بەرگریی لە شیعر
06:11 - 21/06/2022
هۆسەنگ قادر/کولتوری زەمەن
ئارام حاجی گفتوگۆ لەگەڵ ڕێبوار سیوەیلی.
ئەمە یەکێکە لەباشترین کتێبەکان دەربارەی دیداری ئەدەبی کە تاکو ئێستا لە مێژووی ئەدەبی کوردی ئەنجام درابێت.
ئەوەی شیعر دەیکات بریتیە لە ئاشکراکردنی ئەو تواناییەی ناخی خۆمان بۆ ناسینەوەی دونیا.
د؍ ڕێبوار سیوەیلی.
ئەم کتێبە بریتیە لە 98 پرسیاری شاعیر ئارام حاجیەوە کە دکتۆر ڕێبوار سیوەیلی بەشارەزایی وەڵامی داونەتەوە. ئارام دانیشتوە بەئارەزووی دڵی خۆی پرسیار لەسەر پرسیار دڵی چی بخوازێ ئەوە لە دکتۆر دەکا. وەک بڵێین کلیک لە سەر گۆگڵ بکە چیت بوێت ئەو وەڵامەت دەست بکەوێ.. بەڵێ هەرچەندە پرسیارەکان لەناوبازنەو لە چوارچێوەی ئەدەب گەراییە بەڵام هێشتا ریتمو چێژی کلیک و گۆگڵ دەدات... ئاخر نزیکەی ۱۰۰ پرسیار وەڵامی دەسبەجێ پسپۆریەتی کەسی خۆی دەوێ... بەڵام ئیتر کە خودا مرۆڤی خوڵقاند یەکەمین کاری مرۆڤ ڕەخنەگرتنبوو لە خودا هەر ئەوەشە پێشمان دەکەوێنێ. بەڵێ گەر ڕەخنە نەبێ ئیتر تامی ژیان و بیرکردنەوە چیە.
نابێت لە بەرامبەر ڕەخنە وەک نۆکو گوڵە بەڕۆژ لە سەر سێر هەڵبەزوو دابەز بکەین.... دەبێت ووردتر دەقیق بەتەحەموولتر زیاتر چاومان ببینێ وە زیاتر گوێ بگرین.
پرسیارەکان بەپێی ڕێزبەندی دیدارەکەن.
کتێبەکە پێک هاتووە لە ۳ بەش بەشی یەکەمیان کە زۆرینەی کێبەکەشە کە خۆی لە ٥۱ پرسیار دەبێنێتەوە.
پرسیاری ڕژدوو ئاڵۆزن دەربارەی تەفسیری شیعر، شیعرو مێژوو، سروشت و نیشتیمان، بونیادی شیعر فەلسەفەو شیعر، خەیاڵ و فەنتازیا
زانست و پەروەردەو شیعر.
پرسیار دەربارەی بەراوردکاری شیعری کلاسیک و مۆدێرنە.
شیعرو ئاین، ڕەهایی لە شیعر، شۆرش و شیعر، پرسیار دەربارەی دەرون، مەرگ، جوانی، ئۆپۆزسیۆن و شیعر، زەمەن، ناسیۆنالیزم، مرۆڤ و شیعر.... هتد.
بەگشتی پرسیارەکانی بەشی یەکەم قسەکردنە لەسەر بوون و بونیادو ڕەگەزو کەرستەی شیعری.
بەشی دووەمی کتابەکە، کە پێک هاتووە لە ۲۰ پرسیار.
پرسیارو لێکۆڵینەوەیەکی کورت لە سەر تایبەتمەندیەکانی شیعرەکانی نالی ، وەهەروەها بەراودکاریەکی کورتی نێوان قەشەو فەیلەسوفی دانیمارکی سۆرین کیرکەگارد لەگەڵ مەحوی شاعیر.
چەقی بەراوردکاریەکە دەربارەی بوونگەرایی نێوان ئەم دوانەیە، کە خوێندنەوەی هی کتابێکی پێشتری سیویلیە.
وەهەروەها هەڤپەیڤینێکی کورت لەسەر حاجی قادرو گۆران و شێخ ڕەزا، وە سادەیی لە نوسین.
لەم بەشەدا زۆرترین تەفسیر لەسەر نالیە... کە دەبوایە هێندەش لەسەر حاجی گوترابا. چونکە حاجیش شیعرەکانی نوێگەریە بازدانە لە قۆناغی کلاسیکەوە بەرەو ڕیالیزمی ڕەخنەیی، ئەمە چەقی لێکۆڵینەوەی ماهیەتی شیعری حاجیە، بەڵام بەداخەوە کەمترین قسەی لەسەر کراوە. خوێنەر ئەتوانێ بگەڕێتەوە بۆ کتابەکانی تری کاک ڕێبوار سیوەیلی لەمەڕ ئەو بابەتە.
بەشی سێیەمی کتێبەکە تایبەتە بە گفتوگۆی کراوە، کە ئەمیشیان پێک هاتووە لە ۲۷ پرسیار تایبەتن بەوەرگێڕان ، ژن و شیعریەت، ڕەخنەگری شیعری، دەربارەی فاشیزم
فەندەمینتالیزم ،ئەدەبی فۆلکلۆری.
دوابەش....
بۆچی بەرگری لە شیعر؟
خولاسەی بۆچی بەرگری لە شیعر
وەڵامەکەی ....
کە ئێمە بەرگری لە شیعر دەکەین کەواتا ئێمە بەرگری لە ژیان لە ڕوح و ناخی مرۆڤ دەکەین هەردەم شیعر ماڵێکی کراوە بووە بۆ بوون و بۆ ژیان.
لەگەڵ پێشەکیەکی کورت بۆ نوسەر کاک بەکر عەلی، کە دەڵێ ناسینی شیعر بریتیە لە باڵی دووەمی شیعر بەبێ ئەم باڵە کە ئیتر شیعر ناتوانێ بفڕێ.
بەڵام ئەوەی تێبینی دەکرێت لەم کتابەدا وەک بڵێین دکتۆر پیرۆزیەکی لەڕادەبەدەری بە شیعر بەخشیوە. دکتۆر دەڵێت ئامانجی شیعر شیعریەتدان و سازدانەوەی دنیایە نەوەک تەفسیرکردنەوەی هاکەزایی هاوشێوەی ووتەکەی مارکس کە دەڵێ ئیشی فەیلەسوفان تەفسیری جیهانە نەک گۆڕینی. یان کە ئەوەی دکتۆڕ دەڵێت بۆ ئەوەی مرۆڤ هەمیشە تەندروست بمێنێتەوە پێویستەلە شیعرەوە نزیک بێتەوە. یاخود کە دەڵێ شیعر گەورەترە لە فەلسەفە لە هەرچی ژانرێکی ئەدەبی فروانتر دەبینێ.
لاپەڕە؍ ۱۱و ۱۲.
یان ئەوەی کە دەڵێ گەر شیعر نەدەبوو مرۆڤ زۆر تەنیاتر دەبوو لەو دۆخەی کە مرۆڤ وەک تەنیایی لە کاتی جیاواز ئەزمونی دەکات... لا۱۹.
یان مرۆڤ چۆن پێویستی بەهەناسە هەیە ئاواش پێویستی بە شیعر هەیە... لا۱۱٤.
هەموو ئەو نمونانە پێمان دەڵێن دکتۆر شیعری پیرۆزترکردووە لەوەی کەهەیە...تەنانەت ڕای گوماناوی کە دەڵێ شیعر کۆنترە لە فەلسەفە، لاپەڕە ۱۰۰.
لێرەدا ئاشکرایە کۆنترین دەقە شیعرلە مێژوودا ئی هۆمیرۆسەکە پێک هاتووە لە ۷۰۰۰ بەیتە شیعر، بەڵام فەیلەسوفانو قوتابخانە فەلسەفیەکان کۆنترن لە هۆمیرۆسو چامە شیعریەکانی.
زمان ماڵی بوونە.. هایدگەر.
زمان خانەی بوونە...سیوەیلی...لا۳۷
سروشت دایکە مرۆڤ باوکیەتی.. مارکس.
سروشت دایکی یەکەمی مرۆڤە...
سیوەیلی...لا۲٦.
دکتۆر لە لاپەرە 98 دەڵێت ئێمە میراتێکی فەلسەفی دەست لێنەدراومان لەناو شیعر ، هونەری تەلارسەزی، ستران ، لاوک حەیران گەلۆ بەیت و تەنانەت خواردن و نۆژداریماندا هەیە. نازانم لێرەدا دکتۆر مەبەستی کام هونەری تەلارسازیو نۆژداریە، کام میراتی فەلسەفی..... هەڵبەت ئاشکرایە کاریگەری ئەوروپیەکان بووە بەسەر دەوڵەتی ئیسلامیەوە بەتایبەتی دوڵەتی ئەندەلوس و ئەو سەردەمەوە کە عەرەب و ئیسلام لە ژێر کاریگەری هێڵی ئەوروپیەکانەوە فێرە هونەری تەلار سازی بوونە وە تەنانەت لەوەش قوڵتر ئەو میراتە فەلسەفیەش کە عەرەب لە چەرخی زێڕینی خۆی بەرهەمی هێناوە هەر هەمووی ڕاستەو خۆ لەژێر کاریگەری ئەوروپیەکانەوە بوە چ لە سەردەمی دەوڵەتی ئیسلامیو عەباسیو فاتیمیەوە یاخود چ پێشتریش هی بەر لەسەردەمی ئیسلامەوە کە ئەو کاتەش هەر لەژێر کاریگەری گریک و یۆنانی کۆن بووە.
هەڵبەت کۆمیدیایە گەر بڵێین شاعیران و بیرمەندانی کورد سودیان لەومیراتە فەلسەفیەی عەرەب ئەوروپا وەرنەگرتبێ بەتایبەتی کاتێک دکتۆر دەڵێت بە ووتەی ئەدۆنیس لە پشت شاعیری مەزن بیرمەندی مەزن هەن.
بەڵێ بونیادی شارستانی و مەعریفەی کوردی بەهۆی کاریگەری شارستانیەتەکانی دەوروبەرەوە بوە تەنانەت گەشەی شارەکانیشمان هەر بەهۆی وڵاتانی ئیقلیمەوە بووە وە ئەوانیش بەهۆی کاریگەری ڕێنسانسەوە بوە... هەڵبەت بێگومان ئەدەبو شیعریش بەدەر نیە لەو کاریگەریە، ئیتر نازانم مامۆستا باسی کام میراتی فەلسەفیمان بۆ دەکات کە لەژێر هەژموونی ئەو میراتە فەلسەفیەوە شیعریش گەشەی کردووە. بەڵێ ئێمە شاعیرمان هەن کە لەپەنجەی دەست تێپەڕ ناکات بەڵام بیرمەندمان کەمترە...نازانم ئیتر دکتۆر ڕێبوار چۆن حەق بەخۆی دەدات بڵێت ئێمە میراتێکی گەورەی فەلسەفیمان هەیە..دەشێت ئەو میراتە فەلسەفیەمانهەبێت بەڵام خوێنەری کورد پێی نەزانیبێ یاخود لەوانەیە لە نێو درزو کەلێنە دیوارەکانی مێژوو خۆیان حەشار دابێت. لە کاتێکدا بەختیار عەلی دەڵێت کورد فەیلەسوفی نیە.
هەڵبەتە میراتی فەلسەفی دەبێت بەبوونی فەیلەسوفەوە گرێدرا بێت ئەگینا میراتی فەلسەفی نابێت. گەر فەیلەسوفمان نەبێت لە کوێ میراتی فەلسەفیمان بۆ مابێتەوە.!! مامۆستا ڕێبوار دەڵێت میراتی فەلسەفیمان لە نوژداریدا هەیە ئەمەش یەکێکی تر لە کۆمیدیا میراتەفەلسەفیەکانی کورد کەدکتۆر باسیدەکات...
هەر هەمان لاپەڕە ۹٨.
وەڵامەکانی دکتۆر بۆ سەرجەم پرسیارەکان لە فۆرمە گشتیەکەیدا وەک بڵێین شتێک نیە لێرەو لەوێ نەگوترابێت.
لە نوسینەکانی پێشتری دکتۆر هەمان ڕاو وەڵاممان بەدیکردوە کە ئێستا گوتراوە هەڵبەت بە ئیزافەی زیاترەوە.
هەم لە شیعری گۆران ...کە دەڵێ ئەو خەیاڵەی کە پێی مەستم تاکوشیعر لە سەر کەرەکەی ناڵی ... بەڵێ کۆمەڵێک نەگوتراو بەدیدەکرێت بەڵام کۆمەڵێک بابەتی پێشترگوتراویش بەدیدەکرێت. کەدکتۆر لە زۆر لە وەڵامەکانیدا کردویەتیە کرۆکی بابەتەکان وە تەنانەت قسەی جدیو قوڵیشی لە سەر کردووە.
یەکێک لە پرسیارە جدیەکان ئەوەیە کە بۆچی ئێمە فەیلەسوفانی ڕۆژئاوا بناسین بۆچی ئەوان عاریفان و بیرمەندان و شاعیرانی ئێمە نەناسن.
باشتر دەبوو پرسیارەکە دەربارەی ناسینی شاعیرانی ڕۆژئاوا بوایە نەوەک ناسینی فەیلەسوفانی ڕۆژئاوا چونکە بابەتەکە دیداری ئەدەبیە نەوەک دیداری فەیلەسوفی...
لەوەڵامەکەیدا دیسان دکتۆر گرینگی دەدات بە گەڕانەوە بۆ شیعری کۆنی کلاسیکی سەرەڕای چۆنیەتی وەرگێرانی بەرهەمی شاعیرانی کوردی بۆ زمانەکانی ئەوروپی بەڵێ ئەمەش کەمتەرخەمی وەزارەتی ڕۆشەنبیریو ناوەندی زانکۆکان لێیبەرپرسن.
یەکێک لە پرسیارە جوانەکان .....
کێن ئەوانەی شیعریان خۆش ناوێ.
وەڵامە جوانەکەی دکتۆر....
تەکنۆکراتەکان، پسپۆرە سەرمایەدارەکان،ڕەخنەگرە پسپۆڕەکان، گەمژەکانی دنیای کەشخەیی، شاعیرە فاشیلەکان ئەوانەی کتێبی کەشخە چاپ دەکەن سەرۆکی هەرێم، کە زەوقی شیعری ئاستنزمە سەرۆکی حوکمەت کە بەحەیاتی خۆی شیعرێکی نەخوێندوتەوە، سەرۆکی پەرلەمان کە عەقڵێکی باوک سالاری ناشیرنی هەیە، جێگری سەرۆک کە ڕقی لە خوێندنەوەیە تەنانەت ڕۆژنامەی حیزبەکەشی ناخوێنێتەوە بڕوای بەخوێندنەوە نیە، سەرۆکی پارتی کەدەڵێ خۆشترین دەنگ بەلای من دەنگی تەقەیە..ترااااااققق.
ئاوازو نەغمەی سەر ئاوی کانی پممممم....کە لە دەنگی بولبولی پێخۆشترە...
ئەوانەی شیعریان خۆش ناوێ باستاردەکان، ئەوانەی بازرگانانی بە مرۆڤەوە دەکەن، ئەوانەی قاچاخچی بەجەستەی مرۆڤەوە دەکەن...گەندەڵکاران زۆرانی تریش.
دواجار ئەم کتێبە ئەتوانرێ وەک سەڕچاوەی زانستی شیعر ناسی وەک لێکۆڵینەوەی ئەدەبی شیعری فکری پشتی پێببەسترێت.
پسپۆریەتی دکتۆریش بەڵگەی تەوەری بابەتەکەیە.
کتێبێکە لێوان لێوە لە جوانی. وە بە ئیمتیاز گەڕانەوەیە بۆ سەردەمانی زێڕینی شیعرو شاعیرانی کوردی. دواجار دەس خۆشی بۆ پرسیارەکانی کاک ئارام وە وەڵامەکانی کاک دکتۆر ڕێبوارسیوەیلی.
بەرگی کتێبی بەرگری لە شیعر