718 جیهان

ڕوسیا لەبارەی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی بەیرەقداری توركیا هەڕەشە دەكات

08:38 - 09/08/2022

زەمەن


دیمیتری پێسکۆڤ، وتەبێژی کرێملین ئەمڕۆ سێشەممە ڕایگەیاند، ئەگەر کارگەیەک بۆ دروستكردنی فرۆكەی بێفڕۆكەوانی "بەیرەقدار"ی تورکیا لە ئۆکرانیا هەبێت، ئەوا لە چوارچێوەی ئەرکی داماڵینی چەکدا، لەلایەن سوپای ڕوسیاوە ڕووبەڕووی لەناوبردن دەبێتەوە.


هەروەها وتی "ئەگەر بەراستی كارگەیەك دامەزرابێت ئەوا دەكەوێتە ژێر بڕگەی داماڵینی سەربازییەوە، چونکە ئەوە تەنها ئازارەکانی ئۆکراینییەکان درێژ دەکاتەوە، هەروەها یارمەتیدەر نابێت بۆ دوورکەوتنەوە لەوەی کە بە ئامانجی ئۆپەراسیۆنی سەربازی تایبەتی ئەوێ دادەنرێت". بەپێی ئەوەی کە ماڵپەڕی روسیا تودەی بڵاویکردووەتەوە.

پێسکۆڤ پێشتر ڕایگەیاندبوو کە ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕوسیا و ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا لە میانی کۆبوونەوەکەیاندا لە ٥ی ئاب لە سوچی، باسیان لە پرسەکانی پەیوەست بە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیا نەکردووە.

ڤاسیلی بۆدنار باڵیۆزی ئۆکرانیا لە ئەنقەرە پێشتر پلانی کۆمپانیای "بەیرەقدار"ی تورکی بۆ دەستپێکردنی بەرهەمهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی هێرشبەری "بەیرەقدار"ی لە ئۆکرانیا ڕاگەیاندبوو.

هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه‌ كه‌ به‌یره‌قدار پێشتر كۆمپانیایه‌كی له‌ ئۆكرانیا دامه‌زراندووه‌، هه‌روه‌ها ده‌نگۆی دروستكردنی كارگەكەش‌ پێش ده‌ستپێكردنی ئۆپه‌راسیۆنی سه‌ربازی روسیا له‌ كۆتایی مانگی شوباتدا دەگەڕێتەوە و هێشتا له‌ قۆناغی گه‌شه‌پێداندایە.

بە وتەی باڵیۆزەکە، کۆمپانیا تورکییەکە پێشتر پارچە زەوییەکی لە ئۆکرانیا کڕیوە و پرۆژەی كارگەكەی پەرەپێداوە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن