238 کوردستان

رۆژی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لە عێراق دیاریکرا

09:03 - 20/03/2023

زەمەن_عێراق

پەرلەمانی عێراق بە زۆرینەی دەنگ رۆژی 6ی تشرینی دووەمی ئەمساڵی وەک رۆژی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراقی پەسەندکرد.

 
پەرلەمانی عێرق دەنگی لەسەر ماددەی 15 و 16ی هەمواری یاسای هەڵبژاردندا، بەگوێرەی ماددەی 15، 320 کورسی بەسەر پارێزگاکان دابەشدەکرێت، نۆ کورسیش بەسەر کۆتاکاندا بەمشێوەیە دابەشدەکرێت مەسیحی 5 کورسی لە هەریەکە لە پارێزگاکانی بەغدا،هەولێر، دهۆک  و نەینەوا.

سابیئەی مەندائی یەک کورسی لەپارێزگای بەغدا، کوردی فەیلی لە پارێزگای واست یەک کورسی، شەبەک یەک کورسی پارێزگای نەینەوا، ئێزیدی یەک کورسی لە پارێزگای نەینەوا.
بەپێی هەموارەکە، ئەو پارێزگایانەی کۆتاکانیان بەسەردا دابەشکراوە بە یەک بازنە هەڵبژاردن ئەنجامدەدەن. هەروەها پەرلەمان دەنگی لەسەر ماددەی 16 ی هەمواری یاسای هەڵبژاردنی پارێزگاکان، ئەویش جیاکردنەوەی دەنگەکانە بە سیستەمی ئەلیکترۆنی و بەدەست، واتە لە هەمان وێستگەی دەنگدان جیاکردنەوەی دەنگەکان بە دەستیش ئەنجامدەدەرێت.

 

دوایین هەڵبژاردن بۆ ئەو ئەنجوومەنی پارێزگاکان کرابێت لە ساڵى 2013بوو، بەر لەوەى بە بڕیارى پەرلەمانى عێراق لە ساڵی 2019 کاریان سڕ بکرێت.

هەردوو هەڵبژاردنى پەرلەمان و ئەنجوومەنى پارێزگاکان لە پڕۆژەیاساکەدا کراون بە یەک و بەگوێرەى ئەو مادانەى پەسندکراون، ژمارەى کورسییەکانى پەرلەمانى عێراق وەک خۆیان دەمێننەوە کە 329 کورسین و ژمارەى کۆتاى پێکهاتەکانیش گۆڕانکاریان تێدا نەکرا کە 9 دانەن.

بەشێکى دیکەى ئەو مادە و بڕگانەى پەسندکران تایبەت بوون بە شێوازى هەژمارکردنى دەنگەکان کە دەبێت لە سەرجەم بنکەکانى دەنگدان ژماردنى دەنگەکان بە دەستى و ئەلیکترۆنیش بێت. ئەگەریش ژمارەکان جیاواز بوون، ئەو کاتە پشت بە ژماردنى دەستى دەبەسترێت. هاوکات پێویستە لەماوەى 24 کاژێردا ئەنجامى بەرایی دەنگدانى تایبەت و گشتى لەلایەن کۆمیسیۆنەوە رابگەیێندرێت.

دەنگدان لەسەر هەموارى پڕۆژەیاسای هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان ناڕەزایی بەشێک لە فراکسیۆنە ئۆپۆزیسیۆن و پەرلەمانتارە سەربەخۆکانى لێکەوتەوە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن