تۆمەتبارى سووتانى بازاڕەکەى حاجیاوا دەستگیرکرا
07:21 - 12/05/2025
زەمەن - کوردستانى
بەڕێوەبەرایەتى پۆلیسى ئیدارەى راپەڕین رایگەیاند، ئەو کەسەیان دەستگیرکردووە کە لە 25ى نیسانى ئەمساڵ بەشێک لە بازاڕى قەزاى حاجیاواى سووتاند.
پۆلیسى راپەڕین رایگەیاندووە، رۆژى 25ى نیسانى ئەمساڵ لەلایەن کەسێکەوە بەشێک لە دووکانەکانى مەیدانى شارەکە کە کۆنەفرۆشبوون سووتێندرا، بەوهۆیەوە زیانێکى زۆرى مادى بەر خاوەن دوکانەکان کەوت، پەڕاوی لێکۆڵینەوە کرایەوە دوای لێکۆڵینەوەو بەدواداچوونی وورد بە سودوەرگرتن لە تۆماری کامێراکانی چاودێری توانرا لەلایەن بنکەی پۆلیسی حاجیاوا تۆمەتبارێکی ئافرەت بەناوی (ش، س، ع) تەمەن 42 ساڵ دانیشتووی گەڕەکى رزگارى قەزانی ڕانیە دەستگیربکات.
هەروەها راشیگەیاندووە، دواى دەستگیرکردنى، تۆمەتیارەکە لەبەردەم دادوەر دانى بە تاوانەکەیدا ناوە و دەڵێت، کاتێک خاوەنەکانیان لە دووکان نەبوون ئەویش ئاگری لە پارچەیەک قوماش بەرداوە و دوکانەکان گڕیان گرتووە چونکە مەبەستی بووە دووکانەکان بسوتێنێت.
ئەوەشى راگەیاندووە، لەکاتی لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا، تۆمەتبارەکە وای خۆی دەرخست کە نەخۆشی دەروونی هەیە، بەوهۆیەش دەنێردرێتە لێژنەی پزیشکی پۆ پشتڕاستکردنەوەی کە ئاخۆ لە ڕووی دەروونیەوە تەندروستە یاخود نەخۆشی دەروونی هەیە.