430 کوردستان

حكومەت نرخی كارەبا 24 كاتژمێریەكەی پەسەند كرد

12:59 - 14/05/2025

زەمەن - هەولێر

كابینەی حكومەتی هەرێمى کوردستان رەشنوسى پڕۆژەى رووناکى بۆ دابینکردنى کارەباى 24 کاتژمێرى پەسەندکرد و وتەبێژى حکومەتى هەرێم دەڵێت لە دیاریکردنى نرخى کارەبا رەچاوى دۆخى هاوڵاتییان کراوە.

 

بەگوێرەی زانیارییەکانی "زەمەن" حکومەت نرخی کارەبی 24 کاتژمێری بە پێنج قۆناغ دیاریکردووە و هەر قۆناغێک نرخەکەی جیاوازە، تاوەکو 400 کیلۆوات 72 دینارە، لە 400 بۆ 800 کیلۆوات 108 دینارە،،

 ئەمڕۆ چوارشەممە، 14ـی ئایاری 2025، پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، دەمەوێت بە خەڵکی کوردستان بڵێم، پرۆژەی ڕووناکی بەهەردوولامان جێبەجی دەکرێت، واتە هەم هاونیشتمانیان هەم حکوومەتی هەرێمی کوردستان، هەروەها تەواوی خەڵکی کوردستان لەم پرۆژەیە سوودمەند دەبن، ڕەچاوی دۆخ و گوزەرانی دارایی خەڵک کراوە.

وتیشی: نزیکەی لە 80%ـی خەڵک پارەیەکی کەمتر لەجاران بدەن، بۆ ئەوەی کارەبایەکی 24 کاتژمێریان دەستکەوێت، هەروەها پلانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەیە تاوەکوو کۆتایی ئەمساڵ پرۆژەی ڕووناکی لە سەنتەری هەموو پاریزگاکان تەواو بێت، دواتریش بەرەو ناوچەکانی دیکە درێژ دەبێتەوە.

پێشەوا هەورامانی دەشڵێت: سێ مانگی یەکەم بۆ ئەو بەشداربووانەی دەچنە ناو پرۆژەی ڕووناکییەوە، بەڕێژەی  سەدا 15 و 25 تاوەکوو سەدا 50 پاڵپشتی دەکرێن لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە، بۆ ئەوەی هاونیشتیمان خۆیان ڕابهێنن، هەروەها دەبێت بەپێی پێویست کارەبا بەکار بهێنرێت، کە لەم ڕێگەیەوە بەهەدەردان کەمدەبێتەوە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن