کاروان گەزنەیی کرا بە وتەبێژی یەکێتی
04:12 - 23/06/2025
زەمەن:-
کاروان گەزنەیی لە جێگەی سەعدی ئەحمەد پیرە کرا بە وتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان.
ئەمڕۆ دووشەممە، ٢٣ی حوزەیرانی ٢٠٢٥، سەرچاوەیەک لە مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئاشکرایکرد، بە بڕیاری بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی، کاروان گەزنەیی، لە جێگەی سەعدی پیرە، کرا بە وتەبێژی حزبەکە.
هاوکات، ئەوەشزانراوە، سەعدی پیرە وەک ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لە ئەرکەکەیدا بەردەوام دەبێت.
کاروان گەزنەیی، ڕۆژی ٧ی ئایاری ١٩٩٠، لە هەولێر لەدایکبووە و بڕوانامەی ماستەری لە سیاسەت و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا هەیە.
هەروەها، ئەندامی پێشووی پەرلەمانی کوردستانە و وتەبێژی لیستی یەکێتی بووە بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان، جێگری لیژنەی پەیوەندییەکان و ڕەوەندی کوردستان و ئەندامی لیژنەی وزە و سامانە سروشتیەکان و پیشەسازی و بازرگانی بوو.