چارەنوسى مووچە پاشەکەوتکراوەکان درایە ئەنجومەنی وەزیران
04:05 - 26/11/2022
زەمەن_هەرێمى کوردستان
لیژنەی دارایی پەرلەمانی کوردستان ڕاپۆرتێکی لەبارەی
پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران و مووچە پاشەکەوتکراوەکان داوەتە ئەنجومەنی وەزیران و
چاوەڕوانی وەزیری داراییە بۆئەوەی لە پەرلەمان گفتوگۆی لەسەر بکەن.
زیاد جەبار، سەرۆکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی
کوردستان ڕایگەیاند، لە لیژنەی دارایی ڕاپۆرتێکیان ئامادەکردووە و پێشکەشی ئەنجومەنی
وەزیرانیان کردووە بۆئەوەی وەزیری دارایی بێتە پەرلەمان و گفتوگۆی لەسەر بکەن.
وتیشی، ڕاپۆرتەکە لە ١٢ یاداشتی پەرلەمانتاران
پێکھاتووە و چەند تەوەرێک لە خۆدەگرێت کە گرنگترینیان بابەتی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران
و مووچە پاشەکەوتکراوەکانە.
سەرۆکی لیژنەی دارایی ئاماژەی بەوەشکردوە، لە ڕاپۆرتەکەدا
داوایان کردووە حکومەت چارەسەرێک بۆ مووچە پاشەکەوتکراوەکان بدۆزێتەوە و بەو پێیەی
کە ھاووڵاتیانیش قەرزاری حکومەتن، بەشێک لە مووچە پاشەکەوتکراوەکانیان بخرێتە بری
قەرزەکانیان.