لەبەریتانیاوە قەڵغانی رێزلێنانیان بە وەزیری ئاوەدانکردنەوە بەخشی
04:12 - 22/05/2025
زەمەن:-
لەپای هەوڵ و کۆششەکانی بۆ ئاوەدانکردنەوەی هەرێمی کوردستان و خزمەتکردنی هاونیشتیمانیان قەڵغانی رێزلێنانیان بە دانا عەبدولکەریم بەخشی.
رۆژی چوارشەممە ٢٠٢٥/٥/٢١، دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن لە دیوانی وەزارەت پێشوازی کرد لە شاندێکی رێکخراوی رۆشنبیرانی کورد-بەریتانیا.
لە دیدارێکدا رێکخراوی رۆشنبیرانی کورد-بەریتانیا، وێڕای ئاماژەدان بەکارو چالاکییەکانیان، قەڵغانی رێز و پێزانینیان پێشکەش بە وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن کرد، لەپای هەوڵ و کۆششەکانی بۆ ئاوەدانکردنەوەی هەرێمی کوردستان و خزمەتکردنی هاونیشتیمانیان و پشتیوانیکردن لە رێکخراوەکەیان.
وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن، رۆڵی رێکخراوەکەی بەرزنرخاند بۆ خزمەتکردنی هاونیشتیمانیان کورد بەتایبەت لە وڵاتانی ئەوروپاو پاڵپشتی و پشتیوانی خۆی بۆ دوپات کردنەوە.
هەر لە دیدارەکەدا، گۆڤە ئەحمەد و دارا حەسەن کتێبە چاپکراوەکانی خۆیان پێشکەش بە وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن کرد.
رێکخراوی رۆشنبیرانی کورد-بەریتانیا، رێکخراوێکی خۆبەخشەو لە بوارەکانی هاوکاری و پاڵپشتی پەنابەران، خزمەتکردن بە گەنجان و رەخساندنی هەلی کار و بوارە پەروەردەیی و ژینگەییەکان کاردەکات.یان