بڕیاری نوێ.. لە هەولێر مۆلیدە ئەهلیەکان ٢٤ کاتژمێر نایەڵن خەڵک بێکارەبێت
05:05 - 12/05/2025
زەمەن _ هەولێر
لە هەولێر بڕیاردراوە، لەو گەڕەکانەی کە هێشتا پرۆژەى رووناکییان پێنەگەیشتووە، مۆلیدە ئەهلییەکان لە نەبوونی کارەبای نیشتمانیدا کارەبا دابینبکەن.
ئەمڕۆ دووشەممە، ١٢ی ئایاری ٢٠٢٥، خۆران خۆرانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی مۆلیدە ئەهلییەکانی هەولێر، ئاشکرایکرد، بەهۆی گەرمبوونی کەشوهەوا و دەستپێکردنی وەرزی تاقیکردنەوەکان لە هەولێر، بڕیاردراوە لەو گەڕەکانەی کە هێشتا پرۆژەى رووناکییان پێنەگەیشتووە، مۆلیدە ئەهلییەکان لە نەبوونی کارەبای نیشتمانیدا کارەبا دابینبکەن و بڕیارەکە لەسەر داوا و خواستى هاونیشتمانییان بووە.
هاوکات، سیروان محەمەد، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی کارەبای سلێمانی راگەیاند، تاوەکو ئێستا هیچ بڕیارێکیان نەداوە بۆ گۆڕانکاریی لە کاری خشتەی مۆلیدە ئەهلییەکان و ئەگەر بڕیارێکی لەوجۆرە بدرێت لە پاش ١٥ـى مانگەوە دەبێت.
ئەمە لە کاتێکدایە، لە هەولێر و سلێمانى مۆلیدە ئەهلییەکان لە کاتى نەبوونى کارەباى نیشتمانیدا رۆژانە لەنێوان ١٠ بۆ ١٢ کاتژمێر کارەبایان دابیندەکرد، بەجۆرێک لە هەشتى بەیانى تاوەکو ١٢ى نیوەڕۆ و لە شەویشدا لە پاش یەکى شەوەوە تاوەکو شەشى بەیانى مۆلیدەیان هەڵنەدەکرد، بەڵام هێشتا لە سلێمانى بەهەمان سیستم کار دەکرێت.