382 جیهان

لە جۆرجیا 120 هەزار منداڵی ساوا دزراون؛ مەسەلەکە چییە؟

01:50 - 07/07/2024

زەمەن - جۆرجیا

ئیلین دیسادزێی خوێندکار لە جۆرجیا لە ساڵی 2022 دا سەیری تیک تاکی کردووە کە لەناکاو پڕۆفایلی کچێک هاتووەتە بەردەمی بە ناوی ئانا پانچولیدزییەوە کە بە تەواوی لە خۆی چووە.

چەند مانگێک دواتر، دوای ئەوەی قسەیان کرد و بوون بە هاوڕێ، هەردووکییان بە جیا بۆیان دەرکەوت کە کاتێک کۆرپە بوون هەڵگیراونەتەوە و دایک و باوکییان دایک و باوکی ڕاستەقینەی خۆیان نین، ساڵی ڕابردوو بڕیاریاندا پشکنینی دی ئێن ئەی بکەن.

پشکنینەکە دەریخست کە ئەوان نەک تەنها لە یەک دەچن بەڵکو دووانەشن.

ئانا کە خوێندکاری ئینگلیزییە لە زانکۆ بە دەزگای هەواڵی فرانس پرێسی وتووە "منداڵییەکی خۆشم هەبوو، بەڵام ئێستا هەموو ڕابردووەکەم هەست دەکەم هەڵخەڵەتاندن بووە."

ئەو دوو خۆشکە یەکێکن لەو دەیان هەزار منداڵەی کە بوون بە قوربانی بازرگانیکردن بە منداڵان کە دەیان ساڵە بە شێوەیەکی نایاسایی لە جۆرجیا بەڕێوەدەچێت.

ئەم بازرگانیکردنە کە لەلایەن ڕۆژنامەنووسان و ئەو خێزانانەوە ئاشکرا کراوە کە بە شوێن خزمە بێسەروشوێن بووەکانییاندا دەگەڕێن، تێیدا دەردەکەوێت کە کۆرپەکان لە دایکەکانییان دزراون، زۆرێکییان پێیان وتراوە کە کە کۆرپەکانییان مردوون و دواتر بە باوانێکی دیکە فرۆشراون لە جۆرجیا و لە دەرەوەش.


ڕۆژنامەنووسان بۆیان دەرکەوتووە کە هەڵگرتنەوەی کۆرپە بە شێوەیەکی نایاسایی بۆ ماوەی زیاتر لە 50 ساڵ هەبووە، ئەم کارەش لەلایەن نەخۆشخانەکانی لە دایکبوون و پەرستاران و دەزگاکانی هەڵگرتنەوەی منداڵەوە ئاسانکاری بۆ کراوە، ئەمانە یەکییان گرتووە بۆ دزینی کۆرپەکان لە دایک و باوکییان، تۆمارەکانی لە دایکبوونی کۆرپەکەیان ساختە کردووە و لە بەرامبەر پارەدا کۆرپەکانییان داون بە خێزانێکی دیکە.

ئیلین و ئانا کە ئێستا تەمەنییان 19 ساڵە، ڕابردووە شاراوەکەیان دوو ساڵ لەمەوبەر ئاشکرا کرد.

ئیلین کە خوێندکاری زانستی دەروونییە بە فرانس پرێسی وتووە" بەبێ ئەوەی گومان بکەین لەوەی ڕەنگە خوشک بین بووین بە هاوڕێی یەکتر، بەڵام هەردووکمان هەستمان بەوە کرد کە پەیوەندییەکی تایبەت لە نێوانماندا هەیە."


هاوینی ساڵی ڕابردوو، دایک و باوکانی هەردووکییان بە جیا بە کچەکانییان وت کە ئەوان کاتێک کۆرپە بوون هەڵگیراونەتەوە، دایک و باوکەکان دەمێکەیە ویستبوویان ئەوەیان پێبڵێن.

لەو کاتەدا بوو کە دوو خوشکەکە بڕیاریاندا پشکنینی دی ئێن ئەی بکەن و ئەوەش دەریخست کە دووانەن.

ئانا وتی " کۆششم کرد بۆ وەرگرتنی ئەو زانیارییە، بۆ پەسەندکردنی واقیعە نوێیەکەم، ئەو کەسانەی کە ماوەی 18 ساڵە بەخێوم دەکەن دایک و باوکم نین."

وتی " بەڵام هیچ هەست بە توڕەیی ناکەم، تەنها سوپاسگوزاری ئەو کەسانەم کە بەخێوییان کردم، هەروەها هەست بە خۆشی دەکەم بە دۆزینەوەی کەسێک لە گۆشت و خوێنی خۆم."

پشکنینەکەی ئیلین و ئانا بە یارمەتی ڕۆژنامەنووس تامونا موسیریدزیەوە ڕێکخرا، تامونا پەیجێکی فەیسبووکی هەیە کە تەرخان کراوە بۆ یەکخستنەوەی ئەو کۆرپانەی کە لە دایک و باوکی خۆیان دزراون.

پەیجەکە زیاتر لە 200,000 ئەندامی هەیە، بەو دایکانەشەوە کە لەلایەن کارمەندانی نەخۆشخانەوە پێیان وتراوە کە کۆرپەکەیان بە ماوەیەکی کورت دوای لە دایکبوون گیانی لە دەستداوە، بەڵام دوای تێپەڕبوونی چەندین ساڵ بۆیان دەرکەوتووە کە ڕەنگە کۆرپەکانییان لە ژیاندا مابێتن.

موسیریدزی لە ساڵی 2021 دا گروپێک دادەنێت لە هەوڵێکدا بۆ دۆزینەوەی خێزانەکەی خۆی، دوای ئەوەی کە بۆی دەرکەوتووە کە ئەویش کاتێک کۆرپە بووە هەڵگیراوەتەوە.

دوای ئەوە بە ماوەیەکی کورت، ئۆپەراسیۆنێکی زەبەلاحی فرۆشتنی کۆرپە ئاشکرا دەکات.

موسیریدزی وتی " دایکەکان پێیان وتراوە کە کۆرپەکانییان بە ماوەیەکی کورت دوای لە دایکبوونییان گیانییان لە دەستداوە و لە گۆڕستانی نەخۆشخانەکەدا نێژراون."

وتی " لە ڕاستیدا نەخۆشخانەکان هیچ گۆڕستانێکییان نەبووە، کۆرپەکانییان بە شێوەیەکی نهێنی دەدزران و دەفرۆشران بەو دایک و باوکانەی کە کۆرپەیان هەڵگرتووەتەوە."

باوانە نوێیەکان زۆرجار نەیانزانیوە کە هەڵگرتنەوەی کۆرپەکان نایاساییە و چیرۆکی ساختەیان پێوتراوە سەبارەت بە بارودۆخی کۆرپەکە.

مورسیریدزی بە فرانس پرێسی وت " بەڵام هەندێک کەس بە تەواوی ویژدانی خۆیانەوە ویستوویانە یاسا بشکێنن و کۆرپەیەک بکڕن "، بۆ ئەوەی خۆیان بە دووربگرن لە لیستە درێژەکەی چاوەڕوانی.

مورسیریدزی دەڵێت بەڵگەی لایە کە لە نێوان ساڵی 1950 ەوە بۆ 2006 لانیکەم 120,000 کۆرپە " لە دایک و باوکییان دزراون و فرۆشراوان،" لە ساڵی 2006 دا دوابەدوای ڕێوشوێنەکانی دژ بە بازرگانیکردن لەلایەن سەرۆکی چاکسازیخواز میخێل ساکاشڤیلییەوە دواجار ئەو بازرگانییەی لە ناوچوو.

مورسیریدزی وتی لە جۆرجیا، باوانە نوێیەکان موچەی چەند مانگێکییان دەدەن بۆ ئەوەی بتوانن کۆرپەیەک هەڵبگرنەوە، هاوکات ئەو کۆرپانەی کە بە قاچاخ دەبرێنە دەرەوە بە 30,000 دۆلار دەفرۆشرێن.

لیا کۆرکۆتادزی دایکە ناڕاستەقینەکەی ئیلین لەگەڵ هاوسەرەکەیدا بڕیاریداوە کۆرپەیەک هەڵبگرنەوە، ئەوەش دوای ئەوەی زانیویانە کە خۆیان ناتوانن منداڵییان ببێت.

کۆرکۆتادزی بە فرانس پرێسی وت "بەڵام منداڵ هەڵگرتنەوە لە خانەکانی منداڵانی بێ دایک و باوک مەحاڵ بوو بەهۆی لیستە درێژەکەی چاوەڕوانییەوە."

لە ساڵی 2005 دا ناسیاوێکی پێی وتووە کە کۆرپەیەکی شەش مانگ هەیە بۆ هەڵگرتنەوە، کۆرپەکە لە نەخۆشخانەیەکی ناوخۆیی بووە.

کۆرکۆتادزی وتی " زانیم کە ئەمە دەرفەتەکەی منە " و ڕازیبووم.

وتی " ڕاستەوخۆ ئیلینییان هێنایە ماڵەکەمەوە." وتیشی هەرگیز گومانی ئەوەم نەکردووە کە " شتێک نایاسایی " بووبێت.

چیرۆکی ئانا و ئیلین ئاوێنەی دووانەیەکی دیکەیە، ئانا سارتانیا و تاکۆ خڤیتیا، کە بە هەمان شێوە لە کاتی لە دایکبوونییاندا لە یەکتر جیا کراونەتەوە و فرۆشراون بە دوو باوانی جیاواز، چەند ساڵێک دوای ئەوە توانیویانە لە ڕێی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە یەکتری بدۆزنەوە.

بەهۆی گروپەکەی مورسیریدزییەوە لە فەیسبووک، زیاتر لە 800 خێزان یەکییان گرتووەتەوە.

حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی جۆرجیا چەندین هەوڵییان داوە بۆ لێکۆڵینەوە لەو بابەتە و چەندین کەسییان لە ماوەی 20 ساڵی ڕابردوودا دەستگیر کردووە.

وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی جۆرجیا تاتۆ کوچاڤا بە فرانس پرێسی وت " لێکۆڵینەوە دەکرێت " لە دۆزینەوەکانی موسیریدزی، بەڵام وردەکاری زیاتری نەدا.

هەفتەی ڕابردوو سەرۆک وەزیری جۆرجیا ئیراکلی کۆباخیدزی لە پەرلەمانی وڵاتەکەدا وتی تیبیلیسی یەکێکە لە ڕابەرانی جیهان لە ڕووبەڕووبوونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤدا.

سەرچاوە : voa


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن