252 کوردستان

بەپەلە.. ئاواتی شێخ جەناب بەپاساوی دەسکاریکردنی پارەی مووچە، دەسەڵاتی خەرجکردنی ٤٠٠ ملیاری مووچەی لەبانکی ناوەندی سلێمانی سەندەوە

07:25 - 22/03/2025

زەمەن - کوردستانى

 

بەگوێرەى نووسراوێکى وەزارەتى دارایى هەرێمى کوردستان کە واژۆى ئاوات شێخ جەناب، وەزیرى دارایى لەسەرە، دەسەڵاتى سەرپەرشتی موچەی سلێمانی لە بانكی ناوەندی هەرێم لقی سلێمانیەوە گۆڕی بۆ بانكی ئاشتی لە سلێمانی.

 

بەگوێرەى نووسراوەکە، لەمەودوا بانكی ناوەندی هەرێم لقی سلێمانی دەسەڵاتى سەرپەرشتى مووچەى نامێنێت، هۆكاری بڕیارەكەشی بۆ ئەوە گەڕاندووەتەوە كە پێشتر لە سلێمانی دەستكاری پارەی نەختینەی موچەو پارەی هاوڵاتیان کراوە لە بانكەكان.

 

هەر بەگوێرەى نووسراوەکەى وەزارەتى دارایى کە 20ى ئەم مانگە واژۆکراوەن لەمەودوا بانکى منارە لە هەولێر تەمویلى مووچە دەنێرێت بۆ بانکى ئاشتى و لەوێشەوە بەسەر بانکەکانى سنوورى پارێزگاى سلێمانى و هەڵەبجە و ئیدارەکانى راپەڕین و گەرمیاندا دابەشدەکرێت، جەخیشکراوەتەوە کە نابێت بەهیچ جۆرێک دەستكاری پارەی هاوڵاتیان بکرێت لە بانكەكان بەپێچەوانەوە رێكاری یاسایی دەگیرێتە بەر


هەروەها ئەوەش هاتووە، نابێت كێشە بۆ پێشینەی مانگانەی فەرمانگەكان و كۆمپانیاكان و بەڵێندەران درووستبكرێت، دەبێت هەفتانە هەموو بانكەكان لیستی داهات و خەرجییەكان ئاراستەی وەزارەتی دارایی بكەن.


سەرچاوەیەک لە وەزارەتى دارایى رایگەیاند، سەرپەرشتی نەختینەی موچە لە لقی سلێمانی بانكی ناوەندی وەرگیراوەتەوەو لەمەودوا پارەی موچەی موچەخۆرانی سلێمانی كە نزیكەی (400) ملیار دینارە لە بانكی منارەی هەولێرەوە كە پێشتر دەچووە بانكی ناوەندی هەرێم لقی سلێمانی بەڵام لەمەودوا ناچێتەوە لقی سلێمانی بانكی ناوەندی بەڵكو راستەوخۆ دەچێتە بانكی ئاشتی لە سلێمانی و لەوێشەوە بەسەر بانكەكاندا دابەشدەكرێت، پێشتر لقی سلێمانی بانكی ناوەندی سەرپەرشتی پارەی نەختینەی موچەی دەكرد لەمەودوا لقی سلێمانی بانكی ناوەندی ئەو دەسەڵاتەی نامێنێت.

 

 دوێنێ ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی، لەگەڵ بەڕێوەبەری بانک و گەنجینەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی کۆبووەتەوە و پێیگوتوون، نابێت لە هیچ بانکێک کێشە و گرفت بۆ هاووڵاتیان و فەرمانگەکان و بەڵێندەران دروست بکرێت، بەپێچەوانەوە هەر کێشەیەکی نەخوازراو بەدەر لە یاسا و ڕێنماییەکان دروست بکرێت ئیجرائاتی پێویست لەگەڵ بەڕێوەبەری بانکەکان دەکرێت،  نابێت لە هیچ بانکێک دەستکاری پارەی هاووڵاتیان ( ئەمانات ، وەدائیع ، توفیر ،هتد.....) بکرێت بەپێچەوانەوە ڕووبەڕووی لێپرسینەوەی یاسایی دەبنەوە.

 

گوتووشیەتى، بەهیچ جۆرێک نابێت لە ژێر هیچ بیانوویەکدا پارەی تەرخانکراو بۆ مووچە بۆ هیچ بوارێکی تر بەکاربهێنرێت، لە حاڵەتی دووبارەبوونەوەی سەرپێچیەکان و هەرکەس و لایەنێک پێچەوانەی ئەم ڕێنماییانە جوڵایەوە، ئاگاداریان بکەنەوە بۆئەوەى رێکارى پێویستە بەرامبەریان بگرنەبەر.



سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن