171 کوردستان

یەکگرتووى ئیسلامى: داوامان لە سودانى کرد چارەسەرى کێشەى مووچە و تەوتینکردنى بکات

08:56 - 13/11/2024

زەمەن - کوردستانى

 

یەکگرتووى ئیسلامى کوردستان رایگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ چوار شەممە 13-11-2024، سەلاحەدین بەهادین ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان لەشاری سلێمانی پێشوازیكرد لە محەممەد شیاع سودانی سەرۆكوەزیرانی عێراق و شاندی یاوەری.

 

یەکگرتوو راشیگەیاندووە، لەسەرەتای دیدارەكەدا، ئەمینداری گشتی یەكگرتوو سوپاسی سەردانەكەی كردو خوازیاری ئەوەبوو كە سەرۆكوەزیرانی عێراق كاری جدی بكات بۆ چارەسەری ڕیشەیی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان و كۆتاییهێنان بە لەمپەرو گرفتەكانی بەردەم تەوتینی مووچە، بۆ ئەوەی مانگانە لەكاتی خۆیدا مووچە دابەش بكرێت و هاوڵاتیان لەدڵەڕاوكێی هاتن و نەهاتنی مووچە ڕزگاریان ببێت.

هەروەها ئەمینداری گشتی یەكگرتوو داوای لە سودانى کردووە، كاری جدی بۆ ڕێكارەكانی بە پارێزگا بوونی هەڵەبجەو دابینكردنی مافی هاوڵاتیانی هەڵەبجە بە گشتی و قوربانیانی كیمیابارانی هەڵەبجە بكات، بەڵام بەداخەوە وەك پێویست خزمەت بە هاوڵاتیان و بە شارەكەش نەكراوە.

لە راگەیەندراوەکەى یەکگرتوودا ئەوەش هاتووە، سەرۆكوەزیرانی عێراق ستایشی ڕۆڵی چالاكانەی یەكگرتووی كرد لە گۆڕەپانی سیاسی عێراق و هەرێم و ناوچەكە، خوازیاری ئەوەش بوو كە یەكگرتوو لەڕێگەری نوێنەرەكانیەوە لە بەغدا هاوكاربێت بۆ تێپەڕاندنی ئەو پرۆژە یاسایانەی كە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق خزمەت بەهاوڵاتیانی هەرێم و عێراق دەكەن.
















All reactions:
239SPEDA FM and 238 others


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن