290 عیراق

وەزارەتی ناوخۆ: هەر كەسێك مامەڵە بە دۆلارەوە بكات پێنج ساڵ زیندانی دەکرێت

10:21 - 29/05/2023

زەمەن-عێراقی

 

وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایدەگەیەنێت، پێویستە مامەڵەكردنی ناوەندە بازرگانییەكان بەدینار بێت و هەر کەسێک سەرپێچی بکات بۆ ماوەی پێنج ساڵ زیندانی دەکرێت.

فەریق حسێن تەمیمی بەڕێوەبەری ئۆپراسیۆنەکان لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق  رایگەیاندووە: پێشتر وەزارەت لە ناوەڕاستی ئەم مانگەدا دەستیکردبوو بە هەڵمەتێک بۆ رێگریکردن لە خاوەن بازاڕ و دوکانەکان لە مامەڵەکردن بە دۆلار و سنووردارکردنی ئەم پرۆسەیە.

ئاماژەی بەوەشكردوە: ھێشتا ھەڵمەتەکە لە ھەموو ناوچەکان بەردەوامە، جگە لە ھەرێمی کوردستان، لە ڕێگەی مەفرەزەکانەوە کە ھەڵمەتی پشکنین و چاودێریکردن لە سەنتەرەکان و بازاڕە بازرگانییەکان و پێشانگاکانی ئۆتۆمبێل ئەنجام دەدەن بۆ چاودێریکردنی ئەو ناوەندە بازرگانییانەی مامەڵە بە دۆلارەوە دەکەن.

هاوكات ئەوەشی خستووەتەڕوو، كە هەندێک کەس هەن سوود لە ناجێگیری نرخی دۆلار وەردەگرن، بەڵام هەموو رێوشوێنێکی یاسایی بەرامبەر سەرپێچیکارانی بڕیارەکان گیراوەتەبەر کە لەلایەن فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان دەرچووە کە ناوەندە بازرگانییەکان و خاوەن پێشانگاکانی ئۆتۆمبێلی پابەند کردووە بە مامەڵەکردن بە دینار لەبری دۆلار.

لەكۆتاییدا جەخت لەوە دەكاتەوە: هەر خاوەن ناوەندێکی بازرگانی مامەڵە بە دۆلارەوە بکات سزا دەدرێت و سزاکەش دەگاتە پێنج ساڵ زیندانیکردن.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن