24 کوردستان

لە دوو دادگای سلێمانی؛ «بەتایبەت» ڕۆژنامەوانان دادگایی دەکرێن

04:18 - 11/05/2025

زەمەن - سلێمانی: 

شێوازی تۆمارکردنی سكاڵای یاسایی و دادگەییکردنی رۆژنامەوانان و دۆسییەکانیان لە دوو دادگەی سەر بە سەرۆکایەتیی دادگەی تێهەڵچوونەوەی ناوچەی سلێمانی یەکلاییکرانەوە.

ڕۆژی یەکشەممە (11ی ئایاری 2025) کاروان ئەنوەر؛ سكرتێری لقی سلێمانی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان و دادوەر عومەر ئەحمەد؛ سەرۆكی دادگەی تێهەڵچوونەوەی ناوچەی سلێمانی و هەریەک لە دادوەر سامان جەمال؛ سەرۆکی دادگەی لێكۆڵینەوەی سلێمانی/1 و دادوەر هاوڕێ لەتیف؛ سەرۆکی دادگەی كەتنی سلێمانی/6 کۆبوونەوە و بۆ کاراکردنی بڕیاری ژمارە 2722ی 13ی ئاداری 2025 بۆ تایبەتکردنی دوو دادگەی سلێمانی بۆ سكاڵا و دۆسییەکانی ڕۆژنامەوانان لەچوارچێوەی یاسای ژمارە 35ی ساڵی 2007 لەسەر  چەند خاڵێک ڕێککەوتن، لەوانە:

یەکهەم: ناساندنی ڕۆژنامەوان و دۆسییەکانی سەری بە تەنیا لە هەردوو دادگەی لێكۆڵینەوەی یەکی سلێمانی و دادگەی شەشی كەتنی سلێمانی.

دووهەم: جیاکردنەوەی ڕۆژنامەوان و دۆسییەکانی لەوانەی میدیایی نین و بەناوی میدیا و میدیاوانەوە تاوانبار دەکرێن.

سێهەم: بانگهێشتکردنی ڕۆژنامەوان بۆ بەردەم دادگە بەپێی ئەو ڕوێوشوێنانەی کە یاسای ڕۆژنامەگەریی هەرێمی کوردستان، ژمارە 25ی ساڵی 2007 دەستنیانیکردوون، لەوانە پێشوەختە ئاگادارکردنەوەی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان.

چوارهەم: سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان؛ لایەنی سەرەکیی تۆمارکردنی ئەو ماڵپەڕ و پەیج و ئەكاونت-ە جیاوازانەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بێت کە تائێستا ناسنامەیان نادیار و نەزانراوە.

پێنجهەم: دامەزراندنی بۆردێکی یاسایی پارێزەران بۆ بەرگرییکردن لە دۆسییەکانی ڕۆژنامەوانان؛ لە چوارچێوەی خانەی داواكاریی ئینتیداب_ی دادگەی سلێمانی.

لەوبارەوە د.شوان ئادەم ئەیڤەس؛ سەرۆکی ڕێکخراوی چاودێریی میدیای کوردی (چمک)؛ وێڕای دەستخۆشیی لە بڕیاری تایبەتکردنی دوو دادگەی سلێمانی بە دۆسییەکانی ڕۆژنامەوانان و یەکلاکردنەوەی شێوازی سکاڵاتۆمارکردن و چۆنییەتی بانگهێشتکردنیان بۆ بەردەم دادگە، هیوای خواست کە ئەم ئەزموونە زۆر بەزوویی سەرانسەی هەرێمی کوردستان بگرێتەوە و ڕێگەخۆشکەر بێت؛ لەبەردەم هێنانەکایەی دادگەی تایبەتمەند بە سەرجەم دۆسییەکانی ماف و ئازادییەکانی دەربڕین و ڕۆژنامەگەریی. هاوکات بشبێتە هۆکارێک بۆ باشتر ناساندنی ڕۆژنامەگەریی وەک پیشەیەکی سەربەخۆ و تێگەیشتن لە ئەرک و مافەکانی لە بەدەستهێنانی زانیاریی  گشتیی بۆ هاووڵاتیان و کاراکردنی ڕۆژنامەگەریی بنکۆڵکاریی و هەڵدانەوەی دۆسییەکانی گەندەڵیی، چوونکە «میدیا و دەستەڵاتەکانی دادوەریی و ڕاپەڕاندن و یاسادانان، پێویستە بیر لە درووستکردنی پەیوەندیی هاوبەرپرسیارێتیی و پتەوکردنی بکەنەوە، نەک پچڕاندن و بە دوژمن ناساندنی یەکتری.» 

چاودێریی میدیای كوردی (چمك)؛ رێکخراوێکی ناحكومی، قازانجنه‌ویستى، سه‌ربه‌خۆییه. کار بۆ چاودێرییكردن، هه‌ڵسه‌نگاندن، راپۆرتكردن‌و توێژینه‌وه‌ى خه‌وش‌و پێشلكارییه‌ پیشه‌ییه‌كانی میدیاو ره‌وشی رۆژنامه‌گه‌ری كوردیی دەکات. جه‌ختكردنه‌وه‌ى سه‌ره‌كیی ئه‌م رێكخراوه‌، له‌سه‌ر به‌رزكردنه‌وه‌ى ئاستى هۆشیارى تاكه‌كه‌س‌و كۆمه‌ڵگه‌ى كوردییه‌ له‌هه‌مبه‌ر په‌ڕاوێزخستن‌و ده‌ستێوه‌ردانى ناپیشه‌یی میدیاو میدیاوانانى كوردستان. چالاكیی‌و پرۆژه‌كانى ئه‌م رێكخراوه‌ بۆ رووماڵكردنى به‌رهه‌مه‌ جۆربه‌جۆره‌كانى میدیاى كوردییه‌، به‌مه‌به‌ستى گه‌ڵاڵه‌كردن‌و خستنه‌ڕووى كارنامه‌یه‌كى پیشه‌ییترى كرداریی بۆ راستكردنه‌وه‌ى هه‌ڵه‌ باوه‌كانى میدیاو شێوازى كاركردنى میدیاوانانى كوردستان.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن