 182 هەزارو 984 کرێکار دەستەبەریان بۆ کراوە.
راشیگەیاند، کرێکارانى بیناسازى و ئەوانەى شۆفێرى تاکسین ناتوانین دەستەبەریان بۆ بکەین بەگوێرەى یاسا، هەروەها کارمەندانى رێکخراوەکان و ئەوانەى لە کونسوڵخانەکانیش کاردەکەن دەستەبەریان بۆ ناکرێت، بۆیە روپێوییەکمان نییە کە بزانین چەند کرێکار ماوە دەستەبەریان بۆ بکرێت.